ڕاستە کوردبوون سەختە، بەڵام سەربڵندیە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ڕاستە کوردبوون سەختە، بەڵام سەربڵندیە

 

لە سەروبەندی دۆڕانەکانی ئەڵمانیا لە جەنگی جیهانیی دووەمدا، کاتێك لە لایەکەوە سوپای سووری ڕووس نەک تەنیا ستالینگرادیان ئازاد کرد، بگرە هێدی هێدی خەونەکانی (ئارییەکان بەرزترین توخمی مرۆڤایەتین)یان لەگۆڕ دەنا و بە قووڵایی ئەڵمانیا هێزەکانیان پێشڕەوییان دەکرد، لە قۆڵێکیتری گرنگی ئەم جەنگەشەوە هاوپەیمانان لە دوای شەڕی نۆرماندی بەرەی شەڕیان لە هیتلەر تەسکتر کرد و ئەوانیش هێدی هێدی لە باشوورەوە نازیستیان دەخنکاند و هاتنە ناو خاکی جێرمانیش، سێچارەکی میللەتی ئەڵەمان گەیشتبوونە قەناعەتی تەواو کەوا هیتلەر تووشی کارەساتێکی گەورەی کردوون و نەک درووشمی ئارییەکان بەرزترین جینسی دونیان کەوتۆتە هەڕەشەوە، بگرە خەڵک دڵنیابوو کە ئەوەی ناوی ئەڵمانیا و ئەڵمانە خەریکە لەناودەچێ!


دەیان ڕێکخراو و هەزارەها چالاکوان لە سەرەتای جەنگەوە هەڵمەتی خۆیان دەستپێکردبوو لە دژی هیتلەر و دار و دەستەکەی، سیخوڕ و لۆبیی زۆربەی وڵاتانی زلهێز لەناو ئەڵمانیا ئیشیان لەسەر ئەوە دەکرد شەقام بجووڵێنن لە دژی هیتلەر و شکست بە پیلانەکانی بێنن. بەڵام کەسیان سەرنەکەوتن!


هیتلەر هەموو پیلانە ڕەشەکانی خۆی لەسەر یەک پرس بونیاد کردبوو، (ئەڵمانەکان هەرگیز لە هەمبەر ناسنامە و هەستی نەتەوایەتییان سڵ ناکەنەوە و تووشی هەزارەها نەهامەتیشیان بکات، هەر لەکۆتایی ئەوان ئەڵەمان دەمێننەوە)!


شار و لادێ نەمابوون وێران نەکرابن، هەموو میدیای ئەورووپا ئەڵمانی ناشیرین کرد، کار و کاسبی هیچ نەمابوو، وڵاتێکی وێرانی دۆڕاوی دەست دیکتاتۆرێکی شێت جێ مابوو، بەڵام بەپێی هەموو بەڵگە مێژووییەکان، تا ئەمڕۆش هیچ هاووڵاتیەکی ئەڵمان دژی ئەڵمانبوونی خۆی نەوەستایەوە، تەنانەت دوای نەمانی هیتلەریش، هەموو خەڵکی ئەڵەمانیا بە نوێنەر و بەرپرسەکانی خۆیان ڕاگەیاندبوو (هەرگیز قەبووڵ ناکەین لە دانوستان و کۆبوونەوەکانتان لەگەڵ هاوپەیمانان و نەتەوە یەکگرتووەکان وانیشان بدەن ئەڵمان توخمێکی نزمە!).


تا ئەمڕۆش لەگەڵ هەر ئەڵمانییەک باسی ئەم مێژووە بکەیت، پێت دەڵێن (هیتلەر دێن و دەڕۆن، بەڵام ئەڵمان هەر شای مەخلوقاتن و سەر بۆ كەس شۆڕ ناکەن)!


تورک و فارس و عەرەبیش (وەک نەتەوە دەڵێم) تا ئەمڕۆ لەگەڵ هەموو شكست یان ناڕازیبوونیان لە ڕژێم و دەسەڵاتەکانیان، کاتێ دەگاتە پرسە نەتەوەییەکەیان، وەکو گورگ گەلەکۆمە دەکەن و چاوپۆشی لە هەموو پێشێلکاری و کەمتەرخەمیی ناوخۆی حکوومەتەکانیان دەکەن و دەڵێن: (پرسی نەتەوەیی بوونمان هێڵی سوورە!)


ئێ خۆ هیچێک لەم نەتەوانە لە بەهەشت ناژین، ڕژێم و حکوومەتەکانیان چی خراپ نەماوە پێیان نەکەن، کەچی پرسی نەتەوایەتی لای ئەوان موقەدەساتی یەکەمین و دواییە!


