مەسرور بارزانی.. سەرۆك وەزیرانێك كە هێز و هیوا دەبەخشێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

مەسرور بارزانی.. سەرۆك وەزیرانێك كە هێز و هیوا دەبەخشێت

 

لەمێژە گوتراوە: ”ئەو زەبرەی نەتكوژێت، بەهێزت دەكات“.. رەنگە بۆ هەرێمی كوردستان راستتر و وردتر ئەوە بێت بڵێین: ”ئەو قەیرانەی نەتڕووخێنێت، بەهێزترت دەكات“. ئاخر هەرێمی كوردستان، كە تاكە قەوارەی سیاسیی دەستووری و یاسایی و دانپێدانراوی كورد و كوردستانیانی هەر چوار پارچەی كوردستانە، بە خاك و خەڵك و جوگرافیا و حكوومەت و دامەزراوە شەرعیەكانیاوە، جێی ئومێد و هیوان بۆ هەموو كوردانی جیهان. ئەمانە پێكەوە چەند بەهێز بن، كوردستان و كوردیش هێندە بەهێز دەبن، بێگومان پێچەوانەكەشی راستە.

كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتیی بەڕێز مەسرور بارزانی، بەراورد بەو هەموو قەیران و كێشە سەختانەی لە ماوەی ساڵێك تەمەنیدا رووبەڕوویان بووەوە، هەردوو لایەنەكەی تێدا بەدی دەكرێت هەم (هێز) هەم (هیوا)، لەو دووانەش گرنگتر، بوونی ویست و ئیرادەیە بۆ چاكسازی و سەركەوتن و پێشكەوتن، هەرسێ فاكتەریش، لە جدیبوون و رژدی و دڵگەرمیی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانیەوە، سەرچاوە دەگرن، دڵنیام ئەگەر كۆرۆنا و لێكەوتەكانی نەبوونایە، ئێستا هەموان یان زۆرینەی خەڵكی كوردستان، هاوڕام دەبوون لەم بۆچوونەدا.

ئێوە لە كاریگەرییەكانی كۆرۆنا و دەرهاویشتەكانی ورد بنەوە، ئنجا مەسرور بارزانی و ستافەكەی و تیمە وزارییەكەی هەڵسەنگێنن، من كارم بە موجامەلە و پێداهەڵگوتن نییە، بەڵام وەك كوردێك وەك هاووڵاتیەك، سەیری كار و پرۆژە و ئەنجام دەكەم، بەلای منەوە گرنگ نییە، سەرۆك وەزیران چەند وێنەی جوانی و لە چ گۆشەیەكەوە بڵاو دەبێتەوە، گرنگ نییە چەند لێدوان دەدات و چەند بەڵێن دەدات و چەند لیژنە بۆ چی و چی پێكدەهێنێت! گرنگ ئەوەیە ئەنجامی كار و بەڵێن و بڕیارەكان ببینم و ئەو ئەنجامەش بەرهەمدار بێت و هیوا و گەشبینی لای منی هاووڵاتی دروست بكات، هەروەها هەنگاوێك كوردستان ببابتە پێشەوە و هەست بە بوونی حكوومەتێكی خۆڕاگر و بەهێز بكەم لە وڵاتەكەمدا.

من دەبینم، لە زستانی ئەمساڵەوە كۆرۆنا و كێشە مرۆیی و تەندروستییەكانی، دابەزینی نرخی نەوت، دابەزینی رێژەی داهاتی ناوخۆیی، بڕینی پارە لە بەغداوە، قەرزاریی دەرەكی و نێوخۆیی، كێشەی سیاسیی ناوخۆیی كوردستان و ململانێی حزبەكان، جار بەجار فشار و شەڕفرۆشتنی وڵاتانی دراوسێ، بوونی میدیایەكی كوردی كە بەردەوام خەڵك بێ ئومێد و رەشبین دەكات، ناو بەناو دروستكردنی خۆپیشاندان و پشێوی و سووتاندنی دامودەزگا حكوومی و حزبییەكان، ئەمانە هەمووی پێكەوە نزیكەی هەشت مانگە بینەقاقای حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان گرتووە، دڵنیام كەم حكوومەت هەیە، لە یەك كاتدا بەرگەی ئەم هەموو فشارە بگرێت و دانەڕمێت، بەڵام بەراورد بەو كێشە و قەیران و تەنگژە گەورانە، سەرنجێكیش لە كار و هەنگاو و بڕیار و پرۆژەكانی كابینەكەی مەسرور بارزانی بدەن، ئنجا بەراوردێكی هەموو شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان و دۆخی كوردستان، لەگەڵ شارەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقدا بكەن، ئەوكات دەزانن سەرۆكایەتیكردنی حكوومەت چۆن دەبێت؟

