كێن ئەوانەی كە ئیشیان بێئومێدكردنی خەڵكە لەم حكوومەتە؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

كێن ئەوانەی كە ئیشیان بێئومێدكردنی خەڵكە لەم حكوومەتە؟

 

بەوەدا دەزانم ئەوانەی كە ئێستا ھاووڵاتیانی كوردستان لەم كابینەیەی ئێستای حكوومەت بێ ئومێد دەكەن ھەر ئەوانەن، كە ھێشتا سەرۆكی حكوومەت بەڕێز مەسرور بارزانی نە پلانی گشتیی كابینەكە و نە بەرنامەی كاری كابینەكەی خستبووە ڕوو ھەندێك ڕایان گەیاند كە بەشداری لە حكوومەتدا ناكەن و دەبنە ئۆپۆزسیۆن . باشە ھەی تەشتێك قوڕ بەسەرت تۆ كە ھێشتا نەزانیت بەرنامەی ئەم حكوومەتە و پلانی ئەم حكوومەتە بۆ 4 ساڵی كاری خۆی چیە! ئاخر پێم بڵێ ئۆپۆزسیۆنی چ بەرنامە و چ سیاسەت و چ پلانێك دەبیت؟ ئایا ئەگەر ئەمانە تەنھا لەدەرەوەی ھەرێمەوە فیكەیان بۆ نەكرابێت كە ئەوان لە ماوەی 4 ساڵ كاری حكوومەتدا ئەم حكوومەتە باشی كرد یان خراپ ئەوان ھەر دژ بن چۆن تۆ كە ھێشتا نازانیت بەرنامە و سیاسەتی حكوومەت چیە بەڵام دژبوونی خۆت بۆ ئەو كابینەیە ڕادەگەیەنیت؟ جگە لەمەش - ھاووڵاتیانی ئاسایی ناڵێم كە بەبێ ھیچ نیازێكی خراپ و وەك بەكارھێنانی مافێكی ڕەوای خۆیان داواكاریی زیاتریان لە حكوومەت ھەیە و چاوەروانی زۆرتری لێ دەكەن - بەڵام سوور دەزانم ھەندێك كەس و لایەن ھەن كە بۆچی دەیانەوێت لەڕێگەی بێئومێدكردنی خەڵكەوە دژایەتیی ئەم حكوومەتە بكەن. من بە تەبیعەتی خۆم حەزم لە ئینشا نیە، حەزم لە نموونەی زیندووە بەتایبەتی ئەو نموونانەی كە لە تەجروبەی ژیانی خۆمدا بینیومن و تووشیان بووم، جا لێرەدا نموونەیەك باس دەكەم:

لە سەردەمی دوو ئیدارەییدا كە بڕوات و نەیەتەوە، بە یەكێك لە سەرۆك حكوومەتەكانی ئیدارەی سلێمانیم وت: “تۆ بۆچی ئەگەر ئیشی باشیش بكەیت ھەندێك كەس ھەر دژی حكوومەتەكەتن؟” ئەویش وتی: “دەبا دووبەدوو ھۆكارەكەیت پێ بڵێم… من پێش ئەوەی ببم بە سەرۆكی حكوومەت لە ژیانی سیاسیی خۆمدا لە 3 شوێنی زۆر گرنگ و ھەستیار بەرپرسیارێتیی یەكەمم ھەبووە و كارم كردووە، بەو ھۆیەوە ھەرچی دز ھەبوو دەمناسین و دەمزانی چی دەكەن و چیان دزی و گەندەڵی كردووە، ھەرچی بەدڕەوشت ھەبوون دەمناسین و دەمزانی چیان كردووە و چۆن پلە و پۆست بۆ كاری بەدڕەوشتی بەكار دەھێنن، ھەرچی جاسووسی دژی كوردستان ھەبوون دەمناسین و دەمزانی چۆن جاسووسی بۆ داگیركەرانی كوردستان دەكەن و بەبێ ئەوەی ڕاگەیاندنیش بزانێت ھەندێكیانم سزا داوە، جا ئێستا بەشێكی زۆر لەو دز و گەندەڵ و بەدڕەوشت و جاسووسانە، ھەرچیەك بكەم دژمن و ئەوەش تەنھا لەبەر ئەوەیە كە من لەسەر ئەو كارانەیان دژایەتیم كردوون و سزاشم داون”… منیش پێم گوت: “باشە بۆچی ناویان نەھێنین و بیانكەین بە پەڕۆی بێ نوێژ؟” ئەویش وتی: “ئاخر ماڵ و منداڵیان ھەیە و ئەگەر لە ڕاگەیاندن بڵێیت فلان كەس لەسەر دزی و بەدڕەوشتی و جاسووسی سزا دراوە بۆیە ئێستا ئا ئەوھا دژی حكوومەتە، ئەو كات قیروسیا لە خۆی، بەڵام بۆ حاڵەتی نەفسیی منداڵەكانی زۆر خراپە”. ئەم نموونەیەی كە باسم كرد بۆ ئەم كابینەیەی ئێستای حكوومەت دەبێت و سوور دەزانم كە بەشێك لەو لایەنانەی كە خەڵك لەم كابینەیە نائومێد دەكەن و بەباش و خراپ دژن، ئەوانەن یان زیانی گەورە لە جێبەجێكردنی بەرنامە و پلانەكانی ئەم كابینەیە دەكەن، یان قەرزاری حكوومەتن و نایانەوێ قەرزەكانیان بدەنەوە، یان دز و قاچاخچین، یان بەھۆی یاسای چاكسازیەوە تووشی زیان دەبن یان پلە و پۆستیان لەكیس چووە یان زەویی موساتەحە و وەبەرھێنانیان لەدەست دەرچووە، یان دەرفەتی بەنزینخانە و زەویی ڕوكنی ناوشار و بازرگانیی دەرمان و شاش و لەفافیان نەماوە یان نامێنێت!”.


ئەم وتارە پێشەكییەكە بۆ چوونە ناو زنجیرە وتارێكی ڕۆژانە لەسەر ئەم كابینەیەی حكوومەت و ئەوانەی كە بۆ دژایەتیكردنی حكوومەت تەنھا ئیشیان بێئومێدكردنی خەڵكە . لە بەشەكانی تری ئەم نووسینەدا، ھەر ڕۆژەی تەوەرێك لە كارەكانی ئەم حكوومەتە باس دەكەم و لەگەڵیشیدا سەروسەكوتی دژەكان بە بەڵگەوە دادەپڵۆسم.