کورتەیەک لەبارەی مێژووی پەتا کوشندەکان لە جیهان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

کورتەیەک لەبارەی مێژووی پەتا کوشندەکان لە جیهان

پەتای کۆرۆنای نوێی ناسراو بە (کۆڤید- 19)، کە ئێستا بە جیهاندا بڵاو بووەتەوە، دەخرێتە ناو لیستی پەتا زۆر کوشندەکان، کە لە مێژوودا بەناو خەڵک و وڵاتاندا بڵاو بوونەتەوە.

لەناو لیستی پەتا کوشندەکاندا، پەتی (مەرگی رەش) کە بە تاعوون ناسراوە، کوشندەترین پەتا بووە لەناو تەواوی نەخۆشی و پەتاکاندا، ئەو پەتایە بووەتە هۆی کوشتنی نزیکەی 200 ملیۆن کەس لە جیهاندا لە سەدەی 14مدا.

تاعوونی دبلی

دوای پەتای تاعوون، نەخۆشییەکی دیکەی گوازەرەوە، کە ئەوکات چارەسەری بۆ نەدۆزراوەتەوە و لە بەکتریایەک بە ناوی (یرسینیا) دروست بووە، لەناو هەندێک گیانەوەر و زیندەوەردا ژیاوە، بەتایبەتی کرتێنەرەکان و کێچ و ئەسپێ. تاعوونی دبلی، دیارترین پەتای ئەم نەخۆشییەیە، کە نیشانەی وەرەمی لیمفاوی لەگەڵدایە لەسەر ران و ئەژنۆ، کە زۆر بە ئازارە و لە هەفتەی یەکەمی تووشبووندا زۆر بەخێرایی گەشە دەکات. بەناوبانگترین جۆری ئەو تاعوونە لە سەدەکانی ناوەڕاست و بە دیاریکراوی لە نێوان ساڵانی 1347 - 1352دا بوو بەناوی (مەرگی رەش)، بەهۆی ئەو رەنگە رەشەی لەگەڵ نەخۆشییەکەدا بووە و بووەتە هۆی مردن و پەککەوتنی هەندێک ئەندامی لەش، لەوانە پەنجەکانی دەست و پەنجەکانی پێ. ئەم پەتایە لەبەر ئەوەی سەرچاوەکەی بەکتریایە، ئێستا ئەگەری چارەسەری ئاسانە، بەهۆی دژە تەنە زیندووەکان.

پەتای خوریکە

پەتای (ئاوڵە) خوریکە کاتێ لە ساڵی 1520 بڵاو بووەوە، گیانی 56 ملیۆن کەسی لە جیهان ئەستاندووە. ئەوانەی تووشی ئەم نەخۆشییە بوون، هەندێک خاڵ و پۆرگیان لە پێستدا بەدەر دەکەوت، دواتر دەگۆڕا بۆ زیبکە و دوومەڵ و پاشان دەبوو بە چاڵی قووڵ. ئەوانەی لێیشی چاک دەبوونەوە و رزگاریان دەبوو، تووشی نابینایی و شێوان دەبوون.

خوریکە لە کوشندەترین پەتاکانە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، هەروەها زۆرترین بڵاوبوونەوەی لەناو کەسانی باڵغ و پێگەیشتوودا بووە،. دەگوترێ بووەتە هۆی مردنی 30%ی ئەوانەی بە درێژایی مێژوو تووشی هاتوون.

لە هەمانکاتدا خوریکە یەکەم نەخۆشی و پەتایە، کە مرۆڤ بەسەریدا زاڵ بووە و چارەسەری کردووە، دوایین حاڵەتی تووشبوونیش بە خوریکە لە ساڵی 1977 تۆمار کراوە. لە ساڵی 1980 رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رای گەیاند، کە نەخۆشییەکە بەتەواوی لەناو براوە.

ئەنفلەوەنزای ئیسپانی

ئەنفلەوەنزای ئیسپانی، کە لە کاتی یەکەم جەنگی جیهانیدا لە ئەورووپا و جیهان بڵاو بووەوە و ملیۆنان کەسی لەناو برد، بە یەکێک لە پەتا هەرە کوشندەکانی جیهان دادەنرێ. ئەم نەخۆشییە، کە لە ساڵی 1918 دەرکەوت، تەنیا لە ماوەی یەک ساڵدا 40 بۆ 50 ملیۆن کەسی کوشت. هەر بۆ زانین، چواریەکی دانیشتوانی جیهان تووشی ئەم پەتایە بوون.

ئەنفلەوەنزای ئیسپانی بەوە دەناسرێتەوە، کە زوو نیشانەی کوشندە لەسەر ئەوانە دەردەخات کە تەمەنیان لە 40 ساڵ بۆ خوارەوەیە، داتاکان ئەوە پیشان دەدەن کە 99%ی ئەوانەی بە پەتاکە مردوون، لە خوار 65 ساڵیدا بوونە و نیوەی ئەو ژمارەیەش تەمەنیان لە نێوان 20- 40 ساڵیدا بووە، بەڵام هۆکاری سەرەکیی مردن بەم پەتایە بەهۆی هەناسەتەنگی و خنکانەوە بووە، لە ئەنجامی هەوکردن و بەربوونی خوێن لە سییەکان.

 کۆرۆنای نوێ (کۆڤید- 19)

هەرچەندە پەتای کۆرۆنای نوێ (کۆڤید- 19) نەبووەتە هۆی کوشتنی ژمارەیەکی زۆری تووشبوان بە بەراورد بە پەتاکانی پێشتر، کە پێشتر لە جیهاندا بڵاو بوونەتەوە، بەڵام ئەم پەتایە نوێیە زیانێکی زۆر گەورەی مرۆیی و ئابووری لێ کەوتووەتەوە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە دەگوازرێتەوە و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە پەتایەکی جیهانی داناوە، لە کۆتایی ساڵی رابردوو (2019) لە شاری وهان لە چین سەری هەڵدا و تا ئەمڕۆ ژمارەی مردوان، هەروەها لە سەرانسەری جیهان، 20 ملیۆن و  734 هەزار و 964 کەس تووشبووی پەتاکە، چاک بوونەتەوە.

هەر بەپێی خشتەی ئەمڕۆ یەکشەممە 2020.9.13 تا ئێستا 925 هەزار و 292 کەس لە سەرانسەری جیهان بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە.