ململانێی نێوان ئەردۆغان و وەزیری ناوخۆ لەسەر چییە؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ململانێی نێوان ئەردۆغان و وەزیری ناوخۆ لەسەر چییە؟

"سولەیمان سۆیلو بە دەست لەکارکێشانەوە کورد لە خۆی نزیک دەکاتەوە"

سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی توركیا، چەند مانگێك بەرلە ئێستا، دەستی لەكار كێشایەوە، ئەو ئاماژەی دا كاتێك بڕیاری دا بۆ ٤٨ سەعات قەدەغەی هاتوچۆ رابگەیەنێت و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی قەرەباڵغی لە ماركێت و سەموونحانەكاندا دروست ببێت، بڕیارەكەی جوان نەخوێندبووەوە، بۆیە دەست لە كار دەكێشێتەوە.

بەپێی زانیارییەکان سۆیلۆ هەرگیز بە هۆكارێكی لەو شێوەیە لە پۆستێكی وا باڵادا دەست لەكار ناكێشێتەوە، بەڵكوو چەندین كێشەی تر لە گۆڕێدان  کە پێشتر کەڵەكە بوون و ئەویش بە دەە زانی بیقۆزێتەوە و واز بهێنێت.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا  لە سۆیلو زیرەكتر بوو، دەست لەكاركێشانەوەكەی رەت كردەوە و گوتی بڕۆ سەر كارەكەت و بەردەوام بە، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەكانی عەبدولقادر سەلفی نووسەری زۆر نزیكی ئەردۆغان، كاتێك سۆیلو دەستی لەكار كێشاوەتەوە، ئەردۆغان پێی گوتووە: "سەبر سولەیمان، سەبر".

لە بەرنامە و ئایدۆلۆژیای ئەردۆغاندا نییە وەزیرێك یان بەرپرسێكی باڵا بە ویستی خۆی دەست لەكار بكێشێتەوە، بەڵكوو ئەو ناچاریان دەكات دەست لەكار بكێشنەوە، تا بە رای گشتیی توركیا بڵێت ئەمە كەتنی كردووە بۆیە دەردەكرێت. نموونە ئەحمەد داودئۆغلو سەرۆكوەزیرانی پێشووی توركیای ناچار بە دەست لەكاركێشانەوە كرد، هەروەها مەلیح گۆكچەك سەرۆكی شارەوانیی ئەنقەرەی ناچار بە دەست لەكاركێشانەوە كرد.

راستە سۆیلو دەستی لەكار كێشایەوە و ئەردۆغان رەتی كردەوە، بەڵام ئەمەی بەسەردا تێناپەڕێت و ئەرۆدغان تۆڵەی توندی لێ دەكاتەوە. ئەگەر زۆرە دوای نەمانی پەتای كۆرۆنا ئیدی حیساباتی خۆی لەگەڵ سۆیلو بكات، چونكە بەرلەوەی دەست لەكار بكێشێتەوە، ئەردۆغان بە تەلەفۆن پێی گوتووە بڕیارێكی لەو شێوەیە مەدە، بەڵام بە گوێی ئەردۆغانی نەكردووە.

دەبێت ئەوەش باس بكرێت، بەرات ئالبەیراك زاوای ئەردۆغان بە هەموو شێوەیەك سۆیلو رەت دەكاتەوە، ئەو هەموو هەوڵێك دەدات سۆیلو لە وەزیری بخات و بینێرێتە ماڵەوە، بۆیە رەنگە ئەردۆغان نازی زاواكەی هەڵبگرێت و سۆیلو لە وەزیری بخات، هەربۆیە سۆیلوش هەستی بەو مەترسییە كردووە، ناچار ئەم بارودۆخەی بە هەل زانیوە تا بەرلەوەی دەری بكەن خۆی دەست لەكار بكێشێتەوە، بەڵام بیری چووە هەر دەبێت ئەردۆغان دەری بكات، نەك خۆی بڵێت ماڵااوا.

پێشتریش لەناو ئاكەپەدا رەخنەی زۆر لە سۆیلو گیرا، بەوەی بەرامبەر بە كورد توندە و ئەوەندە جنێو دەدات و دڕندەیە، بۆیە كوردە ئاكەپەییەكان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٣١ی ٣ی ٢٠١٩ دەنگیان بە ئاكەپە نەدا و ئەو پارتەش تووشی شكستێكی گەورە بووەوە.

بۆ راكێشانی دەنگی كورد، بەتایبەت كوردە موحافیزكارەكانی ئیستانبۆڵ و باكوور، پێویست دەكات سۆیلو لە وەزیری ناوخۆی توركیا نەمێنێت.

كەواتە سۆیلو دەیزانی رۆژێك ئەردۆغان هەر دەریدەكات، بۆیە ویستی بەرلەوەی گورزی لێ بدرێت خۆی رزگار بكات، بەڵام ئەردۆغان لەو زیرەكتر بوو و، نەیهێشت لە تەڵەكەیدا رزگاری ببێت. بۆیە دەبێت چاوەڕێ بین تا ئەو رۆژەی ئەردۆغان سۆیلو بانگی كۆشكی كۆماری دەكات و پێی دەڵێت بڕۆ بڵێ لەسەر داوای ئەردۆغان دەست لەكار دەكێشمەوە، بە دڵنیاییەوە ئەمەش دڵی كوردانی باكوور خۆش دەكات.