كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بوومەلەرزەیەکی بەهێز باکووری ئێرانی هەژاند

بەپێی زانیاریی میدیا فەرمییەکانی ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.1 بە پلەی ڕیختەر پارێزگای گولستان لە باکووری ئێرانی هەژاندووە و هەتا ئێستا ٢٢ کەس بریندار بوون.

ماڵپەڕی (ئیسنا) لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە بوومەلەرزە کاتژمێر 02:04 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 2020.9.7 لە نزیک شاری "ڕامیان"ی سەر بە پارێزگای گولستان لە باکووری ئێران ڕووی داوە و بەشێکی زۆر لە شارەکانی ئەو پارێزگایە و تەنانەت پارێزگای "سمنانیش"ی هەژاندووە.

بەپێی هەمان سەرچاوە و بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان هەتا ئێستا ٢٢ کەس بریندار بوون و زیاتر لە ٤٠ خانوو و باڵەخانەی هاووڵاتیان ڕووخاوە.

بوومەلەرزەکە لە قووڵایی ٩ کیلۆمەتریی زەوی و لە سێ کیلۆمەتریی شاری ڕامیان، لە نۆ کیلۆمەتریی "ئازاد شەهر" و لە ١٠ کیلۆمەتریی "خان‌بین" ڕووی داوە و ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر لەناو خەڵک بڵاو بووەتەوە و لە هەندێ شار خەڵک هەتا بەیانی لەناو شەقامەکان بوون.

عەلی بەختیاری گوتەبێژی ڕێکخراوی فریاگوزاریی ئێران لەمبارەوە ئاشکرای کردووە کە چەندین تیمی فریاگوزاری ڕەوانەی ناوچەکە کراون.