ژنە فۆتۆگرافەرێك لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان رۆڵی ڕێكخراوێكی خێرخوازی دەبینێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ژنە فۆتۆگرافەرێك لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان رۆڵی ڕێكخراوێكی خێرخوازی دەبینێت

گەلاوێژ ئەحمەدی، خەڵكی شاری سنەیە و یەكێكە لە فۆتۆگرافەرە دیار و بەتواناكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ئەو ئێستا جگە لە کاری فۆتۆگرافەری، وەك خێرخوازێك بە كارە مرۆییەكانی بووەتە فریادڕەسی چەندین خێزانی هەژار و لێقەوماو.

لەم دیمانەیەی (باسنیوز)دا، گەلاوێژ ئەحمەدی، باس لە سەرەتای كاری فۆتۆگرافی و چۆنیەتیی دەستپێكردنی بە كاری خێرخوازی و هاوكاریكردنی كەسانی لێقەوماو و هەژار دەكات.

سەرەتا ئەم فۆتۆگرافەرە خۆی ناساند و گوتی: "من گەلاوێژ ئەحمەدی"م و خولیایەكی زۆرم بۆ وێنەگرتن هەیە و ماوەی ١٤ ساڵە وەك فۆتۆگرافەرێكی ئافرەت زیاتر لە بواری كۆمەڵایەتی و ژنانەوە كاری فۆتۆگرافی دەكەم. جگە لەوەی ئەو كارە حەز و خۆشەویستییە بۆ من، چەندین شتی باشی لێوە فێر بووم، یەكێك لەوانە ئەوە بوو، لەو رێگەیەوە ئەو خەڵكانەم ناسی، كە زانیم هەژارن و پێویستیان بە هاوكارییە".

گەلاوێژ ئەحمەدی، زیاتر قسەی لەسەر ئەو بابەتە كرد و گوتی: "سەرەتای دەستكردنم بۆ كاری مرۆیی و خێرخوازی، دەگەڕێتەوە بۆ كاتی رووداوی بومەلەرزەكەی سەرپێلی‌زەهاو لە كرمانشان، دوای رووداوەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوم كردەوە، كە دەمەوێت بۆ وێنەگرتن بچمە شوێنی رووداوەكە، لە هەمانكاتیشدا داوام لە خەڵك كرد، كە ئەوەی دەیەوێت هاوكاریی ئەو كەسانە بكات، با هاوكارییەكەی بگەیەنێتە دەستم و من بۆیان دەبەم. بۆ هاوكاریی ماددیش ژمارە بانكییەكەم بڵاو كردەوە، ئەوەبوو لە ماوەیەكی زۆر كەمدا، هەر ئەو شەوە نزیكەی ٣ ملیۆن تمەن كۆ كرایەوە. ئەوەش زۆر دڵخۆشی كردم، كە لەگەڵ چوونم بۆ سەرپێڵ بتوانم هاوكاری بۆ ئەو كەسانە ببەم، كە تووشی كارەسات و ماڵوێرانی بوون".

گەلاوێژ ئەحمەدی لە درێژەدا گوتی: "ئەوكات هەستم كرد، كە جگە لەو خزمەتەی لەڕێگەی كامێرەكەمەوە دیەكەم، لە هەمانكاتیشدا دەتوانم بە گەیاندنی پێداویستی بۆ كەسانی دەستکورت و لێقەوماو، خزمەتێكی تر بكەم. كاتێ بینیشم خەڵكەكە ئامادەیی باشیان تێدایە بۆ پێشكەشكردنی هاوكارییەكانیان، كەناڵی ئینستگرامەكەم كردە رێگەیەك بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن ئاگاداریی رووداوەكان بن و كەسانی لێقەوماو بناسن و هاوكارییان بكەن و منیش بۆیان ببەم. هەر هاوكارییەك کە بۆیان دەناردم، بە زووترین كات دەمگەیاندە ئەو كەسانەی، كە بەهۆی بومەلەرزەكەوە ماڵوێران بوون".

ئەو خاتوونە فۆتۆگرافەرە گوتیشی: "دوای گەڕانەوەم لە كرمانشانەوە بۆ سنە، بیرم لەوە كردەوە، كە پێویستە لەسەر ئەوكارە مرۆییە بەردەوام بم و بتوانم ببمە پردی پەیوەندیی لەنێوان كەسانی خێرخواز و خەڵکی هەژار. بۆ ئەوەش لە شاری سنە چوومە لای چەند كەسێكی دەوڵەمەند و رازی بوون بۆ ئەوەی بەیەكەوە بتوانین هاوكاریی خەڵكی هەژاری ئەو شارە بكەین، بەتایبەت قوتابیان، كە ئارەزووی خوێندنیان هەیە، بەڵام توانای كڕینی جلوبەرگ و پێداویستییەكانیان نییە، ئەوە بوو بەرە بەرە بەردەوام بووین و تا ئێستاش نزیكەی١١٠ خێزان لەلای ئێمەوە هاوكاری دەكرێن".

گەلاوێژ ئەحمەدی باسی لەوەش كرد، كە ئێستا بە شێوەیەكی تر هاوكاریی ئەو كچانە دەكات، كە شوویان نەكردووە و بێكارن، دەڵێت: "بیرم لەوە كردەوە، كە پێویستە ئەو كچانە خۆیان داهاتێك پەیدا بكەن و بتوانن خۆیان بەڕێوە ببەن، دووەمیش ئەو كولتوورە ون نەبێت و بە كڕینی كەلوپەلی دروستكردنی فەرش و دواتر لە پارەی فرۆشتنی فەرشەكان، هاوكارییان بكات".

گەلاوێژ گوتیشی: “لە كاتی چوونیشم بۆ هەر شوێنێك، پرسیار لەو كەسانە دەكەم، كە هەژارن و نەخۆشن، یان دەیانەوێت هاوسەرگیری بكەن، یان كارەساتێكیان بەسەر هاتووە و پێویستیان بە هاوكارییە و ژمارە بانكییەكەیان لێ وەردەگرم هاوكارییان دەكەم".

 لە كۆتایی قسەكانیدا گوتی: "زۆر ئاسوودە و دڵخۆشم، كە بتوانم هاوكاریی خەڵك بكەم و دەمەوێت لێرەوە زۆر سوپاسی ئەو كەسانە بكەم، كە هاوكاری منن بۆ بە ئەنجامگەیاندنی ئەو كارە مرۆییانە، چونكە ئەگەر ئەوان یارمەتیدەرم نەبن، بەتەنیا ئەو كارەم پێ ناكرێت، سوپاسیان دەكەم، كە متمانەی زۆریان بە من هەیە، ئەوەش وای كردووە ڕۆژ بە ڕۆژ هەوڵی زیاتر بدەم".