كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
وژار فهری 04/09/2020

گرنگیی سەردانی سەرۆکی فەرەنسا بۆ عێراق

سەردانیکردنی سەرۆکی وڵاتی فەرەنسا کە یەکێکە لە زلهێزەکانی جیهان مانا و تایبەتی خۆی هەیە بۆ عێراق، بە تایبەتی کە ئێستا عێراق لە کاتێکی سەختی ئابووری و سیاسی و تەندروستیدا تێپەردەکات. هەمیشە لە کاتە سەختەکاندا فەرەنسا بەدیاردەکەوێت، بە واتایێکی تر هەمیشە فەرەنسا دەیەوێت بەشێک بێت لە چارەسەر. (ئیمانوێل ماکرۆن) بە ئاشکرا بە هەموو لایەنەکانی عێراقی راگەیاند کە دەستێوەردانی دەرەکی و لاوازی حکومەتی عێراق بەربەستە بۆ پێشکەوتنی وڵات. لەدوای سەردانی (مستەفا کازمی) بۆ واشنتۆن و کۆبوونەوە لەگەڵ (دۆناڵد ترەمپ)، سەردانی (ئیمانوێل ماکرۆن) ئەوە دەردەخات کە وڵاتانی رۆژئاوا پشتگیری لە هەوڵەکانی (مستەفا کازمی) دەکەن بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی وڵاتانی ناوچەکە لە کاروباری عێراقدا. رەنگە ئەو سیاسەتە و هەوڵەی وڵاتانی رۆژئاوا لە عێراق کۆتایی نەبێت و ئێستا سەرەتای بێت کە وڵاتانی ناوچەکە، بە تایبەتی ئەوانەی کە بوونەتە هەرەشە لەسەر بەرژەوەندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و فەرەنسا، سنووریان بۆ دابنرێت. کە بە دڵنیایەوە ئەم سیاسەتەی رۆژئاوا لە دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەدیار دەکەون.

ئەوەی کە بۆ ئێمەی کورد گرنگە لەو گەشتەی سەرۆکی فەرەنسا ئەوەیە کە بە بەرپرسانی عێراقی راگەیاند کورد بەشێکی گرنگی مانەوەی عیراقە، کە (مستەفا کازمی) دەتوانێت بە نزیکبوونەوە و هەبوونی پاڵپشتی کورد لە پەرلەمان و حکومەتدا، دەتوانێت قۆناغەکانی بەرەوپێشچوونی سیاسی لە وڵاتدا خێراتر بکات. (ئێمانوێل ماکرۆن) وەک هێزێکی کاریگەر سەیری پێگەی هەرێمی کوردستانی دەکات و بە گرنگی دەزانێت کە حکومەتی هەرێم و بەغدا بگەنە رێککەوتن.

لەم گەشتەی سەرۆکی فەرەنسادا باس لە پرۆژەیێکی هاوبەشی فەرەنسا و ویلایەتە یەکگرتووەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان کرا. بە دڵنیایەوە هەر پرۆژەیێک کە پاڵپشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی لەگەڵدا بێت بە پرۆژەیێکی بەهێز هەژمار دەکرێت کە هەموو لایەک پیویستە پییەوە پابەند بن. ئەگەر پرۆژەیێک لەلایەن وڵاتێکەوە دابریژرێت، رەنگە تووشی رەخنە و بەرهەڵستی وڵاتانی تر ببێتەوە، بەڵام پاڵپشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەم مەبەستە زۆر گرنگە. گرنگیەکی تر ئەوەی کە هەر بەندێک لەو پرۆژەیەدا بێت بە سوودی کوردستان، هیچ حکومەتێک ناتوانێت کە پشتگوێی بخات یان کێشە بخاتە بەر داواکاریەکانی کوردستان.