پەرلەمانتارێک: پێویستە شاندی هەرێمی کوردستان پێداگربن لەسەر زیادکردنی ئەو بڕە پارەیەی بەغدا دەینێرێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پەرلەمانتارێک: پێویستە شاندی هەرێمی کوردستان پێداگربن لەسەر زیادکردنی ئەو بڕە پارەیەی بەغدا دەینێرێ

 

ئەندامێکى لیژنەى دارایى و ئابووریى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند بۆ جێگیرکردنى پشکى کورد لە پڕۆژە یاساى بودجەى عێراق، پێویستە رێککەوتنێکى نوێ لە نێوان هەولێر و بەغدا بکرێ چونکە ئەو بڕە پارەیەى بەغدا رەوانەى دەکا بەشى بودجە ناکات.

شیروان میرزا، بە (باسنیوز)ى راگەیاند: "پێویستە شاندى دانوستاندکارى هەرێمی کوردستان لە بەغدا پێداگرى بکەن بۆ زیادکردنى ئەو بڕە پارەیەى کە بەغدا مانگانە بۆ هەرێمى کوردستانى رەوانە دەکات، چونکە ئەو 320 ملیار دینارە تەنیا بەشى مووچەى فەرمانبەران ناکات، ئەمە جگە لە بودجەى بەکارخستن و خەرجییەکانى حکوومەت".

راشیگەیاند: "ئێستا شاندى دانوستاندکارى هەرێمی کوردستان لە بەغدان بۆ ئەوەى بەشداربن لە داڕشتنى پڕۆژە یاساى بودجەى گشتى عێراق بۆ سێ ساڵ، بۆیە بەر لەوەى پشکى کورد جێگیر بکرێت دەکرێ ئێستا گفتوگۆى لە بارەوە بکەن و هەوڵ بدرێت پشکى هەرێمى کوردستان زیاد بکرێت، بە جۆرێک کە شایستەى هەرێمی کوردستان بێت".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد" بەغدا بڕیاریداوە مانگانە لەبەرامبەر رادەستکردنەوەى نیوەى داهاتى دەروازە سنورییەکانى هەرێمی کوردستان ئەو بڕە پارەیە رەوانەى هەرێم بکات، بەڵام دەکرێ رێککەوتنێکى باشتر لەو رێککەوتنەى ئێستا بکرێت بۆ زیادکردنى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى عێراقدا، ئەمەش پێویستى بە رێککەوتنێکى نوێ هەیە".