هەولێر.. هەڵمەتێکی دیکەی هۆشیاریی خۆپارێزی لە کۆرۆنا دەستپێدەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

هەولێر.. هەڵمەتێکی دیکەی هۆشیاریی خۆپارێزی لە کۆرۆنا دەستپێدەکات

 

بەڕێوەبەرى راگەیاندنى تەندروستیى هەولێر رایگەیاند لە رێگەی چەندین تیمی بەڕێوەبەرایەتییەکە و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە هەڵمەتێکى گەورەى هۆشیاری بۆ خۆپارێزی لە پەتاى کۆرۆنا ئەنجام دەدەن.

سامان سەلمان، بەڕێوەبەرى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستیى هەولێر بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "بە ئامانجى هۆشیارکردنەوە و پێدانى رێنماییەکانى خۆپارێزیى لە پەتاى کۆڕۆنا، لە رێگەى چەندین تیمى سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکانى تەندروستى سنوورى پارێزگاى هەولێر و بە هاوکاریى چەند رێکخراوێکى کۆمەڵگەى مەدەنى، هەڵمەتێکى گەورەى هۆشیاریی ئەنجام دەدەین لەرێگەى بڵاوکردنەوەى پروشەر و پۆستەرى تایبەتەوە".

راشیگەیاند: "هەڵمەتەکە لە کاتژمێر 9ى بەیانى رۆژى یەکشەممە 14/9/2020 لە رێگەى دەزگاکانى راگەیاندن و سۆشیال میدیاوە رادەگەیەندرێت، کە جگە لە سەنتەرى شار هەڵمەتەکە لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانى قەزا و ناحیەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر دەست پێدەکات و بەردەوام دەبێت".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد" بەهۆى نزیکبوونەوەى وەرزى پایز و لە ئەگەرى بڵاوبوونەوەى هەر پەتایێکى دیکەى وەرزى یانیش هاتنى شەپۆلى دووەمى کۆڕۆنا، پێویستە هاووڵاتیان زیاتر هۆشیاربن بۆ ئەوەى لەکاتى توشبوونى هەر تاکێک چۆن مامەڵەى لەگەڵ بکەن و چۆن خۆیان و کەسى توشبووش بپارێزن، بڵاوکراوەکانیش لە شوێنە گشتییەکان و بازاڕ و مۆل و مزگەوت و بازگەکان و ناوچە گەشتیارییەکان بڵاودەکەنەوە".