دێرینترین فافۆنفرۆشی ھەولێر
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دێرینترین فافۆنفرۆشی ھەولێر

 

نەوزاد ساڵح خۆشناو کە نزیکەی ٣٠ ساڵە لە شاری هەولێر کەلوپەلی لە فافۆن دروستکراو دەفرۆشێ، دەڵێ دێرینترین فافۆنفرۆشی هەولێرم، لە دیدارێکی کورتدا باس لە پیشەکەی خۆی دەکات. 

نەوزاد، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "من لە تەمەنێکی زۆر زوو  ١٣ ساڵ بووم لەگەڵ برایەکەم  ھاتمە نێو کاری فافۆنفرۆشی، سەرەتا شاگرد بووم، بەڵام براکەم وازی ھێنا، ئیستا کارەکەم پەرەپێداوە،  ٣ شاگردم ھەیە و دێرینترین فافۆنفرۆشی ھەولێرم".

خۆشناو لە ساڵی ١٩٧٨ لە ھەولێر لە دایکبووە، لە ساڵی ١٩٩١وە کاری فافۆن دەکات، روونی کردوە لە بازاڕی ھەولێر خەڵکی تاک تاکە ماوە کاری فافۆنفرۆشی بکات، بەڵام ئەو بەردەوامە و پەرەی بە کارەکەی داوە، گوتیشی: "ئێستا باشترین ئەزموونم لە کارەکە وەرگرتووە و زۆربەی کڕیارانی فافۆن دەمناسن، لە ساڵی ١٩٩١وە کە دەکاتە ٢٩ ساڵ بەبێ دابڕان بەردەوامم".

ئەو دەشڵێت: "بە گشتی ١٠٠جۆر فافۆنم  ھەیە و لەو ١٠٠ جۆرەش دەیان بابەتی جۆراوجۆرم ھەیە، لە ١١ وڵات لە ھیندستان و پاکستان و ئیمارات و تورکیا و تایوان و چین و ئێران و تورکیا و چەند وڵاتێکی تر فافۆن دەھێنم، ھەروەھا چەند جۆرە فافۆنێکی ناوخۆیی کوردستان و عێراقیشم ھەیە".

خۆشناو ئاماژەی بەوەشدا فافۆنی ھەیە، کەمترین نرخی،٥٠٠  دینارە، بەرزترین نرخیشی دەگاتە ٣٠٠ ھەزار دینار.

ئەو کاتێک بیرۆکەی شتێک یان کاڵایەکی ھەیە، خۆی لە وڵاتی بەرھەمھێنەر داوای دەکات، گوتی: "لەسەر بیرۆکەی خۆم شت دروست دەکەم دەچمە وڵاتان داوای شێوازی تایبت دەکەم، بۆنمونە کەوگیری کەبابم دەینم ھێناوە، ھەروەھا جامی ستیلی تایبەتی نێو سەلاجەم ھێناوە".

کڕیارەکانی نەوزاد تەنھا خۆماڵی و کوردستانی نین، بەڵکو لە دەرەوەی وڵاتیش کڕیاری تایبەتی ھەیە، دەشڵێت:"لە ئەڵمانیا ھاتوون تاخمێکی مەقریان کڕیووە، مشتەریم ھەیە لە کەنەدای دێت، خەڵکی باشووری عێراق لە بەسرە ھاتوونەتەلام و فافۆنیان بردووە".