من ناڵێم، بەڵكوو ژمارەكان دەڵێن ئەمە حكوومەتی ھەرێمە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

من ناڵێم، بەڵكوو ژمارەكان دەڵێن ئەمە حكوومەتی ھەرێمە


سەرەتای بڵابوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان، سیاسەتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا ئەوە بوو كە تەندرووستیی ھاووڵاتیانی ھەرێمی لە پارە پەیداكردن لا گرنگتر بوو، دوو مانگی یەكەمی كاتی بڵاوبوونەوەی پەتاكە كە قەدەغەی ھاتوچۆی تێدا ڕاگەیەنرا، لەڕووی ئابوورییەوە و بە ھۆی دابەزینی نرخی نەوت بۆ نزیكەی 20 دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێك ئەو داھاتەی كە بۆ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەمایەوە نزیك بوو لە سفر دۆلار. ئەگەر حكوومەتی ھەرێمی كوردستان مەبەستی یەكەمی پاراستنی ژیان و گیانی ھاووڵاتیانی خۆی نەبوایە، قەدەغەی ھاتوچۆی ڕانەدەگەیاند، ئەگەر كۆكردنەوەی پارە و داھات بۆ حكوومەت ئامانجی لەپێشینە بوایە، ئەگەر ھاتوچۆی بازرگانی و جووڵەی بازاڕ و دەوامی وەزارەت و فەرمانگەكان ھەر بەشێوەیەكی ئاسایی وەك پێش بڵاوبوونەوەی پەتاكە بڕۆییشتایە، داھاتی ناوخۆش لەو ماوەیەدا لە مانگانەی 250 ملیۆن دۆلارەوە نەدەھاتە نزیكەی 60 ملیۆن دۆلار و تەنھا بۆ مووچەی مانگانەش حكوومەت پێویستی بە 755 ملیۆن دۆلار بێت و بڕینەكەی بەغداشی بەسەردا بێت! دە ئینجا وەرە بە 60 ملیۆن دۆلارەوە 755 ملیۆن دۆلار مانگانە دابەش بكە و بودجەی پێویستیش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا تەرخان بكە و ھەتا ڕادەیەكی زۆریش تێیدا سەركەوتوو بە. با من نەڵێم حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەو بارودۆخە داراییە خراپ و ناھەموارەوە ھەتا ئێستا لە ڕووبەرووبوونەوەی كۆرۆنا سەركەوتوو بووە، با لەجیاتی من ئەم ژمارانە قسە بكەن... ھەتا ئەو كاتەی كە ئەم وتارەی تیا دەنووسم لەسەر ئاستی دنیا، نموونەی 4 وڵاتم ھەڵبژاردووە بۆ خستنەڕووی ژمارەی تووشبووان و مردووان بە كۆرۆنا، فەرموون:

1 - ژمارەی تووشبووان لە ئەمەریكا 667600 كەسن لەم ژمارەیە 198127 كەسیان مردوون كەواتە لە سەتا 3ی تووشبووان مردوون

2 - ژمارەی تووشبووان لە بەرازیل 4315858 كەسن لەو ژمارەیە 131000 كەسیان مردوون كەواتە نزیكەی لە سەتا 4ی تووشبووان مردوون.

3- ژمارەی تووشبووان لە فەرەنسا 373911 كەسن لەو ژمارەیە 30910 كەسیان مردوون كەواتە لە سەتا 8ی تووشبووان مردوون.

4- ژمارەی تووشبووان لە ئیتاڵیا 286297 كەسن لەو ژمارەیە 35603 كەسیان مردوون كەواتە لە سەتا 12ی تووشبووان مردوون.

5 - ژمارەی تووشبووان لە ھەرێمی كوردستان 35409 كەسن، لەو ژمارەیە 1308 كەسیان مردوون كەواتە نزیكەی لە سەتا 4ی تووشبووان مردوون، دە ئینجا:

وەرن، ئابووریی ئەو چوار دەوڵەتە، مێژووی دروستبوونی ئەو چوار دەوڵەتە، توانای دارایی ئەو 4 دەوڵەتە، توانای كەرتی تەندروستیی ئەو چوار دەوڵەتە، ڕادەی ھۆشیاریی خەڵك بەگشتی و ھۆشیاریی تەندروستیی ھاووڵاتیانی ئەو 4 دەوڵەتە لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا كە دەوڵەتیش نیە بەراورد بكە بەو ژمارانەی لەو 4 خاڵەی پێشووتردا ئاماژەم پێكردووە، بزانە ئایا لە رووبەرووبوونەوەی كۆرۆنادا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەتا چەند سەركەوتوو بووە، ئەوانەی دامناوە زمانی ژمارەن، ئەوە زمانی شەڕە جنێوی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان نیە.