فیلمی (خەونەکانى پیاوە پرتەقاڵییەکە) لە عەفرین پێشبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵات دەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

فیلمی (خەونەکانى پیاوە پرتەقاڵییەکە) لە عەفرین پێشبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵات دەکات

کورتە فیلمی (خەونەکانی پیاوە پرتەقاڵییەکە) Orange Man Dreams لە دەرهێنانى (شیرین جیهانى) خانمە دەرهێنەری کورد، کە تا ئێستا لە دەیان فێستیڤالى نێودەوڵەتى و ناوخۆیی بەشداریى کردووە و خەڵاتى بەدەست هێناوە، ئێستا بەربژێرە بۆ خەڵات لە فێستیڤالى نێودەوڵەتیى "لیلوون" لە کۆمەڵگەى شەهباى سەر بە عەفرین لە رۆژئاواى کوردستان.

فێستیڤالى نێودەوڵەتیى "لیلوون"، کە ڤستیڤالێکى مەزنە و زیاتر لە 2500 فیلم لە زۆربەى وڵاتانى جیهان تێیدا بەشدارن، دوای ئەوەى لیژنەى هەڵسەنگاندن نزیکەی 50 فیلمیان بەربژێر کرد بۆ فێستیڤال، کورتە فیلمى (خەونەکانى پیاوە پرتەقاڵییەکە)ش یەکێک لە فیلمە بەهێزەکانى بەشداربوو لەم فێستیڤالەیە و ئێستا لە قۆناغی فاینالى ئەم فێستیڤالەیە و لە پێشبڕکێی دەستهێنانى خەڵاتى فێستیڤاڵەکەدا بەشدارە.

Orange Man Dreams کورتە فیلمێکە کە ڕامانى دەرهێنەر لەسەر ژیان لە سەردەمى داعش باس دەکات و گێڕانەوەى چەند گۆشەیەکە لە ژیانی کەسێکى زیندانی دەستى ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە و کەسەکە بیر لە ڕابردوو و رۆژە گەشەکانى ژیانى ئاسایى خۆى دەکاتەوە و چەندین بابەتى فەلسەفیى ژیان لەخۆ دەگرێت.

ئه‌م كورته‌ فیلمه‌ باس لە خەون و قۆناغەكانی ژیانی كەسیكی ئاسایی دەكات كە كەوتووەتە زیندانەكانی داعش، ئه‌م كه‌سه‌ هه‌موو ئه‌و رۆژه‌ خۆشانه‌ی دێته‌وه‌ یاد كه‌ به‌رله‌ زیندانیكردنی له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێ و كه‌سوكاری به‌سه‌ر بردووه‌ و به‌م خه‌یاڵانەوە‌ ده‌ژیت، هه‌ره‌وه‌ها فیلمه‌كه‌ باس لە رەفتار و ڕووداوە مەرگبارەكانی داعش دەكات كە چۆن هەنگاو بە هەنگاو بە پێر مەرگەوە دەیبەن.

هه‌ریه‌ك له‌ "عه‌لی ئه‌كبه‌ر، دڵنیا كامووسی، ئارینا عیسا و ئیبۆ عه‌فرینی " رۆڵی سه‌ره‌كی له‌ فیلمه‌كه‌دا ده‌بینن، بێهنام جاك كاری وێنه‌گرتن  و مۆنتاژی فیلمه‌كەی کردووە‌ و "حوسێن قورچیان " كاری ده‌نگ و میوزیكی بۆ كردووه‌ .

خانمە هونەرمەند و دەرهێنەری کورد، شیرین جیهانى سالى 2016 ئەم کورتە فیلمەی بەرهەم هێناوە و تا ئێستاش بەردەوامە لە بەشدارى لە فێستیڤاڵەکان، ساڵى 2019 لە فێستیڤاڵى نێودەوڵەتی سینەمایی دژە تیرۆر لە هەولێر خەڵاتى یەکەمی پێ بەحشرا، هەروەها لە فێستیڤاڵی "سینەما لە نیگاى ئافرەتدا" بە هەمان شیوە بە یەکەم و لە کەنەدا خەڵاتى بوێریى دەرهێنەر و لە فێستیڤالى (Tally) لە ئەمریکا و (Pune) لە هیندستان خەڵاتى وەرگرتووە، هاوکات لە چەندین فێستیڤاڵى وڵانى دیکەش بەشداریی کردووە..

شیرین جیهانی لە ساڵی 1980 لە شاری مەهاباد لەدایک بووە، بەشی زمان و ئەدەبی فارسیی لە زانکۆی مەهاباد تەواو کردووە، دواتر بەشداریی لە کۆرسی سینەمادا کردووە. دەرهێنەریی چەندین کورتە فیلم و فیلمی دۆکیومێنتارییە و لە ساڵی 2004وە  لە هەرێمی کوردستان دەژیت.