كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ھەولێر.. شەڵتەرێک بۆ کۆکردنەوەی سەگی بەڕەڵا دروست دەکرێت

 

قایمقامی قەزای ناوەندی قەزای ھەولێر ئاشکرای کرد بەرنامەیان ھەیە شەڵتەرێک بۆ کۆکردنەوەی سەگی بەڕەڵا دروست بکەن و ئێستا سەرقاڵی دەستنیشاننکردنی پارچە زەوییەکی گونجاون بۆ ئەو مەبەستە.

نەبەز عەبدولحەمید، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "ھاوشێوەی شار و ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان لە چەند کۆڵان و گەڕەکێکی ناو شاری ھەولێریش ژمارەیەک زۆر سەگی بەڕەڵڵا هەن کە دیاردەیەکی ناشارستانی و ناتەندروستە".

گوتیشی: "بەپێی یاسا دەتوانرێت ئەو سەگانە لەناوببرێن بەڵام ئێمە ئەو ڕێگەیەمان ھەڵنەبژاردووە و دەمانەوێت ھاوشیوەی وڵاتە پێشکەوتووەکان لە ڕێگەی کردنەوەی شەڵتەرێک ئەو سەگانە کۆبکەینەوە بەڕەچاوکردنی لایەنی ژینگەیی و تەندروستی".

باسی لەوەشکرد: "دروستکردنی شەڵتەرەکە لەبەرنامە و پلانماندایە و دوای تەرخانکردنی زەوی و بودجەی دروستکردنی بیناکە، کارەکە دەکەوێتە باری جێبەجێکردنەوە".

قایمقامی ناوەندی قەزای ھەولێر ئاماژەی بەوەش دا تا دروستکردنی شەڵتەرەکە ھاووڵاتییانی ھەرگەڕەک و کۆڵاتێک ئەگەر مەترسی ئەو سەگە بەڕەڵایانەیان لەسەر بوو دەتوانن پەیوەندی بە تیمەکانی شارەوانی و ڤێتەرنەرییەوە بکەن بۆ ئەوەی سەگە بەڕەڵاکان لە ناوچەکانیان دووربخەنەوە.