بەڕێوەبەرى گواستنەوەى هەولێر رایگەیاند دواى شەش مانگ لە وەستانى بە هۆى پەتاى کۆڕۆناوە، لەمڕۆوە پڕۆسەى لێدانى لۆگۆ و شریتى تاکسى لە سنوورى هەولێر دەستى پێکردووەتەوە ئەمەش دواى دەستپێکردنەوەى دەوام و ئاسایی بوونەوەى دۆخەکە.
عەبدولخالق عەلى، بەڕێوەبەرى گواستنەوەى هەولێرى سەر بە وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندن بە (باسنیوز)ى راگەیاند: "بە هۆى رێککارەکانى خۆپارێزى لە پەتاى کۆڕۆناوە پڕۆسەى لێدانى شریت و لۆگۆى و دەرهێنانى کارتى زانیاری بۆ شۆفێرانى تاکسى بۆماوەى شەش مانگ وەستێندرا، بەڵام بەهۆى ئاسایبوونەوەى دۆخەکە و دەستپێکردنەوەى دەوام لە مڕۆوە دەستمانکردەوە بە پڕۆسەکە و سەرەتاش رۆژانە ژمارەیەکى کەم مامەڵە بەرێدەکەین".
راشیگەیاند: "بەر لە بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆڕۆنا دەستمانکرد بە پڕۆسەى لێدانى لۆگۆ و شریتى تاکسییەکان و لەکۆى 35 هەزار تاکسى سنورى پارێزگاى هەولێر، تەنیا دوو هەزار و 800 تاکسى شریت و لۆگۆیان بۆ بەسترا، بۆیە ئێستا دەستمان بە پڕۆسەکە کردۆتەوە و داوا لە شۆفێران دەکەین سەردانمان بکەن بۆ وەرگرتنى فۆڕم و دەستپێکردنى مامەڵەکانیان".
ئاماژەى بە ئەوەش کرد" رێککارەکان هەمان ئەو رێککارانەن کە لەسەرەتاوە بڵاومان کردبۆوە،کە پێویستە شۆفێرى تاکسى پشتگیرى ئاسایشى گەڕەک و بەڕێوەبەرایەتى نەهێشتنى تاوان بەدەست بێنێت، بۆئەوەى بیسەلمێنێت پێشینەى تاوانى نییە بەتایبەت تاوانى گێچەڵى سێکسى، لەگەڵ وەرگرتنى کارتى زانیارى لە فەرمانگەى بایۆمەترى، پاشان مامەڵەکە دەبات بۆ کۆمپانیا و شریت و لۆگۆکەى بۆ چەسپ دەکرێت".