نرخی مریشک لە سلێمانی بەرز بووەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

نرخی مریشک لە سلێمانی بەرز بووەوە

کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان ڕوونکردنەوەی دا


لە بازاڕەكانی سلێمانی نرخی مریشك بەرز بووەتەوە و کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانیش دەڵێ لە ماوەی هەشت مانگدا بڕی ٢٥ ملیار دینار زیان بەر خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان کەوتووە.


نازم عەبدوڵا جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند مریشک نرخی بە شێوەیەكی وەها بەرز نەبووەتەوە كە زیان و زەرەری خاوەن کێڵگەکان پڕ بکاتەوە، بەڵكو ئەم بەرزبوونەوەیە کاتیە و لەناو کێڵگە پەلەوەرییەکان مریشك بە دوو هەزار و ٤٠٠ دینار دەفرۆشرێ، لە کاتێکدا دوو هەزار و ٢٥٠ دینار بڕی تێچوونیەتی.


گوتیشی تا ئێستا نیوکاسڵ لەناو کێڵگە پەلەوەرییەکان هەر ماوە و ڕۆژانە چەندین مریشک بەم هۆیەوە مردار دەبنەوە، دەبنە زیان بۆ خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان و تا ئێستا زیانی بە ٨٠٪ی کێڵگەکان گەیاندووە.


ئەوەشی خستەڕوو كە لە سەرەتای مانگی سێی ئەمساڵەوە تا کۆتای مانگی هەشت، بە بڕی ٢٥ ملیار دینار زیان بەر خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان کەوتووە.


جێگری سەرۆکی کێڵگە پەلەوەرییەکان ئاماژەی بەوەش کرد كە بە تەنها لە پارێزگای سلێمانی ساڵانە بڕی ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ هەزار تۆن مریشکی زیندوو بەرهەم دەهێندرێ، بۆیە داواکارن لە هەموو لایەنەکان و ڕاگەیاندنەکان پشتیوانی ئەم کەرتی ناوخۆییە بکەن و نەیەڵن تووشی داڕمان بێت.