باتمان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

باتمان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو

دوێنێ پێنجشەمە، دەزگاکانی راگەیاندن ئاشکرایان کرد، کە پاڵەوانی فیلمی (پیاوی وات وات) یان (باتمان) تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، بەمەش کارکردن لە فیلمە نوێیەکەی (The Batman) راگیران.

رۆژی پێنجشەمە، هەردوو گۆڤاری (فانیتی فێر) و (زە هۆڵیود ریپۆرتەر) ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، ئەکتەری بەریتانی (رۆبێرت باتنسۆن) تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کارکردن لە فیلمی (The Batman) لە بەریتانیا بۆ ماوەیەکی کاتی رابگیرێن.

کۆمپانیای (وارنەر برازەرس) لە راگەیاندراوێکیدا دەڵێ: “یەکێک لە ئەندامانی فیلمی (The Batman)ملن تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە”، بە بێ ئەوەی ناوی بهێنێ.

بەگوێرەی (رۆیتەرز)، کۆمپانیاکە لە راگەیاندراوەکەیدا جەخی کردووەتەوە: “وێنەگرتنی فیلمەکە بۆ ماوەیەک وەستێنراوە”.

بەگوێرەی ئاژانسی (ئەسیۆشێتد پرێس)یش، گوتەبێژ بەناوی کۆمپانیای (وارنەر برازەرس) ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە: “ئەندامە تووشبووەکەمان بەپێی پرۆتۆکۆلە کارپێکراوەکان لەوانی دیکە جیاکردووەتەوە”.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکا، کە (رۆبێرت باتنسۆن) رۆڵی پاڵەوانی فیلمە نوێیەکەی (The Batman) دەبینێ، کە لە دەرهێنانی (مات ریفز)ە و چەند رۆژێکی کەمە کارەکانی وێنەگرتن و تۆمارکردنی فیلمەکەی دەست پێکردووەتەوە، دوای ئەوەی بۆ ماوەی 6 مانگ بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە رایانگرتبوو.

بڕیار وابوو فیلمی (The Batman) لە مانگی حوزەیرانی 2021 پێشکەش بکرێ، بەڵام بۆ مانگی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ دوا خران.

شایانی باسە کە بۆ یەکەمجار فیلمی (The Batman)، کە زنجیرە فیلمێکی خەیاڵیی کۆمپانیای (دی سی کۆمکس)یە دەرهێنراوە و دواتر کۆمپانیای (وارنەر برازەرس) بەردەوامیی بە کاری دەرهێنانی زنجیرە فیلمەکە داوە و تا ئێستا چەندین فیلمی باتمان بە پاڵەوانی و دەرهێنەری جیاوازەوە دەرهێنراون، کە دوامینیان ئەم فیلمەیە، کە لەم رۆژانەدا لە بەریتانیا وێنەی دەگیرێ و لە دەرهێنانی (مات ریفز)ە و پاڵەوانەکەیشی (رۆبێرت باتنسۆن)ە، کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.