بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی كارەبا: سەرجەم پڕۆژەكان دەتوانن ٦ هەزار و ٧٠٠ مێگاوات كارەبا بەرهەم بێنن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی كارەبا: سەرجەم پڕۆژەكان دەتوانن ٦ هەزار و ٧٠٠ مێگاوات كارەبا بەرهەم بێنن

”ئێستا تەنیا ٣ ھەزار ٧٠٠ مێگاوات كارەبا بەرھەم دەهێندرێت“

 دیار تاھیر بابان، بەڕێوەبەری گشتیی بەرھەمھێنانی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای ھەرێمی کوردستان، لە میانەی چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ (باسنیوز)دا، باس لە پڕۆژەکانی کارەبا و بەرھەمھێنانی کارەبا دەکات و ئاشکرای دەکات، خەرجییەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا زۆر کەم کراوەتەوە، بەڵاَم بەرھەم زیادی کردووە.

سەرەتا دیار بابان، باسی لە پڕۆژەیەکی گرنگی بەرھەمھێنانی وەزارەتی کارەبا کرد و گوتی: "دوای ئەوەی ١٤ی ٧ی ٢٠٢٠، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وێستگەی بەرھەمھێنانی کارەبای ھەڵمیی خەبات بەگەڕ خرا، ئێستا وێستگەکە بەتەواوی توانای خۆی، کە ٣٠٠ مێگاواتە، کار دەکات".

زیاتر گوتیشی: "ئەو وێستگەیە دوو یەکەی بەرھەمھێنانی کارەبایە، ھەر یەکەیەک ١٥٠ مێگاواتە، لەبەر کۆڕۆنا نەبوایە، کە ماوەی ٤ مانگ کارکردن لە وێستگەکە وەستا، پڕۆژەکە زۆر زووتر تەواو دەبوو، ئەو وێستگەیە ١٠%ی بەرھەمھێنانی کارەبای زیاد کردووە".

بابان دووپاتی کردەوە، ئەو پڕۆژەیە پڕۆژەیەکی ستراتیژیی کارەبایە و بە تەکنەلۆژیای تازە دروست کراوە، دەشڵێت: "تێچوووی دروستکردنی پڕۆژەکە ٥٦٤ ملیۆن دۆلارە و لە لایەن دوو کۆمپانیای کۆریی دروست کراوە، گرنگیی ئەو پڕۆژەیە لەوەدایە، پڕۆژەکە موڵکی تەواوی حکوومەتە و ھیچ ھاوبەشێکی نییە".

ئەو ھاتە سەر پڕۆژەی تری بەرھەمھێنانی کارەبا و گوتی: "ئێستا خۆمان بۆ ئامادەکردنی تەندەر ئامادە دەکەین، بۆ سێ پڕۆژەی بەرھەمھێنانی کارەبا لە وزەی خۆر، پرۆژەی بەرھەمھێنانی ٢٥ مێگاوات لە ھەولێر، ٢٥ مێگاوات لە سلێمانی، ٢٥ مێگاواتیش لە دھۆک، کە سەرجەمیان دەکاتە ٧٥ مێگاوات، بۆ دامەزراندنی ئەو ٣ وێستگەیەی وزەی خۆر، بەم نزیکانە بانگھێشتی کۆمپانیاکان دەکەین".

ئاشکراشی کرد، پڕۆژەیەکی تری کارەبایان ھەیە، کە گرێبەستیشی بۆ کراوە و بریتییە لە بەرھەمھێنانی ١٦٥ مێگاوات کارەبا لە ناوچەی گەرمیان: "ئەو پڕۆژەیە لەسەر ئەو غازە کار دەکات، کە بەفیڕۆ دەڕوات و دەسووتێت، پڕۆژەکە بۆ کۆمپانیایەکی بەریتانی دەرچووە، بەھۆی ھاتنی کۆڕۆنا ئەوان نەیانتوانی بێنە کوردستان، بڕیارە بەم نزیکانە بێن و دەستی پێ بکەن".

ئاماژەی بەوەش دا: "پڕۆژەی تری کارەبامان ھەیە، لەوانە دروستکردنی ھێڵی تازەی ٣٣ کەی ڤی و ١٣٢ کەی ڤی، ھەندێکیان گرێبەستی تازەیان بۆ کراوە و یەکێکی تر لەو پڕۆژانە لە کەسنەزان بەردی بناغەی بۆ داندرا، ئەویش بەستنەوەی ھێڵی ١٣٢ کەی ڤییە، پڕۆژەی وێستگەی ناوەندیش ھەیە و کاری بۆ دەکرێت، چەندین پڕۆژەش لەژێر جێبەجێکردندان".

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کارەبا باسی لە ژێرخانی کارەبا کرد و ئاماژەی بەوەدا، ئێستا پڕۆژەکانیان بەجۆرێکە، زۆر زیاترە لە خواست و پێداویستیی ھەرێمی کورستان، گوتیشی: "پڕۆژەکان بە گشتی  ٦ ھەزار و ٧٠٠ مێگاوات کارەبان و ئامادەن بۆ کارکردن، بەڵام ئێستا ٣ ھەزار و ٧٠٠ مێگاوات بەرھەممان ھەیە، ئەوەش کەمتر لە نیوەیە، چونکە ئێمە بەپێی ئەو سووتەمەنییەی بۆمان دابین دەکرێت ئیشی پێ دەکەین، ئەو زانیارییانەی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پێمان دەگەن، ئەوان دەتوانن لەکۆتایی ساڵی داھاتوودا پێداویستیی غازی سروشتی بۆ ھەموو وێستگەکانی کارەبا دابین بکەن، ئەوەش پلانی ئەوانە، کە بە ئێمەیان داوە".

پێی وایە، ژێرخانی بەرھەمھێنانی کارەبا بەلای ئەوانەوە جێگەی بایەخدانە، بۆ ئەوەی بتواندرێت پێداویستیی کارەبا پڕ بکەنەوە.

دیار بابان ئاشکراشی کرد، لە ھەرێمی کوردستان ١٣ وێستگەی بەرھەمھێنانی کارەبایان ھەیە.

لە سەرێکی ترەوە، ئەو بەرپرسەی کارەبا ئەوەی راگەیاند: "ئەو کارەبایەی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە ٩٠%ی ھی کەرتی تایبەت و وەبەرھێنەرانی خۆماڵییە، حکوومەت سێ وێستگەی کارەبای ھەیە، دوکان و دەربەندیخان و وێستگەی ھەڵمیی خەبات، ئەوەی تر ھەمووی وەبەرھێنان و کەرتی تایبەتن، وەبەرھێنەرانی کەرتی تایبەت زۆر زۆر ھاوکار بوونە".

باسی لە خەرجیی بەرھەمھێنانی کارەبا کرد و روونی کردەوە، پێشووتر خەرجییەکانیان زۆر زیاتر بوو، بەڵام ئێستا زۆر کەم بووەتەوە: "پێشووتر بەشی زۆری وێستگەکانی کارەبا بە گازوایل کاریان دەکرد، گازوایلیش گرانە، بۆیە ئێستا ئێمە کار بە غازی سروشتی دەکەین، تەنیا لە دھۆک یەک یەکە بە گازوایل کار دەکات، چونکە بۆڕیی غاز نەگەیشتووەتە ئەو شوێنە، پێشووتر بۆ بەرھەمھێنانی یەک کیلۆوات سەعات کارەبا ٢٢ سەنتی تێدەچوو، ئێستا کە بە غاز کار دەکەین، ناگاتە ٩ سەنت”.