چاوان خەلیل: هونەری شانۆ بەشێکی گرنگی ژیانمە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

چاوان خەلیل: هونەری شانۆ بەشێکی گرنگی ژیانمە

 

چاوان خەلیل، خانمە هونەرمەندی شانۆکار و ڕاگەیاندنکار، کە ماوەی چەند ساڵێکە بێ دابڕان کاری ڕاگەیاندن دەکات، لەم دیدارەی (باسنیوز) باس لە ئەزمون کار و ژیانی خۆی دەکات.

چاوان بۆ (باسنیوز) گوتی:  "لە سەرەتای ساڵی 2014 دەستمکردووە بە کاری ڕاگەیاندن و لە چەند کەناڵێکی ڕاگەیاندن کارم کردووە، ئێستاش پێشکەشکارم لە کەناڵی (کوردستان تیڤی) و بەرنامەی (میڤان) پێشکەش دەکەم، بە دەر لە  کاری هونەری و ڕاگەیاندنیش کاری دۆبلێری دراماکان دەکەم".

گوتیشی:  "شانۆ بەشێکی گرنگی ژیانی منە هەر بەوهۆیەشەوە بوو ویستم کارێک بکەم لە هونەرەکەمەوە نزیک بێت بۆیە ڕاگەیاندنم هەڵبژارد، ئێستاش پەیوەندییەکی باشم لە نێوان هەردووکیان دروستکردووە وەکو دووانەیەکی لێک دانەبڕاو و بۆمن بوون بە تەواوکەری یەکتر، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە شانۆوە دەستمپێکردووە ئەگەر ڕۆژێکیش بێت و یەکێک لەم دوو کارەم هەڵبژێرم بێگومان هونەری شانۆ هەڵدەبژێرم".

زیاتر گوتی:   "تا ئێستا خاوەنی چەندین کاری هونەری و نواندنم، بەهۆی ئەوەی لە تەمەنی منداڵیمەوە دەستمکردووە بە کاری هونەری کردووە، یەکەمین کاری نواندنم تەمەنم پێنج ساڵ بووە، دواتر لە کۆلێژی هونەر خوێندم و لەوێش لە چەندینکاری نواندن و سینەمایی بەشداریم کردووە و دوا کارم درامای (لە چەشنی ئاو دەڕژم) بوو لە دەرهێنانی (مەهدی حەسەن)".

چاوان دەشڵێت:   "ئامانجم لە کاری ڕاگەیاندن ئەوەیە بگەمە ترۆپکی پێشکەشکاری باش و بتوانم خزمەتی هونەر و هونەرمەندان بکەم، چونکە من لە بواری هونەردا کاری پێشکەشکاری دەکەم، پێویستە ڕاگەیاندکاری سەرکەوتوو ڕۆشنبیرییەکی باش و پابەندییەکی باشی هەبێت بە ئەرکەکانی خۆی".

ڕاشیگەیاند:   "تا ئێستا هاوسەرگیریم نەکردووە و لەسەرەتای دەستبەکاربوونیشمەوە خانەوادەکەم یەکەم پاڵپشتی من بوون و سوپاس بۆ خوا تا ئێستا هیچ کۆسپێک نەهاتۆتە بەردەمم، چونکە ئەگەر خانمان وا بیر بکەنەوە مرۆڤن وەکو پیاوان هیچ کێشەیەکیان بۆ دروست نابێت لە کار کردندا، کاتێک من لە نێو کۆمەڵگایەکی ڕۆژهەڵاتی دەستم بە کاری ڕاگەیاندن کرد ڕێگەم نەدا هیچ شتێک ببێتە ڕێگر لە بەردەمم چونکە وەکو مرۆڤێک رەفتارم کرد”.