قاچاخچییەک بەهۆی دەستدرێژیکردنە سەر ژنێکی کورد بە 40 ساڵ زیندانیکردن سزا درا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

قاچاخچییەک بەهۆی دەستدرێژیکردنە سەر ژنێکی کورد بە 40 ساڵ زیندانیکردن سزا درا

بەهۆی دەستدرێژیکردنە سەر ژنێکی کورد، قاچاخچییەک لە یۆنان بە 40 ساڵ زیندانیکردن سزا درا.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی (پشتی نیوز)، کە گرنگیی بە هەواڵی کوردانی یۆنان دەدات، قاچاخچییەکە خەڵکی ئێرانە (بەبێ ئاماژەکردن بەوەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە یان ئێران) و دەستدرێژیی سێکسی کردبووە سەر ژنێکی کوردی تەمەن 34 ساڵ.

قاچاخچییەکە، کە تەمەنی 37 ساڵە، لە ئیستەنبوڵ لەگەڵ هاوسەری ژنە کوردەکە (تەمەنی 43 ساڵە) رێککەوتووە بۆ گەیاندنی ئەو ژن و مێردە و دوو منداڵەکەیان بە یۆنان بە پێنج هەزار یۆرۆ بۆ هەر نەفەرێک.

هەروەک ئەو ماڵپەڕە بڵاوی کردووەتەوە، قاچاخچییە ئێرانییەکە سەرەتا هاوسەری ژنەکەی گەیاندووەتە یۆنان و دواتریش لە ئیستەنبوڵ لەژێر هەڕەشەی کوشتن و هەموو شەوێک لە بەرچاوی دوو منداڵەکە، دەستدرێژی کردووەتە سەر ژنە کوردەکە.

دوای شەش مانگ، قاچاخچییەکەژن و منداڵەکان دەگەیەنێت یۆنان و لەسەر سنوور لەلایەن هێزە چەکدارەکانی یۆنانەوە دەستگیر دەکرێن و دەگوازرێنەوە بۆ کەمپێکی شاری ساڵۆنیک نیشتەجێ بوون و لەوێش ئەو قاچاخچییە دەستدرێژی کردووەتە سەر ژنەکە و دووگیانی کردووە.

دوای ماوەیەک، ژنەکە لە بنکەی رێکخراوی پەنابەرانی نێودەوڵەتی (IOM) لە یۆنان، چیرۆکی دەستدرێژییەکانی ئەو قاچاخچییە دەگێڕێتەوە و پۆلیسی یۆنانی قاچاخچییەکەی لە مانگی 6ـی. 2019، دەستگیر کرد.

هەفتەی رابردوو دادگای ساڵۆنیک بڕیاری پێبژاردنی بڕی 120 هەزار یۆرۆ و زیندانیکردنی ئەو قاچاخچییەی بۆ ماوەی 40 ساڵ دا و رایگەیاند، قاچاخچیەکە دەتوانێ دوای 20 ساڵ، داوای ئازادکردن بکات.