خیانه‌ت له‌ مێژووى كورددا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

خیانه‌ت له‌ مێژووى كورددا

41

خیانه‌ت له‌ كۆماری ئارارات له‌ باكووری كوردستان

هه‌وڵێكی تری ئازادیخوازی له‌ باكوری كوردستان دوای شكستی شۆڕشه‌كه‌ى شێخ سه‌عیدى پیران، شۆڕشێك بوو كه‌ له‌ ناوچه‌ى ئاگرى به‌ سه‌ركردایه‌تیی جه‌نه‌راڵ ئیحسان نوورى پاشا به‌رپا بوو. ناوبراو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی یه‌كێك بوو له‌ ئه‌فسه‌ره‌ پایه‌ به‌رزه‌كانی ده‌وڵه‌تى عوسمانى، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ی جه‌نه‌ڕاڵ مسته‌فا كه‌مال پاشا نه‌یتوانی سوود له‌و ده‌رفه‌ته‌ ببینێت بۆ خزمه‌تی نه‌ته‌وه‌كه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی له‌ باكوری كوردستان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی بگه‌یه‌نێت. دیاره‌ پێ ده‌چێت نه‌ یه‌كڕیزیی كورد هاوكاریی كردبێت و نه‌ دۆخی كورد له‌و سه‌رده‌مه‌دا پشتیوان بووبێت، به‌ڵام هه‌ر چۆن بێت له‌ ده‌رفه‌تێكی تردا هاته‌وه‌ مه‌یدان و ڕۆڵی كوردانه‌ی خۆی گێڕا. ده‌رفه‌ته‌كه‌ش كه‌وته‌ دوای ئه‌و گورزه‌ تونده‌ی بەر‌ كوردى باكور كه‌وت و ئه‌و شكسته‌ی به‌سه‌ر شۆڕشه‌كه‌ى شێخ سه‌عیدى پیران هات. ئه‌وه‌ش دواى دوو ساڵ له‌و ڕووداوه‌ و دوای سه‌ركه‌وتنی (كۆنگره‌ی بۆحه‌مدون)ى شاری به‌یرووت له‌ ساڵی 1927 ڕووی دا. له‌و كۆنگره‌یه‌شدا و به‌هۆی به‌شداریكردنى چه‌ند پێكهاته‌یه‌كی ئه‌رمه‌نی، كار بۆ ئه‌وه‌ كرا كه‌ هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ی كورد و ئه‌رمه‌ن به‌ هاوبه‌شی ڕووبه‌ڕووی سیاسه‌تی دوژمنكارانه‌ی ده‌وڵه‌تى توركیا ببنه‌وه‌. به‌تایبه‌ت ڕاگواستنی ناوچه‌ی كورد و ئه‌رمه‌ننشینه‌كان بۆ ناوچه‌ توركنشینه‌كان و به‌پێچه‌وانه‌وه‌. هه‌روه‌ها بڵاوبوونه‌وه‌ی مردنی هه‌زاران منداڵ و پیر و په‌ككه‌وته‌ له‌ ئه‌نجامی ئه‌و ڕاگواستنانه‌. هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌بوو كه‌ به‌رپرسانی ده‌وڵه‌ت ئه‌و كاره‌یان له‌ وه‌رزه‌كانی پایز و زستان و به‌هاردا ئه‌نجام دا، تا له‌ ئاكامى سه‌رما و له‌ژێر بارینی لێزمه‌ی باران و به‌فردا زۆربه‌یان له‌ برسان و له‌ سه‌رماندا بمرن و نه‌گه‌نه‌ شوێنی مه‌به‌ست. هه‌وره‌ها ئه‌وه‌ دووپات كرایه‌وه‌ كه‌ هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانیی ده‌وڵه‌تى په‌هله‌ویی ئێران به‌ده‌ست بهێنن تا پشتیوانیان لێ بكات، چونكه‌ له‌و كاته‌دا ڕه‌زا شاى په‌هله‌وی بۆ هه‌لێك ده‌گه‌ڕا به‌هۆی پشتیوانیكردن له‌ كورده‌كانى باكوری كوردستان، كێشه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی ده‌وڵه‌تی توركیا دروست بكات، چونكه‌ ئه‌وانیش به‌هۆی پشتیوانیكردن له‌ شۆڕشه‌كه‌ی ئیسماعیل خانی سمكۆی شكاك كێشه‌ی بۆ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی دروست كردبوو. بۆیه‌ ئه‌ندامانی كۆنگره‌، ئامانجی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ڕه‌زا شای په‌هله‌وییان ده‌زانی كه‌ بۆ پشتیوانی له‌ هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌كی چه‌كداریی كوردی ده‌كات دژ به‌ ده‌وڵه‌تى توركیا، به‌ڵام ناچار بوون په‌نا بۆ ئه‌و سیاسه‌ته‌ ببه‌ن و لانی كه‌م ئه‌و هه‌له‌ بقۆزنه‌وه‌.

