شوێنەوارەکانی پێکهاتە ئایینییەکان لە کوردستان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

شوێنەوارەکانی پێکهاتە ئایینییەکان لە کوردستان

شوێنەوارەکانی ئایینی ئێزدی - 1

لە درێژەی زنجیرە بابەتی شوێنەواری پێکهاتە ئایینییەکان و باسکردن لە چۆنیەتیی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەی ئایینەکان و ئەو شوێنەوارانەی لێیان بەجێ ماوە، لە زنجیرەی سێیەمدا باس لە ئایینێک دەکەین، کە بە یەکێک لە ئایینە کۆنەکانی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت.

ئایینی ئێزدی
ئێزدی یەکێکە لە ئایینە هەرە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا و بەتایبەتی کوردستان، کە سەرەتا لە چیای لالشی سەر بە پارێزگای دهۆک سەری هەڵداوە و دواتر بە تێپەڕینی کات، لە ناوچەکانی دیکە بڵاو بووەتەوە.

ناو و وشەی ئێزدی
ناوی ئێزدییەکان لە وشەی ئێزەد، یەزەدە، یەزدان، یەزەت، کە بە واتای خوا یان (اللە) دێت سەرچاوەی گرتووە، کە بە واتای شوێنکەوتووەکانی خوای گەورە دێت.


بە گوتەی سەرچاوەکان، ریشەی وشەی (ئێزدی) لە زمانە کۆنەکان بەو شێوازانەی خوارەوە هاتووە:
لە زمانی ئاڤێستادا وشەی (Yazata)، کە بە واتای شایانی پەرستش هاتووە.
لە زمانی پەهلەوی، وشەی (yazd) و لە زمانی سانسکریت وشەی (yazata) هاتووە.
هەروەها لە زمانی سۆمەری وشەی (ئی- زی- دی) هاتووە، کە مانای پاکەکان دەدا، واتا ئەو کەسانەی رێگەی راستیان هەڵبژاردووە.

سەرەتای دروستبوونی ئێزدی
ئێزدییەکان لەو بڕوایەدان، کە ئایینەکەیان سەرەکیترین ئایینی یەکتاپەرەستییە، هەروەها بڕوایان وایە خوا هەر لە سەرەتاوە ئەوانی وەک ئێزدی خەڵق کردووە، واتا ئەوان پێیان وایە، کە لەگەڵ ئەفراندنیان ئێزدی بوونە و ئایینەکەشیان ئایینێکە لەگەڵ سەرەتای دروستبوونی مرۆڤایەتی، لەگەڵ ئەم خەڵکە هاتووتە خوارەوە.

بنەمای ئایینەکە
ئێزدی بە یەکێک لەو ئایینانە دادەنرێت، کە درێژەپێدەری ئایینی میتراییسمە و یەکێک لەو ئایینانەیە، کە لەسەر بنەمای یەکتاپەرستی و خواپەرستی بنیات نراوە، واتا پەیڕەوانی ئایینی ئێزدی بڕوایان بە خواوەندێکی تاک هەیە، کە هەموو کەون و مرۆڤایەتیی دروست کردووە و سەرچاوەی ئەفراندنە.


لە ئایینی ئێزدیدا هاوبەش بۆ خوا دانانریت، ئەوان بڕوایان بە خێر و شەڕ و رۆژی دوایی هەیە.


پەیڕەوانی ئەم ئایینە بڕوایان بە (دۆنادۆن) یان (کراس گۆڕین) واتا گواستنەوەی گیان لە جەستەیەکەوە بۆ جەستەیەکی تر هەیە.


لەم ئایینەدا کوشتن و زینا و سوو لە کارە قەدەغەکراو و خراپەکانن.


مۆركردن، واته‌ لە ئاو هەڵکێشان (تەعمیدکردن)، نوێژ، رۆژوو، زیارەتی پەرەستگای لالش، بەشداریکردن لە رێوەڕەسمە ئایینییەکان و سوننەت کردن، چەندین بنەمای گرنگی ئەم ئایینەن.


خۆر پیرۆزییەکی تایبەتی لای بڕوادارانی ئەم ئایینە هەیە، بەو رادەیەی، کە یەکێک لە پێنج نوێژی رۆژانەیان تایبەت کراوە بۆ خۆر، واتا لە کاتی خۆرهەڵاتن لە بەرامبەر هەتاودا رادەوه‌ستن و خاک ماچ دەکەن و نوێژ دەکەن و ئەمە پێی دەگوترێت (نوێژی خۆر).


