لیۆنێل مێسی ئەستێرەی تۆپی پێی ئەرجەنتینی و یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی بە فەرمی بووە باڵوێزی نوێی كۆمپانیای "ئۆركام"ی ئیسرائیلی، بڕیارە نوێنەرایەتی ئەم كۆمپانیایە بكات بۆ بڵاوكردنەوەی ئامێرە نوێیەكەی كە یارمەتی نابینایان دەدات.
كۆمپانیای "ئۆركام" بڵاوی كردووەتەوە ئامێرێكیان بەرهەم هێناوە یارمەتی نابینایان و ئەو كەسانە دەدات كە بینینیان لاوازە، لیۆنێل مێسییش بووەتە بەشێك لە پرۆژەكە و یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەیاندنی ئامێرەكە بەوانەی لە جیهاندا پێویستیان پێدەبێت.
ئامێرەكە ناوی "OrCam MyEye"ە و ڕێگەچارەیەكی تەكنەلۆژیی نوێیە و كۆمپانیا ئیسرائیلییەكە دایهێناوە، چاوەڕوان دەكرێ ئەم ئامێرە ببێتە پشتیوانێكی گەورە بۆ ئەوەی نابینایان ببنە خاوەنی كەسایەتی سەربەخۆی خۆیان و بتوانن رۆژانە بۆ خۆیان ڕووبەڕووی بەرەنگارییەكانی ژیان ببنەوە.
لەمبارەیەوە مێسی گوتوویەتی كە شانازی دەكات بووەتە باڵوێزی كۆمپانیای ئۆركام، چونكە ئەم ئامێرە ژیانی خەڵكانێكی زۆر لە جیهان دەگۆڕێت. سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای ئۆركامیش گوتوویەتی مێسی یارمەتییان دەدات بۆ ئەوەی بگەن بە ملیۆنان كەس لە جیهاندا، ئەوانەی پێویستیان بە پشتیوانی و یارمەتی ئامێرە نوێیەكەیان هەیە.