كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
شێرزاد حەسەن 09/09/2020

لە ستایشی دایکانی زەبووندا

 لەنێوان میهر و دڵڕەقیدا

هەڵقەی 29

 

لە ناوئاخنی کۆی پاژەکانی پێشووتری بابەتەکەمدا، پتر سەرگەرمی هەڵکۆڵینێکی دۆخی دایکان بووم بە گشتی، یان دەکرێت بڵێم پێگەی ژنان، کە پتر لە هەوڵی ئەوەدا بووم بیسەلمێنم، کە ژنان بەر لە مێژوو پێگەی بڵند و پیرۆزیان هەبووە و تیایدا سەردار و بڕیاردەر بوون، بەڵگەی بێ شومارمان دۆزییەوە، کە "مێچکە-خوداوەندەکان" لە سەردەمانێکی دێرینەوە هەبوون، بە واتا، بوونی بنەچەیی دایکسالاریی سەلماندووە، کە لەنێو هەندێ لە گەلاندا گەیشتوونەتە پێگە و ئاستی خوداوەندەکان. هەڵبەتە بەڵگە و ئاسەواری بوونی قۆناغێکی درێژخایەنی (ماتریارکی- دایکسالاری) زۆر و زەبەندە و بە سەدان بەڵگە هەن، کە پێشتر ئاماژەمان پێ دا، کە گەواهیی ئەوەمان دەدەنێ، کە نکۆڵیی لێ ناکرێت، ئەگەرچی ئەو روانینەش هەیە، کە بوونی وەها دەستەڵات و سەردەمێکی (ژن- سالاری) و بنەچەی دایکانە بسەلمێنێت، ئەفسانەیە و بەس، بەڵام زۆرن ئەو بیرمەند و ئایینناس و ئانترۆپۆلۆژیست و ئارکیۆلۆژیست و شارەزایانی زانستە مرۆیی و سروشتییەکان، کە بەڵگەی کۆنکرێتییان بەدەستەوەیە، کە لەسەر ئەم راستی و مەزندەیە مکوڕ و سوورن، کە مێژووی (پاتریارکی) و باوکسالاری بە بەراورد لەتەک سیستمی (ماتریارکی) تازەیە، کە دیارە ژمارەی جیاوازمان دەدەنێ، کە دەکرێت مەزەندەی خودی مێژووی دوای تۆمار، بە مانای خۆزاڵکردنی ئەو رۆحە نێرسالارییە لەقەڵەم بدەین.


هەڵبەتە زەقترین و نزیکترین مێژووی (نێرسالاری) لە (ئیبراهیم)ی پەیامبەرەوە رەگوریشەی دادەکوتێت، کە پێی دەگوترێت باوەگەورەی هەر سێ ئایینە ئاسمانی بە ئیمتیازەوە.


لەمیانەی ئەم پاژە تازەیەدا، کەمێك لە تیۆرەسازی دەردەچین و دێینە سەر خوێندنەوەیەکی دیکە، کە دیسانەوە دیوێکی سایکۆ-سۆسیۆلۆژی لەخۆ دەگرێت، بەڵام دوور لە زمانی ئاکادیمییانە، دیسانەوە پشت بە یادەوەریی خۆم و کۆکردنەوەی روانینی شارەزایانی ئەم بوارە دەبەستم، کە دەکرێت رؤماننووس و چیرۆکنووس و شآعیر و دەروونناس و کۆمەڵناس و ئارکیۆلۆژیست و ئانترۆپۆلۆژیست بن، کە بۆ من ببنە پاڵپشت و بەڵگەدار، بۆ سەلماندنی ئەم پرۆژەیەی، کە بووەتە خولیام و تا بۆم بکرێت پتریش ئەدیبانە دایدەڕێژم.


