لە كەركووك پەیكەرێك بۆ هونەرمەند سابیر كوردستانی دروست دەكرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لە كەركووك پەیكەرێك بۆ هونەرمەند سابیر كوردستانی دروست دەكرێت

بڕیارە لە شاری كەركووك، پەیكەرێك بۆ هونەرمەندی كۆچكردوو سابیر كوردستانی دروست بكرێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە 13/9/2020 ستار جباری، نووسەر و رۆژنامەنووسی دیاری شاری كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بیرۆكەی ئەوەم لا دروست بوو كە پەیكەرێك بۆ هونەرمەندی كۆچكردوو سابیر كوردستانی لە كەركووك دروست بكرێت و بۆ ئەو مەبەستە لە پەیجی خۆم بڵاوم كردەوە كە هەروەك چۆن پەیكەرێك بۆ هونەرمەند عەتا چاوشین لە سلێمانی دروست كرا، داوا دەكەم بەو شێوەیەش پەیكەرێك بۆ هونەرمەند سابیر كوردستانی لە كەركووك دروست بكرێت".

گوتیشی: "د. تەها رەسووڵ، سەرۆکی دەزگای ڕۆشنبیری جەمال عیرفان، ئامادەیی دەربڕی و پەیوەندیی پێمەوە كرد كە ئەو ئامادەیە ئەركی ئەو پەیكەرەش لە ئەستۆ بگرێت، ئێستاش بڕیارە دوای وەرگرتنی رەزامەندی لە شارەوانیی كەركووك بۆ دابینكردنی شوێنێك لە كەركووك یەكسەر پەیكەرەكە دروست دەكرێت".

مانگی رابردوو هونەرمەندی گۆرانیبێژی دیاری كورد سابیر كوردستانی، پاش تەمەنێک خزمەت بە هونەری گۆرانی و مۆسیقای کوردی لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا بەهۆی توشبووی بە پەتای كۆرۆناوە گیانی لەدەست دا و پاشان لە گۆڕستانی گەڕەكی "ڕەحیم ئاوا"ی شاری كەركووك بە خاك سپێردرا و بەناوبانگرتین گۆرانییەكانی ئەو هونەرمەندە (من غەریب)مە كە هەمیشە لەسەر زاری هەوادارەكانیەتی.