كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پارتە سیاسییەكانی توركیا ڕەخنە لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەیان دەگرن

هەموو پارتە سیاسییەكانی توركیا، تەنانەت ئەوانەی نەیاری رەجەب تەیب ئەردۆغانیشن پێیان باشە لە دەریای سپی توركیا رۆڵی هەبێت و لە داهاتی گازی سروشتیی ئەو دەریایە بێبەش نەبن، بەڵام تەنیایی توركیا لەو ڕووەوە، پارتە سیاسییەكانی هێناوەتە دەنگ و رەخنەی توند لە سیاسەتی دەرەوەی توركیا دەگرن.

كەمال كلیچدارئۆغڵو سەرۆكی جەهەپە كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، لە وتارێكدا داكۆكی كرد كە پێویستە لە دەریای سپی توركیا قسەی خۆی هەبێت و مافی خۆی وەربگرێت، بەڵام رەخنەشی لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی گرت، بەوەی نەیتوانیوە دۆست دروست بكات تا لە گرژیی دەریای سپی بەتەنیا نەمێنێتەوە.

كلیچدارئۆغڵو داوای لە ئەردۆغان كرد، كە بەپەلە نێوانی لەگەڵ میسر ئاسایی بكاتەوە، چونكە میسر بووەتە یاریكەرێكی سەرەكیی دەریای سپی.

پارتی باش كە خاوەنی٤٠ كورسیی پەرلەمانییە، پشتگیری لە حكوومەت دەكەن كە پێویستە لە دەریای سپیدا رۆڵیان هەبێت و لەو غازەی لەناو دەریادا هەیە بێبەش نەبن، بەڵام پێیان وایە توركیا خاوەنی ئەو سیاسەتەی ئێستای بێت، ناتوانن لە دەریای سپی بگەنە ئامانجەكانیان.

مەراڵ ئاكشەنەر سەرۆكی پارتی باش (ئی پارتی) لە چەندین وتاردا، دژی سیاسەتی دەرەوەی توركیا قسەی كردووە و بە ئاشكرا دەڵێت توركیا لە سیاسەتی دەرەوەیدا شكستی هێناوە و داوا دەكات ئەردۆغان بە سیاسەتی دەرەوەیدا بچێتەوە.

ئەحمەد داودۆغلۆ سەرۆكی پارتی (ئایندە) بە هەمان شێوە لە وتارێكدا كە لە پێگەی خۆی لە (فەیسبووك و تویتەر) بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێت لە دەریای سپی تاكە وڵات كە پشتگیری لە توركیا دەكات ئازەربایحانە.

داودئۆغلۆ دەنووسێت: "بەداخەوە سیاسەتی دەرەوەی توركیا پشت بە هیچ ستراتیژییەتێك نابەستێت و هیچ ستراتیژیەکی نییە لە سیاسەتكردن، ئەوەی رەجەب تەییب ئەردۆغان بیەوێت و بە دڵی بێت ئەوە جێبەجێ دەكەن".

دانیش بەوەدا دەنێت كە سیاسەتی دەرەوەی توركیا زۆر لاوازە و پێویستە بە زووترین كات گۆڕانی بەسەردا بێت.

عەلی باباجان سەرۆكی پارتی (دەوا)، بە هەمان شێوە سیاسەتی دەرەوەی توركیا بە شكستخواردوو ناو دەبات و دەڵێت هیچ دۆستێكی نەماوە و، وڵاتانی دراوسێش هەمووی بوونەتە دوژمنی توركیا، ئەمەش ئەنجامەكەی خراپ دەبێت.

بەڵام لە بەرامبەردا ئاكەپە كە سیاسەتی دەرەوەی توركیا بەڕێوە دەبات، پێی وایە ئێستا توركیا باشترین ستراتیژییەتی هەیە بۆ سیاسەتی دەرەوە و، ئێستا لە هەموو سەردەمێك زیاتر توركیا لە ناوچەكەدا حیسابی بۆ دەكرێت.

ئەردۆغانیش لە تازەترین وتاریدا ئاماژەی دا، كە توركیای ئێستا جیاوازە لە توركیای پێشووتر و لە هەموو روویەكەوە توركیا بەهێزە، بۆیە هیچ لایەنێك ناتوانێت غەدر لە توركیا بكات و لە دەریای سپی مافی بخوات.

تاكە پارت كە پشتگیری لە سیاسەتی دەرەوەی توركیا دەكات مەهەپە (MHP)یە ئەو پارتەش لەناو پەرلەمان هاوپەیمانی ئاكەپەیە و لە هەموو بڕیار و پڕۆژە یاسایەكی ئاكەپە پشتگیری كردووە و، پارتەكانی تریش بە خائین ناو دەبات، چونكە پشتگیری لە سیاسەتی دەرەوەی توركیا ناكەن.