سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ڕایدەگەیەنێت، لە وڵاتی ئیتاڵیا لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا چوار کۆچبەر گیانیان لەدەست دا و پێنج کۆچبەریش زامدار بوونە.
ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، بە (باسنیوز) ی ڕایانگەیاند: "لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا لە ئیتاڵیا چوار کۆچبەر گیانیان لەدەستدا و پێنجی دیکەش بریندار بوون، پاش ئەوەی بەلەمی ژمارەیەک کۆچبەر لە نزیک سنووری باشووری ئیتاڵیا گڕی گرت".
ڕاشیگەیاند: "بەلەمەکە 20 کەسی تێدا تێدابووە ئاگری گرتووە و لە نزیک سنووری کالابریانی ئیتاڵیا بووە، هۆکاری ئاگرەکە بزووێنەری بەلەمەکە بووە کە پاشان بووەتە هۆی تەقینەوە و ئاگرێکی گەورە”.
گوتیشی: "دوای بەدواداچوونەکانی نوێنەرایەتی دەزگای لوتکە لە ئەورووپا و بە پێی گوتەی ڕزگاربووەکان بەلەمەکە خەڵکی سریلانکا و میسر و سۆماڵ و پاکستانی و عێراقیشی تێدا بووە، ئەو 10 کەسەی ڕزگاربوونە تەمەن لە خوار هەژدە ساڵەوەیە و 12 کۆچبەریشیان نێردراون بۆ سەنتەری پێشوازی لە کرۆتۆن".