سعوودیە: هەتا وڵاتی سەربەخۆی فەلەستین دانەمەزرێت پێوەندیمان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی نابێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سعوودیە: هەتا وڵاتی سەربەخۆی فەلەستین دانەمەزرێت پێوەندیمان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی نابێت

شا سەلمان، شای شانشینی سعوودیە لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاشکرای کرد سعوودیە کاتێک پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەبێت کە وڵاتی سەربەخۆی فەلەستین دابمەزرێت.

میدیای فەرمی سعوودیە ئەمڕۆ دووشەممە لەزاری شا سەلمانەوە بڵاوی کردووەتەوە دوێنێ یەکشەممە 2020.9.6 شای سعوودیە لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ پێشوازیی لە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ئاساییبوونەوەی پێوەندیی وڵاتانی عەرەبی و ئسیرائیل کردووە، بەڵام جەختی کردووەتەوە وڵاتەکەی خوازیاری چارەسەردنی دادپەروەرانەی پرسی فەلەستینە و ئەوەش خاڵی دەسپێکی "ئاشتیی عەرەبی"یە کە ساڵی ٢٠٠٢ ڕیاز وەک پرۆژەیەک هێناویەتە گۆڕێ.

ئاماژە بەوەش کراوە، پێکهاتنی وڵاتی سەربەخۆی فەلەستین و چوونە دەرەوەی یەکجارەکیی ئیسرائیل لە خاکی فەلەستین کەلە ساڵی ١٩٦٧ەوە ڕووی داوە، تەنیا ڕێگای ئاشتییە و دەبێتە دەسپێکی ئاساییبوونەوەی پێوەندیی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی.

لە مانگی ڕابردووەوە بە نێوبژیوانیی ئەمریکا ئیمارات وەک سێیەم وڵاتی عەرەبی پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو ڕێورەسمی واژۆی ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات لە واشنتۆن بەڕێوە بچێت.

پێشتر هەردوو وڵاتی میسر و ئۆردن لەگەڵ ئیسرائیل پێوەندییەکانیان ئاسایی کردووەتەوە.

ڕێککەوتنی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل لە ئاستی وڵاتانی ناوچەکە و ئەورووپا پێشوازیی لێ کراوە، بەڵام لە بەرانبەردا کۆماری ئیسلامیی ئێران بە خەیانەتی ئیمارات وەسفی کردووە.