سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: هەرێمى کورستان ئەو چانسەى هەیە کە ببێتە ناوەندێکى ئابووریى بەهێز
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: هەرێمى کورستان ئەو چانسەى هەیە کە ببێتە ناوەندێکى ئابووریى بەهێز

 

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانى هەرێمی کوردستان رایگەیاند بە ئامانجى بنیادنانى ژێرخانێکى بەهێزى ئابووری بۆ کوردستان،کابینەى نۆیەم گرنگییەکى تایبەت بە وەبەرهێنانى بیانى دەدات بە تایبەت لە کەرتى کشتوکاڵ و پیشەسازیدا.

د.محەمەد شوکرى، بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "لە چوارچێوەى کارنامەى کابینەى نۆیەمدا حکوومەتى هەرێمی کوردستاندا گرنگیی زۆرى بە وەبەرهێنانى بیانى لە هەرێم دەدرێ، بەتایبەت لە کەرتى کشتوکاڵ و پیشەسازى کە هۆکارى بنەڕەتین بۆ بنیادنانى ژێرخانێکى بەهێزى ئابووریى بۆ کوردستان،ئەمەش بەیاسا رێکخراوە بۆ ئەوەى وەبەرهێنى بیانى هان بدەین بێ لە کوردستان وەبەرهێنان بکات".

راشیگەیاند: " هەرێمى کورستان ئەو چانسەى هەیە ببێتە ناوەندێکى ئابووریى بەهێز، بۆ دابینکردنى خواستى عێراق بۆ کەلوپەل و پێداویستى رۆژانە، ئەمەش لەرێگەى هاندان و ئاسانکارى زیاتر بۆ وەبەرهێنى بیانى، کە چەندین جار سەرۆکوەزیرانى هەرێمی کوردستان ئاماژەى پێداوە".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد" ئەوەى گورزى بەهێزى لە بوارى وەبەرهێنانداوە لە هەموو جیهان، پەتاى کۆڕۆنایە هەرێمى کوردستانیش بەدەر نییە لەو بابەتە، چونکە لەسەرەتاى ئەمساڵەوە ژمارەیەکى زۆرى کۆمپانیاى گەورە و بەئەزموونى بیانى هاتنە کوردستان و دەستبەکاربوون، بەڵام دواى تەشەنەکردنى کۆڕۆنا زۆربەى کۆمپانیاکان بە ناچارى کارەکانیان راگرت".

ئەوەشى خستەڕوو" بەهۆى ئاسایبوونەوەى دۆخەکە ئێستا خەریکە کۆمپانیا بیانیەکان دەست بەکار دەکەنەوە و رۆژانە لەگەڵ ئێمە لەسەرهێڵن بۆ ئەنجامدانى ئاسانکارى و پێدانى زانیارى، لە ساڵى 2006 ەوە تائێستا 44 پڕۆژە لەلایەن کۆمپانیا بیانیەکان و 29 پڕۆژەش بەهاوبەشى لەگەڵ وەبەرهێنەرانى ناوخۆیى ئەنجامدراون، راستە لە رووى ژمارەوە پڕۆژەکان زۆرنین، بەڵام کاریگەریى باشیان هەیە لەسەر دۆخى ئابووریى هەرێم".