كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لە توركیا كار بۆ نەهێشتنی بەربەستی هەڵبژاردن دەكرێت

"گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن، بۆ پێشگیری لە هەڵبژاردنی پێشوەختەیە"

پارتی دەسەڵاتداری تورکیا (ئاکەپە) و هاوپەیمانە بچووكەكەی (مەهەپە) كار بۆ ئەوە دەكەن بەربەستی هەڵبژاردن لە توركیا نەهێڵن، بەمەش ئەگەر پارتێكی سیاسی ١٪ی دەنگەكانیش بەدەست بهێنێت دەتوانێت بچێتە پەرلەمانەوە.

عەبدولقادر سەلفی نووسەری نزیك لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە وتارێكدا بۆ رۆژنامەی (حوریەت) ئاشكرای کردووە یاسای حیزبەكان و هەڵبژاردن گۆڕانی بەسەردا دێت.

بە گوێرەی زانیارییەكانی سەلفی، لە كاتی گۆڕینی یاسای هەڵبژاردندا، بەربەستی هەڵبژاردن نامێنێت، بەمەش ئەگەر پارتێكی سیاسی ١٪ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، وەكوو پارت دەچێتە پەرلەمانەوە و كێشەی نابێت.

ئەمە لە کەتێکدایە چەند سەركردەیەكی سەر بە ئاكەپە پێیان وایە، بەربەستی هەڵبژاردن نابێتە سفر، بەڵام رەنگە بۆ ٥ یان ٧٪ كەم ببێتەوە.

یەكێكە لە ئامانجەكانی ئاكەپە و مەهەپەش بۆ گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن، رێگەگرتنە لە هەڵبژاردنی پێشوەختە، چونكە بە گوێرەی مادەی ٦٧ی دەستووری توركیا، ئەگەر یاسای هەڵبژاردن گۆڕانی بەسەردا هات، تا یەك ساڵ دوای دەرچوونی یاسای تازە نابێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، بۆیە هەموو هەوڵێكی ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەم هەنگاوەی ئاکەپە و مەهەپە بەفیڕۆ دەچێت.