تاكە شت كە حكوومەتی عێراق تیایدا باشتر بووە لە حكوومەت هەرێم، دابەشكردنی مووچەیە بە مونەزەمی كە دواتر هۆكارەكەی باس دەكەم، ئەگینا لە لایەنەكانی ترەوە، لە ئەمنیەت و ئازادیی رادەربڕینەوە تا ئاوەدانكاری و چاكسازی و پێشكەوتن و تەنانەت كۆرۆناش، حكوومەتی هەرێم سەد قاتی حكوومەتی عێراق جكوومەتتر و دەوڵەتدارتر و لەپێشترە، ئەی ئەوە نەبوو مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە بە شەقامی سەد و بیست مەتریی هەولێردا رۆیشت، لە بەڕێز مەسرور بارزانیی پرسیبوو: ئەم شەقامە چۆن دروست كراوە و چ كۆمپانیایەك جێبەجێی كردووە؟

پێوەند بە جیاوازیی دابەشكردنی مووچەی حكوومەتی عێراق و مووچەی حكوومەتی هەرێمیش، دیار و روونە كە هۆكارەكانی ئەوەن، حكوومەتی عێراق مووچە و بودجەی هەرێم یان نانێرێت، یاخود بە تەواوی نانێرێت و دەشتوانێ هەم قەرز بكات و هەمیش لە یەدەگی نەقدیی عێراقیش رابكیشێت، كە لەمەیاندا حكوومەتی هەرێم لەرووی یاساییەوە ناتوانێ ئەوە بكات.


سەیر كەن، حكوومەتەكەی مەسرور بارزانی، لە سلێمانی و هەڵەبجەوە پرۆژە و خزمەتگوزاریی گرنگی پێشكەش كردووە كە هەر هەموویان، لە ئایندەی نزیكدا، هاووڵاتیان هەست بە گرنگییەكەی دەكەن.

من لە بەلجیكا دەژیم، ئەو كوردستانیە بەڕێزانەی لەم وڵاتەدا دەژین یان ماوەیەك تیایدا ماونەتەوە، دەزانن بەلجیكا یەكێك لە وڵاتە هەرە گرنگەكانی ئەورووپایە و لە زۆر بواردا یەكجار پێشكەوتووە، نەخاسمە بواری تەندروستی، كەچی رێژەی مردووانی كۆرۆنا بەراورد بە تووشبووان لە بەلجیكا سەدا 10 زیاترە، لێ لە كوردستان رێژەی مردووان سەدا 4ە، هەمووشتان جیاوازیی نێوان هەردوو حكوومەت لە توانای دارایی و تەندروستییاندا دەزانن، بۆیە باسی ناكەم.

رێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی عێراق، سەردانی شاندە باڵاكان و وەزیرە ئەورووپییەكان بۆ هەولێر و سەردانی سەرۆك وەزیران و شاندەكانی كوردستان بۆ دەرەوەش، مژدەی هەستانەوە و پێشكەوتنی پەیوەندیی دیبلۆماسییەكانی هەرێمی كوردستانمان پێ دەدەن.


دۆخی كوردستان سەخت بوو، قەیران و تەنگژە گەورە بوون، بەڵام سوپاس بۆ خوا، دەركەوت مەسرور بارزانی و حكوومەتەكەی زۆر لە قەیران و دۆخی سەخت، گەورەترن، ئەو سەرۆك وەزیرانێكە، زۆر بە ئارامی، هێز و هیوا و ئیرادە دەبەخشێت بە گەلەكەی.