حکوومەتی بەحرێن لەبارەی ئیسرائیلەوە وەڵامی ئێران دەداتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

حکوومەتی بەحرێن لەبارەی ئیسرائیلەوە وەڵامی ئێران دەداتەوە

وەزیری دەرەوەی شانشینی بەحرێن لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەداتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 13-9-2020، عەبدوللەتیف بن راشد زەییانی، وەزیری دەرەوەی بەحرێن بە کەناڵی (ئەلعەرەبییە)ی راگەیاندووە، بەحرێن وڵاتێکی خاوەن سەروەرییە و دەستوەردانی ئێران لەکاروباری ناوخۆ و بڕیارەکانی، رەت دەکاتەوە.

عەبدوللەتیف بن راشد زەییانی هەروەها رایگەیاندووە، ئێران بۆ تێکدانی سەقامگیری و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پاڵپشتیی میلیشیاکانی ناوچەکە دەکات.

رۆژی شەممە (دوێنێ) بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندبوو، رێککەوتنی بەحرێن و ئیسرائیل ”لەکەی شەرمەزارییە و هەنگاوێکی سەرکزانەیە بۆ کردنە قوربانیی کێشەی فەلەستین لە بەرژەوەندیی هەڵبژاردنی ئەمریکا“.

رۆژی شەممە 12-9-2020، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دوای ئیمارات، بەحرێن پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکاتەوە.

پێشتریش لە رۆژی 13-8-2020، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، محەمەد بن زایدی شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی و بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئیمارات و راگرتنی لەخۆگرتنی ناوچە کێشەلەسەرەکانی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە، رێککەوتن.