كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ماکرۆن بۆ ڕێبەرانی لوبنان: ئەگەر پابەندی چاکسازییەکان نەبن سزا دەدرێن

سەرکۆماری فەڕەنسا کە دوێنێ سێشەممە سەردانی لوبنانی کرد و لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕێبەران و لایەنە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە گوتی لە ئەگەری ڕێکنەکەوتن و ئەنجامنەدانی چاکسازی لەو وڵاتە، سزا دەدرێن و یارمەتییەکانی بۆ لوبنان ڕادەگرێت.

دوێنێ سێشەممە 2020.9.1 ئیمانوێل ماکرۆن لە بەیرووت هۆشداری بە ڕێبەران و لایەنە سیاسییەکانی لوبنان دا کە تاکوو مانگۆ ئۆکتۆبەر دەرفەتیان هەیە دەست بە چاکسازی بکەن، لە ئەگەری ئەنجامنەدانی چاکسازی، یارمەتییە داراییەکانی فەڕەنسا ڕادەگیرین و تەنانەت ڕەنگە سزاش بدرێن.

سەرکۆماری فەڕەنسا کەلە پرێس کۆنفرانسێک لە بەیرووت قسەی دەکرد، ئاشکرای کرد ڕێبەرانی لوبنان لەسەر پێکهێنانی دەوڵەتێکی گشتگیر و فرە پێکهاتە ڕێک کەوتوون لە چەند هەفتەی داهاتوودا ڕای دەگەیەنن.

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا و پاش تەقینەوە بەهیزەکەی بەیرووت، ئەمە دووەمین سەفەری ئیمانوێل ماکرۆنە بۆ لوبنان.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆیتەرز ئیستا لوبنان تووشی قووڵترین قەیرانی سیاسی و ئابووری بووەتەوە و پێشتر وەزیری دەرەوەی فەڕەنساش هۆشداریی دابوو کە ئەو وڵاتە لەبەردەم لێک هەڵوەشاندایە.

ئەم هەوڵانەی فەڕەنسا بۆ لێکنزیککردنەوەی لایەنەکانی لوبنان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران و کابینەی نوێی حکوومەت، لە کاتێکدایە کە ئاژانسی (ڕۆیتەر) لەزاری بەرپرسانی باڵای لوبنان و چەند سەرۆکوەزیری پێشووتری ئەو ولاتەوە ئاشکرای کرد کە لایەنە سیاسییەکانی لوبنان لەسەر هەڵبژاردنی مستەفا ئەدیب ڕێک کەوتوون و هەوڵەکان لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەستیان پێ کردووە.