كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

وەزارەتی بازرگانی: لە حەوت مانگدا نزیکەی 40 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە

"بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پار 60 هەزار ئۆتۆمبێل کەمی کردووە"

بەپێی ئامارێكی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، لە 7 مانگی  ئەمساڵدا نزیكەی 40 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە.

لە نووسراوێکی فەرمیی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا کە وێنەیەکیشی بۆ (باسنیوز) نیردراوە، هاتووە: "لە سەرەتای ئەمساڵەوە مانگانە 8 هەزار بۆ 10 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرا، بەڵام بەهۆی هاتنی كۆرۆنا و كەرنتینە ژمارەكە لە مانگی 3 و مانگی 4  دابەزیوە بۆ 2 هەزار بۆ 3 هەزار ئۆتۆمبێل، دواتر بەرز بووەتەوە بۆ 5 بۆ 6 هەزار ئۆتۆمبێل".

بەپێی هەمان ئامار لە 7 مانگی ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 100 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێمی كوردستان كراە، بۆیە بەراود بە ساڵی پار،  ئەمساڵ 60 هەزار ئۆتۆمبێل كەمی كردووە.

بەپێی داتاكان لە ساڵانی 2017 و 2018 و 2019دا زیاتر لە  358 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردە كراوە. زیاتر لە 80%ی ئەو ئۆتۆمبێلانەش دوای تابلۆكردن هەناردەی شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق كراون.

 لەمبارەوە نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ئەو 40 هەزار ئۆتۆمبێلەی ئەمساڵ هاوردە كراوە، زۆربەی بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق چووە و بەشێكیشی لە بازاڕەكانی كوردستان ساغ بووەتەوە".

ئاماژەی ەبوەش کرد: "كۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆی نێوان شارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، قەیرانی دارایی، بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ رێگری لە هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی لێدراو و ژێر ئاوكەوتووی ئەمریكی، كاریگەریی زۆریان لەسەر بازرگانیی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل هەبووە".

زیاتر لە 300 کۆمپانیای کەرتی تایبەت کاری هێنانی ئۆتۆمبێل بۆ ناوەوەی هەرێمی  کوردستان دەکەن و لەو ماوەیەدا زیانی زۆریان بەركەوتووە.