رووبار كاكەیی گۆرانییەكی نوێ بە شێوەزاری ماچۆ تۆمار دەكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

رووبار كاكەیی گۆرانییەكی نوێ بە شێوەزاری ماچۆ تۆمار دەكات

لەبارەی دۆزی كوردانی كاكەییە

ڕووبار ڕه‌شید یەكەمین خانمە هونەرمەندی كوردی كاكەییە لە باشووری كوردستان كە بۆ یه‌كه‌مین جار گۆرانییەكی به‌ شێوەزاری ماچۆ تۆمار دەكات و دەڵێ هێزه‌كانی عێراق رێگەیان نەداوە وێنه‌ی كلیپی گۆرانییه‌كه‌ی له‌ گۆڕستانی عه‌لی سه‌رای كاكه‌یی له‌ شارۆچكه‌ی داقووق بگرێت.


ڕووبار كە له‌دایكبووی ساڵی ١٩٨٧ی شاری كه‌ركووكه‌ و خێزانداره‌، دایکی كوڕێك و دوو كچە، یه‌كه‌م ئافره‌تی كوردی كاكه‌ییە لە باشوور كە گۆرانی ده‌ڵێ و توانیویەتی گۆرانی به‌ زاراوه‌ی ماچۆ تایبه‌ت به‌ كوردە كاكه‌ییه‌كان تۆمار بكات.


گۆرانییه‌كه‌ی باس له‌و كاره‌ساتانه‌ ده‌كات، كه‌ له‌ ساڵی ٢٠٠٣وه‌ به‌به‌رده‌وام به‌رۆكی كوردانی كاكه‌یی گرتووە به‌ ده‌ستی گرووپه‌ تیرۆریستەکان، كه‌ خەڵکیان لێ شه‌هید ده‌كرێ و ماڵوێران ده‌بن، گه‌نجیان ده‌ڕفێندرێن و كشتوكاڵیان ده‌سووتێنرێت، كه‌چی عێراق بێده‌نگه‌ و نایانپارێزێت.


خاتوو ڕووبار، له‌باره‌ی كاره‌ هونه‌رییه‌كه‌ی و ڕێگرییه‌كانی له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وە گوتی: ”به‌داخه‌وه‌ چه‌ندین جار به‌شێوه‌ی فه‌رمی داوامان له‌ هێزه‌كانی عێراق كرد، بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌ی به‌شێك له‌ كلیپی گۆرانییه‌كه‌ له‌ گۆڕستانی عه‌لی سه‌رای كاكه‌یی له‌ شارۆچكه‌ی داقووق وێنه‌ بگرین، كه‌چی ڕێگرییان لێ كردین و نه‌یانهێشت. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم، حكوومه‌تی عێراق به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت مافی ئێمه‌ی كاكه‌یی بدات؟“.


سەبارەت بە هاوکارەکانی بۆ بەئەنجام گەیاندنی ئەم بەرهەمە، ڕووبار ده‌ڵێت: ”گۆرانییه‌كه‌ ئاوازی فۆلكلۆری كاكه‌یی و شیعره‌كه‌ی له‌لایه‌ن یاسر عادل كاكه‌یی نووسراوه‌، دابه‌شكردنی ده‌نگ و تۆماركردنی لەلایەن ئاراس ڕه‌فعه‌ت بووە، زۆر سوپاسی هونه‌ر دیلۆن ده‌كه‌م، كه‌ وه‌ك خۆبه‌خش كاری ده‌رهێنه‌ر و وێنه‌ی كلیپه‌كه‌ی بۆ كردین، هه‌روه‌ها میوزكژه‌نه‌كانیش كاكه‌یین و به‌ خۆبه‌خشی كاریان تێدا كرد“.


له‌باره‌ی ڕێگرییه‌كانی به‌رده‌م ئه‌م به‌رهه‌مه‌، ڕووبار ده‌ڵێت: ”من و هه‌ژاری هاوسه‌رم وه‌ك هاوڕێی به‌رده‌وام مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ین، پێی گوتم بیرۆكه‌یه‌كی وا هه‌یه‌ و شیعره‌كه‌یشم بۆ هاتووه‌، ئه‌گه‌ر لاریت نییه‌ بۆ نایچڕیت، بۆ كاكه‌ییه‌كانی خۆمانه‌ و كاره‌ساته‌كان به‌ هونه‌ر ده‌گه‌یه‌نین، منیش گوتم ئاساییه‌ با كاری له‌سه‌ر بكه‌ین، ئه‌ویش به‌شێك له‌ گۆرانییه‌كه‌ی به ‌ده‌نگی خۆم تۆمار كرد و ناردی بۆ هونه‌رمه‌ند عیماد جاف، ڕاستی ئه‌ویش گوتی ده‌نگی خۆشه‌، به‌ڵام ده‌بێت پڕۆڤه‌ بكات، منیش دوای هه‌فته‌یه‌ك له‌ پڕۆڤه‌كردن، ئەوسا توانیم گۆرانییه‌كه‌ تۆمار بكه‌م“.


