حکوومەتی شانشینی هۆڵەندا قەرەبووی ماددیی هاووڵاتییەکی شاری مووسڵ، دەکاتەوە.
خاتوو ئانک بیجڵیڤێد، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا رایگەیاندووە، سوورن لەسەر قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییەکی عێراقی.
بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، رۆژی 20-9-2015، فڕۆکەیەکی جەنگیی هۆڵەندی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ”بە هەڵە“ ماڵی هاووڵاتیی باسم رەزۆی لە مووسڵ بۆردومان کردووە.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هاوسەر، کوڕەکەی و کوڕە مامێکی باسم رەزۆ و کەسێکی دیکە گیانیان لەدەست داوە.
وەزیری بەرگریی هۆڵەندا رەتی کردووەتەوە بڕی ئەو پارەیەی وەک قەرەبوو دەدرێتە ئەو هاووڵاتییە عێراقییە ئاشکرا بکات و رایگەیاندووە، قبوڵکردنی پێدانی قەرەبوو بە مانای ئەوە نایە، هۆڵەندا بەرپرسیارێتیی بۆردومانەکە هەڵبگرێت.
پێشتر باسم رەزۆ لەڕێگای پارێزەرێکەوە سکاڵایەکی دژی وەزارەتی بەرگریی هۆڵەندی تۆمار کرد و داوای قەرەبووی دوو ملیۆن یۆرۆی کردبوو.