كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

هەڵمەتی چارەسەرکردنی گرفتی شەقام و رێگاکانی ناو شاری هەولێر بەردەوامە

بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی هەولێر دەڵێ، ماوەی زیاتر لە مانگێکە دەستمان کردووە بە هەڵمەتێکی چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبانەکانی سنووری شاری هەولێر و تا ئێستا زیاتر لە 40 شوێنمان نۆژەن کردووەتەوە.

عیماد محەمەد ئەمین، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگا و بانی هەولێر، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند:  "ئێمە پڕۆژەمان زۆرە بەڵام دەرخستەمان کەمە، بودجەی پڕۆژەکانی ئێستا لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دابین دەکرێت، بەشێکیشی لەسەر بودجەی گەشەپێدانی پارێزگا دابین دەکرێت، بەڵام ئێمە بودجەیەکی مانگانەی خۆمان هەیە کە هیچ پەیوەندی بە پڕۆژەوە نییە، ئێمە بەو بودجە کەمە تەنیا دەتوانین ئەو شوێنانەی گرنگن و چاڵ و چۆڵیان دروستکردووە لەسەر شەقامەکان چاکیان بکەینەوە و نۆژەنیان بکەینەوە، واتە ئەو بڕە پارەیە بەشی پێویستی ئێمە ناکات".

گوتیشی:  "ئەو ڕێگایانەی ئێمە چاکیان دەکەینەوە دەکەونە سنووری ئەرکی بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی هەولێر و ئەو شوێنانەی دەکەونە سنووری دەرەوەی شارەوانییەکانی هەولێر، واتە سەنتەری شاری هەولێر و قەزا و ناحیەکانی لە سنووری کار و چالاکی ئێمەدا نیە".

ڕاشیگەیاند:  "لە ماوەی ئەو مانگ و نیوەی کارکردنمان 43 شوێنمان چاککردووەتەوە لەسەر ئەرکی خۆمان و تا ئێستاش کێشەی لە %40 ی ڕێگاکانمان چارەسەر کردووە و بۆ چاککردنەوەی سەرجەم ڕێگاکانیش پێویستمان بە بودجەیەکی گەورە هەیە".

ڕوونیشیکردەوە، “لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قۆناغی یەکەمی چاککردنەوەی ڕێگاوبانەکانمان دەستپێکرد، کە پێکهاتبوو لە 21 پڕۆژەی گەورە و 21 ڕێگای سەرەکیمان نۆژەنکردنەوە، بودجەی ئەو پڕۆژانەش بڕی 40 ملیار دینار بوو بۆ هەرسێ پارێزگاکە و پشکی هەولێریش 10 ملیار دیناری بەرکەوت".