کوردی داماویش، بە لایەوە زۆر گرنگە نەک تەنیا بەرپرسی وڵاتێک، باڵیۆزێک، بگرە عارەبانچییەکی بێگانە (حورمەتم هەیە کە پیشەیەکی پیرۆزە تەنیا مەبەستم جیاوازیی پیشەکانە) ئەگەر بە کوردی دوو قسە بکات، میدیاکانمان پێشی خەڵکەکە دەیکەن بە هەڵڵا!


کوردبوون بۆ هێندە بۆتە کارێکی زەحمەت و هەموومان پەنا دەبەینە بەر پاساوی زۆر بێ مانا بۆ ئەوەی لاوازی و بێباوەڕیی ئینتیما نیشان بدەین؟!


دڵنیا بن من پێمخۆش نییە ڕەوش و ژیانی هاووڵاتیان لەم بارودۆخەدایە و منیش هیچ نەبێ خزم و کەسوکار و هاوڕێیە خۆشەویستەکانم وەک هەمووتان لەم موعاناتە دەژین، منیش وەک ئێوە پێم وایە هەندێ تواناییم هەیە ڕۆژانە ئازار بەوە دەچێژم کە دەتوانم خزمەتێکی چاک و دروستی وڵات و کەسوکار و هاونیشتمانییانی خۆمی پێ بکەم نەوەک بێگانە. منیش وەکو ئێوە دەیان تێبینی و ڕەخنە و گلەییم هەیە، بەڵام زۆر ڕاشکاوانەش پێتان دەڵێم نەک ئەم حکوومەتە و دەسەڵاتەی ئێستای هەرێم، بگرە ئەوانەی پێشی ئەمەش لەنێو کۆڵێک دژایەتیی هەرێمی و نێودەوڵەتی و هاوکێشەی قورسی وڵاتانی زلهێز بوون، ئینجا زۆر بەداخەوە دەیان و سەدان پیلان و خۆفرۆشی و تێکدەریی لەناوخۆدا بۆ تەنیا دەستکەوتنی پلەیەک یان موچەیەکی خەیاڵی یان شیرینییەکی خیانەتکاری لەم و لەو، چۆن حکوومەتێک و کام حکوومەت دەتوانێ میللەتێکی خۆشباوەڕ بەڕێوە ببات!


بەڵێ گەندەڵی زۆر هەبووە و بەردەوامیشە، بەڵێ ناهەقی هەبووە و بەردوامیشە، بەڵام بۆ دەستبەجێ یەخەی دەسەڵات دەگرن؟! پەروەردەی حزبەکانە؟! نەخێر. هەر ئەوانەن چەپڵەیان بۆ سەدامێکی دکتاتۆر لێدەدا و ئەمڕۆ دەیانەوێ بە پاساوی (زوڵمی دەسەڵات) هەمان چەپڵە لێبدەن.


پێتان خۆش بێ یان ناخۆش، ئەم دەسەڵات و حکوومەتە لە ناخی ئێوەوە هەڵقووڵاوە، ئەرک و بەرپرسیارێتیی هەموومانە لە سەقەتییەکان هۆشیاری بکەینەوە و لە کردە چاکەکان چۆن چەپڵە بۆ بێگانە لێدەدەین، ئاواش چەپڵەی بۆ لێبدەین.


ڕەوشی خراپی جیهان لە ڕووی ئابووری جێگەی باوەڕتان نەبێ، ئەم هەموو دژایەتییەی هەرێمی کوردستان دەکرێ جێگەی باوەڕتان نەبێ، ئەم هەموو فرت و فێڵ و بەدفورسەتییەی بەزەقەی چاوتان ڕۆژانە دەکرێن بۆ لێکترازاندنی نێو شارە جوانەکانی هەرێمی كوردستان، جێگەی باوەڕتان نەبێ.


ئیدی خۆ هەمووتان ڕۆشنبیر و تێگەیشتوون، یارییەکی گەورەیە دیسان بە کورد دەکرێ. هێندەی تورک و عەرەب و فارسیش خراپمان بەسەر نەهاتووە بڕواتان بێ. هێندەی ئەڵمانەکانیش لە ڕووی جیهانییەوە مێژوومان ڕەش نیە. کەچی زۆر بوێرانە و سەربەرزانە ئێستاش شانازی بە نەتەوەکانی خۆیان دەکەن و هەزار تێبینی و ڕەخنەشیان لە دەسەڵات هەبێ، بۆ هیچ کەسێک ناڵێن (هەلا بیک هەلا)!