هه‌ر چۆن بێت له‌و دۆخه‌دا و به‌پێی راسپارده‌كانى كۆنگره‌ی (بۆحه‌مدون) له‌ ئه‌یلوولى1927 دا بڕیاری شۆڕش درا. له‌گه‌ڵ بڕیاری شۆڕشیش، بڕیار له‌سه‌ر ڕاگه‌یاندنی (كۆماری ئارارات) له‌ 28ى تشرینی یه‌كه‌می1927 له‌ سنووری (ویلایه‌تی ئاگری) و ناوچه‌ی ئاگرى درا. له‌و ڕۆژه‌شدا ئاڵای كۆمار هه‌ڵكرا و جه‌نه‌ڕاڵ ئیحسان نوورى پاشا وه‌ك سه‌ركۆماری كوردستان دیاری كرا. دواتر سه‌ركۆمار، ئیبراهیم حسكى تیلۆی راسپارد تا كابینه‌ى نوێى حكوومه‌ت پێكبهێنێت. دواى پێكهێنانی حكوومه‌تیش له‌ژێر چه‌ترى وه‌زاره‌تی جه‌نگ، سوپایه‌كی 12 هه‌زار كه‌سی پێكهێنرا و پله‌ و فه‌رمانده‌ییه‌كان دیاری كران. به‌و كاره‌ش له‌ ماوه‌ی یه‌ك مانگدا سوپای كۆمار توانی هه‌زار و 700 سه‌ربازى تورك به‌دیل بگرن و ده‌ست به‌سه‌ر 600 تفه‌نگ و 24 تۆپدا بگرن و 12 فڕۆكه‌ى جه‌نگى بخه‌نه‌ خواره‌وه‌.

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا كۆماری ئارارات تا ناوه‌ڕاستى ساڵى 1930 درێژه‌ى كێشا. له‌و ماوه‌یه‌شدا كه‌ نزیكه‌ی سێ ساڵى خایاند، توانرا ڕووبه‌ڕووی هه‌ر شاڵاو و سیاسه‌تێكی به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تى توركیا ببنه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ى ڕاگه‌یاندنی كۆمار، یه‌ك لایه‌نه‌ و له‌لایه‌ن خودی كورده‌كانه‌وه‌ بوو. بوونی كۆمارێكی وه‌ها له‌ناو سنووری ده‌وڵه‌تی توركیا بێ ڕه‌زامه‌ندیی وڵاتانی هاوپه‌یمان، پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی ئه‌وان بوو، بۆیه‌ بێ پشتیوان مایه‌وه‌. ته‌نانه‌ت پشتیوانیی ڕه‌زا شاى په‌هله‌ویشى له‌گه‌ڵ نه‌ما. هۆكاره‌ش ئه‌وه‌بوو كه‌ هه‌ردوو ده‌وڵه‌تى توركیا و ئێران له‌ 22ى ته‌مووزى 1932دا بڕیاری داخستنی سنووره‌كانیان له‌ ڕووى هه‌ر كرده‌یه‌كی چه‌كداری نێوان هه‌ردوو وڵات دا. به‌مه‌ش شۆڕشه‌كه‌ بێ یارمه‌تیى ده‌ره‌كى مایه‌وه‌ و گورزێكی توندی به‌ركه‌وت. دیاره‌ تا ئه‌وكاتیش كۆماره‌كه‌ توانی خۆڕاگر بێت و بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام خیانه‌تی به‌شێك له‌ كورده‌كانی باكور له‌ دژی شۆڕشه‌كه‌ و هه‌روه‌ها دووره‌په‌رێزیی زۆربەی هەر زۆری كورده‌ عه‌له‌وییه‌كان بۆى، دوا گورزی كوشنده‌ی له‌ شۆڕش و كۆمار دا. ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی كورده‌ عه‌له‌وییه‌كان و به‌شێك له‌ هۆز و خێڵه‌كانی كوردی باكور وای كرد، چه‌ندین نهێنی و پلانی حكوومه‌ت و توانا كارگێڕی و ئابوورییه‌كانی شۆڕشه‌كه‌ بگاته‌ توركه‌كان و ئه‌وانیش بێ گوێدانه‌ هیچ یاسا و بنه‌مایه‌كی مرۆیی و ئه‌خلاقی لێی بده‌ن.

لێره‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر به‌شێك له‌ خێڵ و هۆز و بنه‌ماڵه‌كانی باكوری كوردستان به‌ كورده‌ عه‌له‌وییه‌كانیشه‌وه‌، پشتیوانیان له‌ كۆماره‌كه‌ بكردایه‌، ئه‌وا ئه‌سته‌م بوو ئه‌و كۆماره‌ له‌و دۆخه‌دا بڕووخێت، به‌ڵام پشت تێكردنى ئه‌وان بۆ شۆڕش و كۆماره‌كه‌ و چوونه‌ پاڵ توركه‌كان بۆ كۆتاییهێنان به‌و ده‌سه‌ڵاته‌، زیاتر زه‌مینه‌ی ڕووخانی كۆماریان ڕه‌خساند. ئه‌و كاره‌ی ئه‌وانیش له‌ژێر هه‌ر پاساو و هۆكارێكدا بووبێت، خیانه‌ت بوو له‌ نه‌ته‌وه‌كه‌یان و كۆماره‌كه‌، چونكه‌ دواجار به‌و په‌رته‌وازه‌ییه‌ی كورد، كۆتایی به‌ ئه‌زموونێكی حوكمڕانیی كوردی هات، ئه‌گه‌رچی ناوچه‌یی و به‌رته‌سكیش بوو.

Dr.kaiwan@yahoo.com

سه‌رچاوه‌كانی ئه‌م باسه‌:
1. كریس كۆچێرا: كورد له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌ و بیست.
2. روهات ئالاكۆم: خۆیبوون و شۆڕشى ئاگرى، وه‌رگێڕانى: شوكر مسته‌فا.
3.كاوه‌ به‌یات: شۆڕشى ئاگری داغ.