لە کۆی پاژەکانی پێشووتردا ئاماژەمان بەو هەلومەرجە مێژووییە دابوو، کە بە گشتی رەگەزی مێ تیایدا لەنێوان سەربەخۆبوون و توانا و بەهرە و داهێنانی رەنگینی خۆیاندا بیناسینەوە، هەم شیکارییەک بوو بۆ پەیوەندیی نێوان پیاوان و ژنان، بەر لە مێژوو و هەم دوای مێژوو، سەرباری ئاوڕدانەوە لەو پرۆسە درێژەی، کە پیاوان هەوڵیان داوە ژنان بکەن بە کۆیلە و بەندەواری خۆیان، خوێندنەوەیەک بۆ ئەو ستەم و چەوساندنەوە و ئازار و خۆشی و هەم ناخۆشی و نائومێدی و هەم سەرکەشیی رۆحی هەمیشە یاخیگەرانە، کە تیایدا بە ملیۆنان بوون بە قوربانی، بەڵام تا هەنووکەش ململانێ و تێکۆشانەکە بەردەوامە و بگرە ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز وای دەبینن، کە هێشتا سەرەتای گەشتێکی یەک (ملیۆن میل)ییە، کە تاوەکوو ئێستا چەند هەنگاوێکمان تیایدا ناوە.


ئەگەر ورد و راستگۆ بین، خودی ئەم رابوون و هۆشیارییە بە بوونی ستەم و نایەکسانی لەنێوان رەگەزی مێینە و نێرینە، بە چڕی و هەم لە رووی پراکتیکییەوە زادەی ئەو جومبش و جۆش و خرۆشە فیکرییە بووە، کە لە سەرەتای سەدەی بیستەم دەبێت بە خولیا و کەڵکەڵەی هەزارەها، هەم لەسەر ئاستی میللییگەرایی و هەم لەسەر ئاستی دەستەبژێری ئینتڵجنسیا و رۆشنبیرانی مرۆڤدۆست، گەرچی دەکرێت مێژووی ئەو رەنج و تێکۆشانە بگێڕینەوە بۆ تێکۆشانێک، کە تەمەنی چوار سەدەیە، شتێک کەمتر یان شتێک زیاتر، کە بڕوایەکی پتەو و رەگاژۆ هاتە کایەوە، کە دەزگای ستەمکارانەی (پاتریارکی) هەلومەرجێکی نامرۆڤانەیە، کە ئیدی ناکرێت جێگەی گومان و پرسیارێکی ئەخلاقی و یاسایی و مەزهەبگەرایی و میرات و کولتوورێکی پاشکەفتی و تاریکپەرستی نەبێتەوە و هەم بیر لە هەڵوەشاندنەوەی نەکەینەوە؟


زەقترین و سادەترین گومان و پرسیار لەمڕۆکەدا سەبارەت بە دەزگا و دامەزراوەی خانەوادەیی، کە بە ناوی تێکنەچوونی شیرازە و بنیاتی خێزان، کە بە زۆردارەکی لەسەر کۆمەڵێک پایەی کلۆر و داڕزیو وەستاون، وای کردووە، کە بە ملیۆنان لە دایکان و ژنان و کچان و کوڕان، لە دۆخ و هەلومەرجێکی کوشندە و نامرۆییدا بژین، بڕیاردەر و سەرداری ماڵ خودی باوکەکانن، جا چ سەر بە چینی زەحمەتکێش و ژێرەوە بن، یان چینی سەرەوە و خواپێداو، کۆی ئەندامانی خانەوادە لەبەردەم باوکەکاندا موڵکن و بەس، کۆی ماشێنەکان و خانووەکان و کۆی میرات و سامان و دارایی ئەوان لەنێو چنگی باوکەکاندا، چارەنووسی کچان و کوڕان پتر باوکەکان رەسمی دەکەن، مەرجە هەڵبژاردنی کۆلێژ و هەم هاوسەر و مەزهەب و بگرە جۆری جلوبەرگیان بە دڵی ئەوان بێت، هەڵبەتە لە هەڵبژاردە سادەکاندا پرسە گورگانە بە دایکەکانیش دەکرێت.


