بۆچی کۆرۆنا زیاتر کار لە بەساڵاچووان دەکات؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بۆچی کۆرۆنا زیاتر کار لە بەساڵاچووان دەکات؟

 

بە گوێرەی زانیارییە پزیشکییەکان، کاتێک بەساڵاچووان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبن، ئەگەری مردنیان زیاترە لەو کەسانەی تەمەنیان لە خوار چل ساڵییەوەیە.

ئەم بابەتە لە لایەنی تەندروستییەوە رێی تێ دەچێ، چونکە بەساڵاچووان رێژەی هەرە زۆری تووشبووان بە نەخۆشییەکانی شەکرە وسییەکان و فشاری خوێن پێک دێنن.

بەڵام هەندێک لە زانایان هۆکارێکی دیکە دیار دەکەن، کە دەبێتە هۆی زیاتر تووشبوونی بەساڵاچوون بە نەخۆشییەکە، ئەویش پیربوونی کۆئەندامی بەرگریی مرۆڤە.

بەگوێرەی رۆژنامەی (نیۆیۆرک تایمز)، خانەکانی کۆئەندامی بەرگریی مرۆڤ لەگەڵ تێپەڕبوونی کات گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و زۆر ئاڵۆز دەبن. بەهۆی ئەو گۆڕانکاریانەشەوە، کۆئەندامی بەرگریی بەساڵاچووان بەشێوەیەکی نەگونجاو وەڵامی دەبێ، یان ئەوەتا زیادەڕۆیی دەکا لە پیشاندانی نەخۆشییەکە، کە دەبێتە هۆی هەوکردنێکی زۆر، یانیش بەدرەنگەوە کارلێک لەگەڵ ئەو مەترسییە دەکا، کە رووی لە لەشی کردووە، وەک هاتنە ناوەوەی ڤایرۆس.

ئەو توێژەرانەی لەسەر پیربوونی کۆئەندامی بەرگری دەخوێنن دەڵێن، تێگەیشتن لەم گۆڕانکارییانە نەک هەر یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لە کاریگەریی تەمەن، بەڵکو لە دواڕۆژدا کار ئەکا بۆ دانانی رێوشوێنی باشتر لە بواری پێکوتە و دەرمانی نەخۆشیی (کۆڤید- 19).

ئارنی ئەکبەر، توێژەری تایبەتمەند لە زانستی بەرگری لە زانکۆی لەندەن، لە توێژینەوەیەکیدا، کە لە گۆڤاری (ساینس) بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بۆ رۆڵی پیریی کۆئەندامی بەرگری کردووە.

بۆ تێگەیشتن لەوەی روو ئەدا، پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین، کە ئەوکاتەی ڤایرۆس دەچێتە لەشی مرۆڤەوە، ئەوا خانەکان لە ریزی پێشەوە دەبن بۆ رووبەڕووبوونەوەی، چ بەشێوەیەکی سووک یانیش بە توندی. کارەکە هەر بە خانەکانی ریزی پێشەوە تەواو نابێ، بەڵکوو خانەکانی دیکەیش دەکەونە مەترسی، بۆ ئەوەی لەوپەڕی ئامادەیی دابن بۆ بەرگریکردن لەو دوژمنە دەرەکییە، کاتێکیش ئەم وەڵامدانەوەیە دەبێ، ئەوا بۆ زاڵبوون بەسەر ڤایرۆسەکە، هەوکردن دروست دەبێ. ئا لەو کاتەدا کۆئەندامی بەرگریی خۆڕسک و ناتایبەتمەند هاوکاریی دەکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە، ئەویش لە رێی رزگاربوون لەو خانە زیانبەخش و پرۆتینانەی، کە ناتوانن بە ئەرکی خۆیان هەستن، ئەم کردارە هەر بەردەوام دەبێ، تا ئەو کاتەی لەشی مرۆڤەکە لە ڤایرۆس پاک دەبێتەوە.

بەڵام بەگوێرەی توێژینەوەکەی ئەریک فیردین، توێژەری تایبەت بە زانستی بەرگری، لەناو کەسانی بەساڵاچوودا، کۆئەندامی بەرگری ناتوانێ خۆی لەو ماکانە رزگار بکات، چونکە قەبارەی بەشێوەیەکی بەرچاو گەورە دەبێ.

زانایان جەخت دەکەنەوە، کاتێک مرۆڤ بە ساڵدا دەچێ، ئەوا کۆئەندامی بەرگریی خۆڕسک و ناتایبەتمەندی حاڵەتی هەوکردن دژ بە نەخۆشییە دەرەکییەکە وەردەگرێ، ئەمەش لە رووی تەندروستییەوە وەڵامدانەوەیەکی سوودبەخش نییە. جگە لەمەش، خانەکانی پێکهاتەی لەشی بەساڵاچووان لەخۆوە مادەی هەوکردن دەردەدەن، هۆیەگەش ئەوەیە، کە لەگەڵ تێپەڕبوونی تەمەن، گۆڕانکاریی گەورە بەخۆوە دەبینێ. بۆیە ئەو کەسەی تەمەنی لە سەرووی 65  ساڵیدایە، زۆرجار لەشی رێژەیەکی زۆر لە پرۆتینەکانی کۆئەندامی بەرگریی وەک (سیتۆکین) لەخۆ دەگرێ، کە بەرپرسە لە هەوکردن.

ئەو پرۆتینانەی پەیوەستن بە کۆئەندامی بەرگری، لە بەساڵاچوواندا زۆرترن بەراورد بە گەنجان، ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچوونی باری تەندروستیی لەلایەن ئەم توێژەوە. ئەم گۆڕانکارییەش دەبێتە هۆی تێکدانی ئەو پەیامەی، کە کۆئەندامی بەرگری بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکە دەینێرێ، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی نەگاتە ئامانجە دیارکراوەکە.