جگە لە نوێژی خۆر، لەم ئایینەدا چوار نوێژی تر هەن، کە بریتین لە نوێژەکانی شەبەق (بەری بەیان)، بەیانی (خۆرهەڵاتن)، ئێوارە و نوێژی خەوتنان، کە نوێژی (شایەتمانی ئایین)یشی پێ دەگوترێت.


لەگەڵ هەر نوێژێکیش روو لە هەتاو رادەوەستن، ئەویش لەو بڕوایە سەرچاوەی گرتووە، کە هەموو رووناکییەکان لە هەتاوەوە سەرچاوە دەگرن.


لە ئایینی ئێزدیدا نوێژ بە زمانی کوردی دەخوێندرێت و لە تەواوی کاتی نوێژدا، نوێژکەر دەبێ بە پێوە راوەستێت. لەم ئایینەدا نوێژ بەکۆمەڵ نییە و دەبێت لە شوێنێک، کە لە چاوی خەڵک دوور بێت و قەرەباڵخ نەبێت ئەم سرووتە دینییە جێبەجێ بکرێت.


رۆژ، هەتاو یان خۆر، لەم ئایینەدا ئەوەندە جێگای بەرز و باڵای هەیە، کە نوێژکەری ئێزدی دەبێت لە کۆتایی هەموو نوێژێک، نزایەک بۆ خۆر بکات، کە (نزای خۆر)ی پێ دەگوترێت، کە بە گوتەی سەرچاوەکان، ئەم نزایە بۆ کەسایەتییەکی ئایینی بە ناوی (شێخ ئادی) دەگەڕێتەوە.

مەلەک تاووس
لە ئایینی ئێزدیدا جگە لە خوای گەورە، کە سەرچاوەی هێز و ئەفراندنە، زۆر رێز لە فریشتەیەک دەگرن بە ناوی (مەلەک تاووس).


مەلەک تاووس لە ئایینی ئێزدیدا پێگەیەکی زۆر بەرز و تایبەتی هەیە، بەو رادەیەی، کە لەدوای خوای گەورە و تاک، دەبێتە جێی بڕوا و ستایش. لە سەرچاوەکاندا زۆر بە جیاوازی باس لە ئەفراندن و پێگەی مەلەک تاووس دەکرێت، بەڵام باوترین بڕوا و را، کە هی توێژەرانی ئێزدییە، وا دەڵێ، کە "مەلەک تاووس لە سەرەتاوە بوونی نەبووە، بەڵکوو خوا ئەفراندوویەتی و کردوویەتی بە سەرۆکی ئەو حەوت فریشتەیەی دنیا بەڕێوە دەبەن، کە هەر یەکێکیان لە بوارێکدا چاودێریی کاری دنیا دەکەن”.


ئێزدییەکان بڕوایان وایە، کە خوا بۆیە مەلەک تاووسی ئەفراندووە و گەورەترین پێگەی پێ دا و، بۆ ئەوەی تەواوی کاروباری دنیا و بوون بداتە دەست ئەو، بەتایبەت کاروباری گەلی ئێزدی بۆ بەخشین و هیدایەتکردن و پرس و را، هەروەها خوا بەهۆی مەلەک تاووسەوە لە گوناهەکانی ئێزدییەکان خۆش دەبێت، بۆیە ئەمانە وایان کردووە، کە هەندێ جار ئەم هێزە بکەوێتە سەرەوەی هێز و بوونی خوا و مەلەک تاووس وەک خوا و تاکە هێز بناسرێت.


ئێزدییەکان بۆ زیندووهێشتنەوەی یادی مەلەک تاووس و گەیاندنی پەیامی یەکگرتوویی، هەستان بە دروستکردنی رێوڕەسمێک بە ناوی (گڕی تاووس)، کە ساڵانە دوو جار ئەنجام دەدرێت.


ئەم رێوڕەسمە، کە لە لایەن چەندین کەسایەتیی ئایینی جێبەجێ دەکرێت، بە هەڵگرتنی پەیکەرێکی ئاسنین، کە بە شێوازی تاوس دروست کراوە و گەڕاندنی بەناو شار و گوندە ئێزدینشینەکان، گەیاندنی پەیامی یەکڕیزی و گرنگیدان بە ئایینی ئێزدی ئەنجام دەدرێت و هەر جارە و چەند رۆژێکی پێدەچێت.


