دەستەی گەشتوگوزار: پابەندبوون بە رێنوێنییە تەندروستییەکان کراوەتە مەرج لەسەر هاتوچۆی گەشتیاران
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دەستەی گەشتوگوزار: پابەندبوون بە رێنوێنییە تەندروستییەکان کراوەتە مەرج لەسەر هاتوچۆی گەشتیاران

دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ئاشکرای دەکات، کرانەوەی ڕێگای نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بووەتە هۆی بوژانەوەی کەرتی گەشتیاری و جوڵەی خستۆتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانەوە.

نادر ڕۆستی، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەستوگوزاری هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند:  "کرانەوەی ڕێگای نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی کە بەهۆی پەتای کۆڕناوە داخرابوون، کاریگەری دەبێت لەسەر بوژانەوەی کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا ناتوانین کاریگەرییەکان بە تەواوی بزانین چونکە تا ئێستا بە تەواوی دەرنەکەوتووە، بەڵام بە گشتی کاریگەری دەبێت لەسەر بوژانەوەی بازاڕ و سەرجەم کەرتەکانی دیکەش، لەبەر ئەوەی کە گەشتیار زۆر بوو بازاڕیش دەبوژێتەوە و جوڵەی پێ دەدات و دەبێتە هۆی ئاسایی بوونەوەی دۆخی کەرتی گەشتیاری، کە ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان، دەکرێت ئەو کاریگەرییە لە ڕۆژانی داهاتوودا دەربکەوێت، چونکە نازاندرێت ژمارەی ئەو گەشتیارانە چەندە کە هاتوونە کوردستان".

گوتیشی:   "ئەو گەشتیارانە زیاتر لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە ڕوودەکەنە هەرێمی کوردستان و هەر وڵاتێک کەرتی گەشتیاری لێ بە گەڕ کەوت زیاتر لە 22 جۆری لایەنی تری ئابووری بەگەڕ دەخات و دەبێتە هۆی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان، زیاتر لە 50 جۆری جوڵەی ئابووری و کار و پیشە لەگەڵ خۆی بەگەڕ دەخات، چونکە بەدەر لە هەلی کار لە بواری گەشتیاریدا هاوکات هەلی کار لە بازارەکانیشدا جوڵەی تێدەکەوێت”.

ڕاشیگەیاند:  "جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان بۆ گەشتیاران کراوە بە مەرج و لە لایەن لیژنەی تایبەتەوە ڕێنماییەکان دراوە بە شوێنە گەشتیارییەکان و ماسک و دەستکێش و پۆستەر دەدرێت بە گەشتیاران و  لە لایەن دەستەی گەشتوگوزارەوە سەرجەم شوێنەکان ئاگادار کراونەوە کە پۆستەری پاکوخاوێنی و ڕێنماییە تەندروستییەکان بۆ گەشتیاران هەڵبواسن و بەسەریاندا دابەشی بکەن، بەڵام لە شوێنە گەشتیارییە کراوەکان ناتواندرێت وەکو پێویست لێپێچینەوە لەگەڵ گەشتیاران بکرێت".

ڕوونیشیکردەوە، ناکرێت بڵێین کەرتی گەشتیاری قەرەبوو دەبێتەوە دوای پەتای کۆڕۆنا، لەبەر ئەوەی تا ماوەی چەند ساڵێک ئاسەواری ئەو زەرەر و زیانانە دەمێنێ کە بەر کەرتی گەشتیاری کەوتووە لە ماوەی پەتای کۆڕۆنادا.