كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران: ڕۆژانە نزیكەی 4 هەزار گەشتیار سەردانی سنوورەكەمان دەكەن

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، ڕای گەیایند بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە یەكشەممە هاتنی گەشتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق لە رێگەی گرووپە گەشتیارییەكانەوە دەست پێبكاتەوە و ئاشکرای دەکات ڕۆژانە نزیکەی چوار هەزار گەشتیار سەردانی سنوورەکە دەکەن.

  بارزان محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەمان هەر چوار قەزاكانی (سۆران، رواندز، مێرگەسۆر و چۆمان) لەخۆ دەگرێت و بەمەبەستی پێدانی رێنمایی بە خاوەن شوێنە گەشتیارییەكان و پێشوازیكردن لە گەشتیاران، بە بەردەوامی سەیرانگەكانی سنوورەكەمان بەسەر دەكەینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی لە هەموو گرینگترە پابەندبوونی هەموو لایەكە بە رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا".

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، گوتیشی: "دوای بڕیاری كرانەوەی رێگای نێوان پارێزگاكان، ژمارەی هاتنی گەشتیارانی بۆ سنوورەكەمان بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، كە رۆژانە نزیكەی 4 هەزار گەشتیار دێنە دەڤەرەكە، بەتایبەتیش رۆژانی هەینی زیاتر لە 15 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی سنوورەكەمان دەكەن".

  بارزان محەمەد ئەوەشی خستەروو: "زۆربەی گەشتیارانی عەرەب بە ئۆتۆمبێلی تایبەتیی خۆیان سەردانی هەرێمی كوردستان و سنوورەكەمان دەكەن، بەڵام بڕیارە لە ئەمڕۆ یەكشەممە 30/8/2020 گرووپە گەشتیارییەکان بۆ هێنانی گەشتیار لە شار و شارۆچكەو ناوچەكانی عێراق دەست پێ بكاتەوە، بەمەش رێژەی هاتنی گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتیارییەكانی سنوورەكەمان زیاتر روو لە بەرزبوونەوە دەكات".

سنووری سۆران بە بە هەر چوار قەزاکانی (سۆران، ڕواندز، میرگەسۆر و چۆمان) و بەپێی هەڵکەوتەی جوگرافییان هەرکامەیان چەندین سەیرانگە و شوێنی گەشتیارییان تێدایە و زۆریان خزمەتگوزاریی پێشوازی لە گەشتیاریان تێدایە و ئەمەش بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگی گەشتیاری بۆ ناوچەکە و بژیوی خەڵکی ئەو دەڤەرانە.

 ناوچە گەشتیارییەکانی (بێخاڵ، گەلی عەلی بەگ، وەرتێ، گۆمی فێڵاو، بناری حەسەنبەگ، چیای کۆڕەک و...) لە ناوچە گەشتیارییە گرنگەکانی سنوورەکەن.