ڕووبار ده‌ڵێت: ”له‌ سه‌ره‌تادا له‌نێوان خۆم و هه‌ژاری هاوسه‌رم بوو، له‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی كلیپه‌كه‌، هه‌ندێك كه‌س له‌نێو كاكه‌ییەکان ڕه‌خنه‌یان گرت به‌وه‌ی عه‌یبه‌یه‌ ئافره‌تی كوردی كاكه‌یی گۆرانی بڵێت، به‌ڵام من به‌و پێیه‌ی هه‌ژاری هاوسه‌رم ڕۆژنامه‌نووسه‌ و پشتیوانمە، گوێمان به‌و جۆره‌ قسانه‌ نه‌دا“.


له‌باره‌ی كار و پرۆژەی دیکەی هونه‌ری، ڕووبار ده‌ڵێت: ”له‌دوای هاواری كاكه‌یی، سه‌رقاڵی كارێكی دیکەی هونه‌رییم بۆ كوردانی كاكەیی كە كەسوكاری خۆمن، به‌رهه‌می دیكه‌یشمان ده‌بێت، كه‌ ئه‌ویش به‌ شێوەزاری ماچۆیە و ده‌مه‌وێ ئه‌م شێوزارە‌ زیندوو بكه‌مه‌وه‌، چونكه‌ من خۆم له‌ ماڵه‌وه‌ له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی خۆم به‌ ماچۆ قسه‌ ده‌كه‌ین“.


سەبارەت بە وەئەستۆگرتنی خەرجیی بەرهەمە، ڕووبار گوتی: ”به‌رهه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌رکی خۆمان بووه‌، هه‌ندێك لایه‌ن و كۆمپانیا هه‌وڵیان دا سپۆنسه‌رمان بکەن، به‌ڵام ئێمه‌ بڕیارمان دابوو خۆمان بیكه‌ین، چونكه‌ یه‌كه‌م كار بوو، بۆیە لەسەر ئەرکی خۆمان بۆ ڕووحی كاكه‌ییه‌كان كردمان“.


سەبارەت بە گۆرانیی شادی، گوتی: ”نامه‌وێت ئه‌و جۆره‌ كارانه‌ بكه‌م، من ڕێچكه‌یه‌كی تایبه‌تی خۆم گرتووه‌ته‌ به‌ر، چونكه‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كانی من په‌یام و نامه‌ی نه‌هامه‌تییه‌كانە، له‌گه‌ڵ شانازییبوونی ئێمه‌ی كاكه‌یی وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی كورد، جگه‌ له‌ جلوبه‌رگی كوردییش، باوه‌ڕ ناكه‌م به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌ به‌ جلی مۆده‌وه‌ بکەم“.


سەبارەت بەو زمانانی دەیزانێ، ئاخۆ گۆرانییان پێ دەڵێ، ڕووبار دەڵێ: ”من كوردی و عه‌ره‌بی و توركمانی به‌ باشی ده‌زانم و كێشه‌م نییه‌، بۆ گۆرانی گوتنیش به‌و زمانانه‌، جارێ بیرمان لێ نه‌كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بیشڵێم بۆ خاك و نه‌ته‌وه‌ بێت، ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌یان بكه‌م، چونكه‌ وه‌ك گوتم من گۆرانی وه‌ك په‌یام و نامه‌یه‌ك ده‌چڕم، نه‌ك بۆ بازرگانی“.


لە کۆتاییدا دیمانەکەدا، ڕووبار رەشید گوتی: ”ده‌مه‌وێ كوردستان گرنگی به‌ كوردانی كاكەیی بدات و له‌ حكوومه‌ت ڕۆڵیان پێ بدات، گله‌ییم هه‌یه‌، كه‌ ئێمه‌ی كاكه‌یی ئەم دەڤەرە هیچ پۆستێكی گرنگمان له‌نێویاندا نییه‌، به‌تایبه‌تی له‌ سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسیی حزبەکان، ئه‌وه‌تا یه‌كێتی له‌ كۆنگره‌ی خۆی له‌ مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تیدا پۆستی به‌ كاكه‌یی نه‌داوه‌، هیوادارم پارتی له‌ ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ی خۆی له‌ ئاستی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی پۆست بۆ کاکەییەکان دیاری بكات، ئه‌گه‌ر به‌ كۆتاش بێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رێگای ئه‌و ئه‌ندامانه‌وه‌ كار بكرێت بۆ كاكه‌ییه‌كان و له‌نزیكه‌وه‌ له‌ كێشه‌ و گرفتی كاكه‌ییه‌كان ئاگادار بن“.