كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لیژنەى ناوچە کوردستانییەکان داواى کاراکردنەوەى لیژنەى جێبەجێکردنی ماددەى 140 دەکات

 

ئەندامێکى لیژنەى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێم رایگەیاند بۆ راگرتنى ئەو ستەمەى لە کورد دەکرێ لە ناوچە کوردستانییەکان، داواى کاراکردنەوەى لیژنەى جێبەجێکردنى ماددەى 140 مان لە حکوومەتی عێراق کردووە.

لیزا کاکەیى، ئەندامى لیژنەى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێم لە پەرلەمانى کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "لە دواى رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەر پڕۆسەى بە عەرەبکردنى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێم، بە شێوەیەکى رێکخراو و بەرنامە بۆ دارێژراو بە چەندین شێواز جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش بە هۆى نەبوونى پێشمەرگە لە ناوچەکە و سەپاندنى دەسەڵاتێکى ناشەرعى لە شارى کەرکووک بە تایبەت، هەر لە سوتاندنى دەغڵ و دانى جووتیارانى کورد و فرۆشتن و داگیرکردنى زەوى و زاریان و هێنانی عەرەب بۆ ئەو ناوچانە".

راشیگەیاند: "بۆ رێگریکردن لە هەنگاوەکانى بەعەرەبکردنى ناوچە کوردستانییەکان، لە دواین کۆبوونەوەمان لەگەڵ شاندى دانوستاندکارى هەرێم بۆ بەغدا، داواى کاراکردنەوەى لیژنەى جێبەجێکردنى ماددەى 140ى دەستورمان کردووە، چونکە ئێمە دەمانەوێ بەپێى دەستور کێشەکانى ناوچە کوردستانییەکان چارەسەر بکرێن و ئەو هەوڵەى بۆ گۆڕینى دیمۆگرافیاى ناوچەکە دەستى پێکردووە بیوەستێنین".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد" یەکێک لە تەوەرەکانى گفتوگۆى نێوان هەولێر و بەغدا، چارەسەرکردنى کێشەى ئەو ناوچانەیە چونکە رۆژانە هاووڵاتیانى کورد جگە لە داگیرکردنى زەوى و زاریان، هەڕەشەشیان لێدەکرێ و شەهید دەکرێن بۆ ئەوەى کەشێکى وا دروست بکەن کورد لە ژێر هەڕەشە و توۆقاندن ناوچەکە چۆڵ بکەن، کە ساڵەهایە باب و باپیرانى لەو ناوچانە دەژین و خاوەنى راستەقینەى زەوییەکانن".