ئێران هەڕەشەی سەربازی لە ئیمارات دەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئێران هەڕەشەی سەربازی لە ئیمارات دەکات

بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەیەکی سەربازیی توند لە ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو دەکات.

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، یاریدەدەری سەرۆکیپەرلەمانی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، رایگەیاندووە، ئیمارات بەهۆی گوشارەکانی ئەمریکاوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە.

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان هەروەها رایگەیاندووە، دەوڵەتی ئیسرائیلی بەرەو لەناوچوون دەچێت و نابێ ئیماراتییەکان ئەوە لەبیر بکەن، کە بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ”وەک کۆمەڵگەیەکی جولەکەنشین سەیری ئیمارات دەکات“.

ئەو یاریدەدەرەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڕەشەیەکی توندی لە ئیمارات کردووە و رایگەیاندووە، ئەگەر دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیلی یان ”بەکرێگرتەکانیان لە ئێران“ هەر کردەیەک لەناو خاکی ئێران بکەن، ئەوا ئیمارات بەشێکی بەرپەرچدانەوەی سەربازیی ئێرانی بەبەر دەکەوێت.

عەبدوڵڵاهیان هیوای خواستووە ”عاقڵەکانی ئیمارات“ وڵاتەکەیان بگەڕێننەوە سەر ”رێگای راست“.

پێشتر لە رۆژی 13-8-2020، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، محەمەد بن زایدی شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی و بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئیمارات و راگرتنی لەخۆگرتنی ناوچە کێشەلەسەرەکانی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە، رێککەوتن.