محەمەد بن زاید واژۆکردنی رێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل بە برا بچووکەکەی دەسپێرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

محەمەد بن زاید واژۆکردنی رێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل بە برا بچووکەکەی دەسپێرێت

محەمەد بن زاید، شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی و جێگری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو، برا بچووکەکەی بۆ واژۆکردنی رێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل، رادەسپێرێت.

رۆژی یەکشەممە 13-9-2020، عەبدوڵڵا بن زاید ئال نەهیان، وەزیری دەرەوەی ئیمارات بە سەردانێکی فەرمی و لەسەر بانگهێشتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، گەیشتە واشنتن.

هەرچەندە بڕیاری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیمارات لەگەڵ ئیسرائیل لەلایەن محمەد بن زاید (لەدایکبووی 1961) درابوو، بەڵام خۆی لە رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتنەکە، ئامادە نابێت.

عەبدوڵڵا بن زاید (لەدایکبووی 1972) بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی و بە نوێنەرایەتیی خەلیفە بن زاید (لەدایکبووی 1948)ی سەرۆکی ئیمارات، کە برا گەورەی خۆیەتی، رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەبوزەبی و تەلئەڤیڤ لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، واژۆ دەکات.

بڕیارە رێککەوتنەکە رۆژی سێشەممە 15-9-2020 (سبەی) لە واشنتن و بە چاودێریی دۆناڵد ترەمپ واژۆ بکرێت.

لە رۆژی 13-8-2020، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، محەمەد بن زایدی شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی و بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئیمارات و راگرتنی لەخۆگرتنی ناوچە کێشەلەسەرەکانی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە، رێککەوتن.

دواتر لە رۆژی 12-9-2020، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دوای ئیمارات، بەحرێن پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکاتەوە.

وێنەیەکی محەمەد بن زاید و خەلیفە بن زاید