بە گوتەی سەرچاوەکان، مێژووی ئەم رێوڕەسمە بۆ نزیکەی ٩٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

سەبارەت بە ئەفراندنی مرۆڤایەتی
لە ئایینی ئێزدیدا هاتووە، ئادەم، کە یەکێک لە فریشتەکانی خوا بوو، بەهۆی خواردنی گەنمەوە، کە مەلەک تاووس هانی دابوو ئەو کارە بکات، لە بەهەشت دەردەکرێت و دێتەوە سەر زەوی و دواتر بەهۆی بێتاقەتیی ئادەم، خوا حەوا خەڵق دەکات و مرۆڤایەتی لەوێوە گەشە دەکات. هەندێ لە توێژەران رایان وایە، بۆیە بە ئێزدییەکان دەگوترێت شەیتانپەرەست، لەبەرئەوەی گرنگییەکی تایبەت بە مەلەک تاووس دەدەن.


لە ئایینی ئێزدیدا ئەو بڕوایە هەیە، کە خواوەند لە رۆژی نەورۆز مرۆڤایەتی و وەچەی ئادەمی خۆلقاندووە، بۆیە سەرەڕای هەبوونی زۆر جەژن لەناو ئێزدییەکان، نەورۆز یەکێکە لە جەژنە کۆن و گرنگەکانیان.


بە گوتەی زانا ئێزدییەکان، جەژنی ساڵی نوێی ئێزدییەکان، کە هەمان جەژنی (چوارشەممە سوور)ە و دەکەوێتە یەکەم شەوی یەکەمین چوارشەممەی مانگی نیسان، جەژنی دەستپێکی ساڵی تازەیە لای ئێزدییەکان، کە لەناو کۆنە نەتەوەکانی تری میزۆپۆتامیا و زاگرۆسنشینەکان ناسراوە. هەر لەم رۆژەدا، کە مەلەک تاووس لە ئاسمانەوە دێتە خوارەوە و بۆ گەلی ئێزدی خێر و بەرەکەت و شینبوونەوەی دەشت و کێو دەهێنێت.

کتێبە پیرۆزەکانی ئێزدییەکان
لە ئایینی ئێزدیدا دوو کتیبی پیرۆز هەیە، بە ناوەکانی (جیلوە) و (مەسحەفا رەش)، بەڵام بەهۆی ئەو کۆمەڵکوژی و هێرش و هەڕەشەیەی بە بەردەوامی بەسەر ئێزدییەکاندا هاتووە، ئەو دوو کتێبە لەناو چوون و نەماون.


بە گوتەی ئێزدییەکان، کتێبی جیلوە خودی گوتەکانی خوایە، کە باس لە بناغەکانی باوەڕداریی ئەم ئایینە دەکات.


بەڵام کتێبی مەسحەفا رەش، لە نووسینی (شێخ حەسەن کوڕی شێخ ئادی)یە، کە لە ساڵی ١١٩٥ نووسراوە و تێیدا کۆمەڵێک سروودی ئایینی و ستایشی خوان، کە بە زمانی کوردی و شێوەزاری کرمانجی نووسراون.


جگە لەم دوو کتێبە، کۆمەڵێ دەقی پیرۆز هەیە، کە بە قەول، بەیت، قه‌سیدە ‌و درووز و نزا ناو دەبردرێن. ئه‌م دەقە پیرۆزانه‌ له‌لایه‌ن كه‌سه‌ ئایینییه‌ گرنگه‌كانیان، كه‌ به‌ (خاس و چاك) ناودێر ده‌كرێن، گوتراون و به‌ شێوه‌ی زاره‌كی و نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌ پاراستویانن، تا به‌م سه‌رده‌مه‌ ده‌گات، مێژووی هۆنینەوەی ئەم دەقانە بۆ سەدەی دوازدەی پێش زایین دەگەڕێتەوە.


نەمان و لەناوچوونی کتێبە پیرۆزەکانی ئایینی ئێزدی، بوو بە هۆکارێک بۆ ئەوەی ئیمپیراتۆری عوسمانی بەردەوام لە کوشتن و تاڵانکردن و وێرانکردنی گوندە ئێزدینشینەکانی باکووری کوردستان بێت و لە ماوەی چەندین سەدە لەم کارە بەردەوام بووە، بە پاساوی ئەوەی، کە ئەمانە موسڵمان نین. هەروەها بە تورککردنی کوردانی موسڵمان ئاسانتر بووە لە کوردانی ئێزدی، بە هۆی جیاوازیی ئایینی.