نزیکترین نموونە تراژیک و کارەساتبار لەم مانگەدا، کوشتنی (خەولە) بوو لە هەولێر، کە خواستی بووە بە ئارەزووی خۆی شوو بکات، دیارە سەبارەت بە کوشتنی ژنان و کچان لەسەر لەکەداربوونی بنەماڵە، بە بیانووی نامووسپەرستی، ئاماری ساڵانە پێمان دەڵیت، کە کوشتارگەیەکە، وەک قوربانییەکانی جەژنی قوربان خوێنی هەزاران لە کچان و ژنان فوارە دەکات. دیارە ئامارەکان لە کوردستان و (ڕەشهەڵاتی ناوەڕاست)دا لە هیچ دەور و زەمانێکدا بە راست و دروستی لە لایەن پۆلیس و دەزگا پەیوەندیدارەکان و هەم کەناڵەکانی راگەیاندن و ماس- میدیا و رێکخراوەکانی خانمانەوە هەرگیزاوهەرگیز رانەگەیاندراوە، دەتوانین بێشەرمانە بڵێین، ئێمە کۆمەڵگایەک نین رێز لە داتا و ئامار بگرین، کە لە دونیای پێشکەوتوودا پێوانەی سەرەکی بۆ دەستنیشانکردنی هەر دیاردەیەک و رووداوێک لەسەر ئاستی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی، لە رێگەی ئامار و داتاوە جێکەوتە دەبێت.


سەرباری ئەوەش، خێزان و بنەماڵە وەک (قەڵای مێردان)ی سەختگیر چاوی لێ کراوە، هەر لە سۆنگەی پاراستنی شەرەفی خانەوادە و هۆز و تیرە و خێڵە خوێنخۆرەکانە، کە بە سەدان لە کچان و ژنان دەکوژرێن، بێ ئەوەی کەسانی دیکە بیزانن، لەناو بازنەی داخراوی نامووسپەرستەکانی خێزانەکاندا دێزە بەدەرخۆنە دەکرێن، هەم مەحاڵە هەواڵی مەرگی قوربانییەکان بگاتە کەناڵەکانی راگەیاندن و پۆلیس و رێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتان و خوشکانی موسڵمان.


ئەوەی دەگوزەرێت بەکۆیلەکردنی ژنان و کچانە، دیارە مێنتاڵتی و زیهنییەت و رۆحی ستەمکارانەی باوکەکانە، کە وای کردووە براکان دەستیان بە خوێنی خوشکەکانیان و هەم کوڕەکان بە خوێنی دایکانیان سوور بێت، گەر گومانێکی کەمیش لەئارادا بێت، یان زەق و قەبە بکرێتەوە، هەر فەرمان و دەستەڵاتی باوکەکانە، کە وای کردووە هەلومەرجێکی کۆمەڵایەتیی وا بێتە پێشەوە، کە دایکەکانیش ناچار بکرێن نەخشە و پلانی کوشتنی کچەکانیان دابڕێژن، چونکە رۆحی شکۆمەندانەی بەتاڵ و خۆپەرستانەی باوکەکان، لە باپیرانەوە وەک میرات بۆمان ماوەتەوە، کە دەگوترێت: "دایکە ببینە و دۆتە بخوازە!"؛ خودی ئەم پەند و بالۆرە و دەستەواژەیە بەڵگەیەکە، کە خراپەکاریی كچەکان گوناهی دایکەکانە نەک هی باوکەکان، کە دیارە وشەی (گوناه) وەک یاسا و رێسا مەرجە بسڕێتەوە، سڕینەوەی ئەو ئابڕووچوونە، یان تکانی چەند دڵۆپە خوێنێک لە دامەنی کچەکان، هەتا گەر بە زۆردارەکییش ئەتک و لاقە کرابن، خودی کەتنەکە دەکەوێتە ئەستۆی دایکەکانەوە، مەرجە دواجار باوکەکان ئەستۆپاکیی خۆیان بسەلمێنن، کە تەنیا بە رشتنی خوێنێکی گەش کۆتایی دێت!