كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

دەزگای دادوەریی ئێران وەرزشوانێکی لەسێدارە دا

بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئێران حوسێن یوونسی، پارێزەری بنەماڵەی ئەفکاری لەزاری بنەماڵەکەیانەوە بڵاوی کردووەتەوە ئەمڕۆ شەممە دەزگای داوەریی ئێران حوکمی سێدارەی نەوید ئەفکاری سەنگەری، زۆرانبازی خەڵکی شیرازی جێبەجێ کردووە.

هاوکات ماڵپەڕی (میزان)ی سەر بە دەزگای داوەریی ئێران و بەرپرسانی دادگای شیرازیش ئەم هەواڵەیان پشتڕاست کردووەتەوە.

نەوید ئەفکاری سەنگەری، وەزشوانی بواری زۆرانبازی و خەڵکی شیراز کە پاڵەوانی زۆرانبازیی مێرمنداڵانی ئێرانیش بووە، دوو ساڵ پێش و لە کاتی خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی خەڵک، لە شیراز ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی کوشتووە، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە دوو جار سزای لەسێدارەدن و شەش ساڵ و نیو بەندکردنی بەسەردا سەپابوو.

بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئێران لەو ڕووداوەدا کە دوو برای دیکەی نەوید بەناوەکانی (وەحید و حەبیب ئەفکاری) بەشدارییان لە کوشتنی ئەو ئەندامەی پۆلیسدا بووە، یەکیان بە ٥٤ و ئەوی دیکەشیان بە ٢٧ ساڵ بەندکردن سزا درابوون.

حوکمی سێدارەی ئەو وەرزشوانە ئێرانییە لە ئاستی ئێران و میدیا جیهانییەکاندا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، بە جۆرێک تەنانەت دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و فیدراسیۆنی زۆرانبازیی ئاسیا و ناوەندە وەرزشییەکان ڕەخنەیان لە ئێران گرت.

دۆسیەی نەوید ئەفکاری لە ئێران بوو بە یەکێک لە دۆسییە ئاڵۆزەکان و بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی لە تەلەفزیۆنی حکوومەتی کە دواتر ڕای گەیاند لەژێر گوشار و ئازار و ئەشکەنجەدا ئەو قسانەی کردووە، هێندەی دیکەی سزاکەی قورس کرد.

ماڵپەڕی (ڕادیۆ فەردا) لەمبارەوە بڵاوی کردووەتە دایکی ئەو سێ برایە لە گرتە ڤیدییەکدا ڕای گەیاندبوو کە کوڕەکانی ئەشکەنجە کراون هەتا لەدژی یەکتر قسە بکەن و تەنانەت یەکێک لە کوڕەکانی بەهۆی گوشار و ئەشکەنجەوە لە زیندان هەوڵی خۆکوشتنی داوە

پاشان لە دیکیۆمێنتێکدا کە لەلایەن دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان و بە دەورگێڕانی نەوید ئەفکاری ئامادە کرا، چۆنیەتیی کوشتنی ئەندامی هێزە ئەمنییەکان دەگێڕێتەوە.

بە گوتەی ئەو پارێزەرە نەوید ئەفکاری لەکاتێکدا لەسێدارە دراوە کە هەندێک خێرخواز و چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ سەرقاڵی ئەوە بوون کە ڕەزامەندی بنەماڵەی کوژراوەکە وەربگرن و ئەو بەندکراوە ئازاد بکرێت.