ڕێکخراوێکی ژینگەیی هۆكاری سووتانی شاخی گۆیژە و ئەزمەڕ ئاشكرا دەكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ڕێکخراوێکی ژینگەیی هۆكاری سووتانی شاخی گۆیژە و ئەزمەڕ ئاشكرا دەكات


ئەمڕۆ هەینی سەرۆکی ڕێکخراوێکی ژینگەیی ئاشكرای كرد ماوەی چەند ساڵێكە بە هۆكاری نادیار، هەر جارەی بەشێك لە شاخی ئەزمەڕ و گۆیژەی شاری سلێمانی دەسوتێ، بەڵام هۆکارە سەرەكییەكە ئەوەیە كە بە كردار بڕیارەكانی پاراستنی ژینگە جێبەجێ ناكرێن.


مەعروف مەجید سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بە هۆكارێكی نادیار ئاگر لە بەشێكی چیای گۆیژەی شاری سلێمانی كەوتەوە، بەهۆیەوە رووبەڕێكی زۆری دارەكانی چیاكە سووتان، كە هەموویان تەمەنیان زیاد لە سەروو پەنجا ساڵەوە بوو، تا ئێستاش هۆكاری کەوتنەوەی ئاگرەكە دیار نییە.


گوتیشی ئەوەی مایەی نیگەرانی و جێی پرسیارە ئەوەیە کە ساڵانە لە سەرەتای هاتنی وەرزی هاوین چەندین كۆبوونەوە و لێدوان دەدرێ تایبەت بە پاراستنی دارستانە دەستكرد و سرووشتییەكان و دروستکردنی ناوبڕ و ئاگربڕ، بەڵام دوای ئەوەی دەكەونە وەرزی هاوین و وشكبوونی پووش و پاوانەوە، بڕیار و گوتەکان نابنە کردار، بەم هۆیەوە ئەو كارەساتانە روودەدەن.


مەعروف مەجید ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ساڵانە ئاگركەوتنەوە و سوتانی درەختە بەتەمەنەكان تا دێت روو لە زیادبوونن و لایەنی پەیوەندیداریش وەک پێویست نەیتوانیوە بەرنامەیەك دابنێ بۆ ئەوەی كەمترین زیان بەر ژینگە و سروشتەكەی بكەوێت، بۆیە دەکرێ لەمەودوا بەشێکی ئەو پارەیەی بۆ هەڵمەتی نەمامچاندن و پرۆسەی سەوزكردن خەرج دەکرێ، بۆ پاراستنی درەخت و نەمام و دارستانەکان تەرخان بکرێت.