كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

توركیا دەیەوێت ١٢ دوورگەی سەر بە یۆنان داگیر بكات

ترسی لێ نیشتووە یۆنان هێز ڕەوانەی دوورگەی مێیس بکات

لە چەند رۆژی رابردوودا میدیاكانی یۆنان بڵاویان كردەوە، سەدان سەربازی یۆنان بە چەكی قورسەوە رەوانەی دوورگەی (مێیس) كراون، بەهۆی ئەوەی ئەو دوورگەیە نزیكترین شوێنە لە توركیاوە كە تەنیا دوو كیلۆمەتر لە خاكی توركیا دوورە، بۆیە توركیا ترسی لێ نیشتووە و دەڵێت ئەو هەنگاوەی یۆنان بێ وەڵام نابێت.

 دوورگەی (مێیس) تەنیا دوو كیلۆمەتر لە ناوچەی (قاش)ی توركیاوە دوورە، بە گوێرەی رێككەوتنێكی نێوان توركیا و یۆنان لە ساڵی ١٩٤٧، ئەو دوورگەیە و ٢٢ دوورگەی‌تر كە سەر بە یۆنانن، پێویستە بێ چەك بكرێن و تەنیا ژیانی مەدەنیی تێدا بێت، بۆیە توركیا دەڵێت یۆنان رێككەوتنی شكاندووە و دژی بنەماكانی یاسا نێودەوڵەتییەكان جووڵاوەتەوە.

توركیا لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوە، یۆنانی تۆمەتبار كرد كە پێشێلی یاسای نێودەوڵەتی كردووە، چونكە لەو ٢٣ دوورگەی پێویست دەكات بێ چەك بێت، ئەو ١٦ دوورگەی پڕ چەك كردووە و هێز و چەكی لێی جێگیر كردووە. بەڵام یۆنان هەموو ئەو دەنگۆیانە رەت دەكاتەوە و دەڵێت تەنیا ئەو سەربازانە جێگۆڕكێیان پێ كراوە كە دوورگەی (مێیس) دەپارێزن.

لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی، كۆنفرانسی ئاشتی لە پاریس ئەنجام درا، لەو كۆنفرانسەدا بڕیار درا كە ١٢ دوورگەی سەر بە دەریای ئیجە لە دەسەڵاتی ئیتاڵیا وەربگیردرێتەوە و بدرێت بە یۆنان و رێككەوتنەكەش لە ١٩٤٧ واژۆ كرا، بەڵام یەكێك لە مادەكانی ئەو رێككەوتنە دەڵێت پێویستە ئەو دوورگانە بە هیچ شێوەیەك چەك و چۆڵی تێدا جێگیر نەكرێت، كە دوورگەی (مێیس) یش دەگرێتەوە.

زۆرجار رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وتارەكانی رەخنە بە مستەفا كەمال ئەتاتورك دەگرێت، بەوەی لە رێككەوتنی لۆزاندا نەیتوانیوە سنووری توركیا بە جوانی بپارێزێت و چەندین جار گوتوویەتی ئەو ١٢ دوورگەیەی ئێستا بە یۆنان دراوە، دەبوایە سەر بە توركیا بێت.

چەندین جاریش میدیاكانی سەر بە ئاكەپە باسیان لەوە كردووە، كە تاكە سەركردە لە توركیا بوونی هەبێت بۆ گێڕانەوەی ئەو ١٢ دوورگەیە تەنیا ئەردۆغانە، لە بەرامبەردا ئۆپۆزسیۆن دەڵێت لە رێككەوتنی لۆزاندا ئەتاتورك توانیویەتی سنووری توركیا بپارێزێت و بۆ ئەوكات سەروەرییەكی گەورە بووە توركیا ببێتە خاوەنی ئەو خاكەی ئێستا.

وەزارەتی بەرگریی توركیا وەكوو وەڵامدانەوەیەك بۆ یۆنان، لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی داوە، لە كاتێكدا ئەگەر یۆنان مەبەستی شەڕكردن بێت لەگەڵ توركیا، ئەوا ئەوانیش هێز لە دەریای ئیجە كۆ دەكەنەوە بۆ وەڵامدانەوەی یۆنان، هەروەها داوا دەكەن كە دوورگەی (مێیس) لەلایەن هێزی هاوبەشەوە بەڕێوە ببرێت، چونكە یۆنان پێشێلی رێككەوتنی كردووە بە ناردنی هێز و چەكی قورس بۆ ئەو دوورگەیە.

ژمارەی دانیشتوانی دوورگەی (مێیس) تەنیا٥٠٠ كەسە و هەمووشیان یۆنانین، لە كاتێكدا بەرلەوەی ئەو دوورگەیە بدرێتەوە بە یۆنان، عوسمانییەكان داگیریان كردبوو و خەڵكی خۆیانیان لێ نیشتەجێ كردبوو.

ماوەیەكە كێشەیەكی جیدی كەوتووەتە نێوان توركیا و یۆنان لە دەریای سپی ناوەڕاست، كە هەردوو لایەن دەیانەوێت بە دوای گازی سروشتی و نەوتدا بگەڕێن، بەڵام ئەو كێشەیە چەندین وڵاتی تریشی پەلكێش كردووە و ئەگەری شەڕێكی گەورەی ناوچەیی لەسەر دەریای سپی بەهێزە و بەردەوامیش هۆشیاری دەدرێت لە هێوربوونەوەی باردودۆخەكە.