ڕێنوێنی بۆ دەستپێکردنەوەی سەردانی بەندکراوان دەردەکرێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ڕێنوێنی بۆ دەستپێکردنەوەی سەردانی بەندکراوان دەردەکرێ


گوتەبێژی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد ڕێنوێنی بۆ دەستپێکردنەوەی سەردانیکردنی ھاووڵاتییان بۆ لای بەندکراوان دەردەکرێ و داواش کراوە ئالوگۆڕی بەندکراوان لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران دەست پێبکاتەوە.


ئاریان ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی کاروکارباری کۆمەڵایەتی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند بەھۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و وەک خۆپارێزییەک لە پەتاکە، ماوەی چەند مانگێکە سەردانیکردنی بەندکراوان لەلایەن کەسوکاریانەوە وەستاوە و ھاووڵاتیانیش داوا دەکەن پێداچوونەوە و ئاسانکاری بۆ ئەو بابەتە بکرێت.


لەبارەی دواین کار و بڕیاری حکوومەت بۆ ئەو بابەتە، ئاریان ئەحمەد گوتی لیژنەی باڵای ھەماھەنگی و قەیرانەکان سەرقاڵی دەرکردنی کۆمەڵێک ڕێنوێنی تەندروستی و مەرجە بۆ ئەوەی بابەتی سەردانیکردنی بەندکراوان دەست پێبکاتەوە بۆیە ھەرکات ڕێنوێنییەکان دەرچوون و حکوومەت ڕەزامەندی لەسەریان دا، بڕیارەکە دەچێتە باری جێبەجێکردنەوە.


گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی باسی لەوەش کرد كە ماوەیەکە ئاڵوگۆڕی بەندکراوان لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران وەستاوە بۆ ئەو مەبەستە داوامان لە وڵاتی ئێران کردووە پڕۆسەکە دەست پێبکاتەوە لەو ڕووەوە چاوەڕێی وەڵامی ئەوانین.