چینی کۆمەڵایەتی لای ئێزدییەکان
لە کۆمەڵگای ئێزدی، ئێزدییەکان بەسەر سێ چین دابەش دەبن، کە بریتیین لە چینی پیر و شێخ و موریدەکان، پێشتر دەسەڵاتی رەهای ئایینی بە دەست پیرەکانەوە بوو، بەڵام ئێستا دەسەڵات زیاتر بە دەست شێخەکانەوەیە و سێیەم چینیش چینی موریدەکانە.


لە ئایینی ئێزدیدا کۆمەڵێ کەس هەن، کە جلوبەرگی تایبەت لەبەر دەکەن و خۆیان لە خۆشییەکانی دنیا بێ بەش دەکەن، ئەوان (فەقیر)یان پێدەگوترێت، چینی فه‌قیر‌ تەنیا بیر لە رۆژی دوایی دەکەنەوە و گرنگی بە ژیانی ئاسایی نادەن، تەنانەت ئەو جلوبەرگەی بەریان کە (خەرقە)ی پێ دەگوترێت، ئەگەر کۆن بێت و بدڕێت، ئینجا دەیگۆڕن و تەنانەت کۆنەکەیشی هەڵدەگرن و لە کاتی مردنی لەناو گۆڕەکەی دادەنێن.


هەروەها لە کۆمەڵگەی ئێزدیدا زۆر گرنگی بە بواری ئەدەبی و نووسین و توێژینەوە دراوە، بەو رادەیەی، کە یەکەم رۆمانی کوردی بە ناوی (شڤانی کوردی) لە ساڵی ١٩٧٧. لە لایەن نووسەرێکی ئێزدی بە ناوی (عەرەبێ شەمۆ ١٨٩٧- ١٩٧٨)، کە لە کوردە ئێزدییەکانی سۆڤییەت بووە، نووسراوە.

شوێنی جوگرافیی سەرهەڵدان
ئەم ئایینە لە سەرەتاوە لە لالشی سەر بە پارێزگای ئێستای دهۆک سەری هەڵداوە و دواتر گەشەی کردووە بۆ ناوچەکانی دیکە و لە سێ پارچەکەی تری کوردستان، واتا باشوور، باکوور و رؤژئاوا بڵاو بووەتەوە.


دوای ماوەیەک بەهۆی زۆربوونی ژمارەی ئێزدییەکان و بڵاوبوونەوەیان، ئەم ئایینە گەیشتە وڵاتە دراوسێیەکانی عێراق و ئێستا ژمارەیەکی بەرچاویان لە ئەرمینیا و گورجستان دەژین و هەندێکیان لە ئەورووپای رۆژئاوا و بەشێکیش لە رووسیا نیشتەجێن.


سەبارەت بە ئامارێک بۆ ژمارەی پەیڕەوانی ئایینی ئێزدی، دەبێ بڵێین، ژمارەیەکی تەواو و راستەقینەمان لەبەردەستدا نییە، بەڵام نزیکەی یەک تا ملیۆنێک و نیو مەزەندە دەکرێت، کە زۆربەیان لە کوردستانی عێراقدا دەژین.


بەگوێرەی ئەوەی، کە ئێزدی یەکێکە لە کۆنترین ئایینەکانی کوردستان و ئەم ناوچەیە و هەڵکەوتەی جوگرافیایەکی سەخت و چیایی هەیە و بانگەشە بۆ بڵاوبوونەوە و وەرگرتنی ئەندامی نوێ، کە پیشتر لەسەر ئایینێکی تر بووبێت قەدەغەیە، بۆیە شوێنەوارێکی زۆر و فراوان لەم ئایینە بەجێ نەماوە، بەڵام ئەو شوێنەوارانەیشی کە ماونەتەوە، شوێنی کۆن و رەسەنن، کە هەتا ئێستاش لە لایەن پەیڕەوانی ئەم ئایینە بە کار دێن، بۆ جێبەجێکردنی رێوڕەسمی ئایینی و ساڵانە لە شوێنە جیاجیاکانی دنیا، ئێزدییەکان سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن.