هەڵبژاردنی داهاتوو پاشەكشە بە هەژموونی ئێران لە عێراق دەكات؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

هەڵبژاردنی داهاتوو پاشەكشە بە هەژموونی ئێران لە عێراق دەكات؟

چاودێرێك: ئێران توانای كۆكردنەوەی گرووپە جیاوازەكانی لایەنە عەرەبییە شیعییەكانی هەیە

چاودێرانی سیاسی بۆچوونی جیاوازیان لەبارەی ڕۆڵی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق لە پاشەكشەكردن بە هەژموونی ئێران لەسەر عێراق هەیە و هەندێك وای دەبینن كە ئێران سەرکەوتوو بووە لە دەستبەسەرداگرتنی جومگە سەرەكییەكانی عێراق و لە رووی کۆمەڵایەتیشەوە ڕۆچووەتە ناو تەواوی ژیانی عەرەبە شیعەکانی عێراقەوە، بەم هۆیەشەوە هەڵبژاردنی داهاتوو هەژموونی ئئێران كەم ناكاتەوە، بەپێچەوانەشەوە هەندێك بۆچوونیان وایە كە بارودۆخی نوێی عێراق و سیستەمی هەڵبژاردن ڕۆڵیان لە كەمكردنەوەی هەژموونی ئێران دەبێت.

د. سامان شاڵی، چاودێری سیاسی و شارەزا لە سیاسەتی ئەمریکا بە (باسنیوز)ی راگەیاند، لە دوای رووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەرەوە، ئەمریکا بە رژدتر کاری بۆ ئەوە کردووە كە هەژموونی ئێران لەسەر عێراق كاڵ بكاتەوە، بەشێوەیەک جڕنووکەکانی ئێران لە نێو جەستەی هێزە عەرەبییە شیعیەکاندا ببڕێت.

ڕوونیشی كردەوە: ”لە سەردانەکەی مستەفا کازمی، سەرۆك وەزیران عێراق، ئەمریكا بە روونی ئەوەی بە بەرپرسە عێراقییەکان راگەیاندووە کە پێویستە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنەوە، بێگومان ئەمە لە رووی سەربازییەوە کار بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران دەکات، لە رووی سیاسیشەوە هانی هێزە عێراقییەکان دەدات كە زیاتر سەربەخۆ بن و دوور بن لە هەژموونی ئێرانەوە، بێگومان بۆ هەڵبژاردنیش ئەوە ئەمریکا زیاتر هەوڵ دەدات ئەو هێزە عێراقییانە بڕۆنە پێشەوە کە لە ژێر هەژموونی ئێراندا نین“.

لە لایەن خۆیەوە د. هاوار نێروەیی كە شارەزایی لەبارەی گرووپەكانی حەشدی شەعبی هەیە، بە (باسنیوز)ی راگەیاند، زیاتر لە حەفتا گرووپی حەشدی شەعبی و دەیان لایەنی سیاسی لە نێو هێزە عەرەبییە شیعییەکان لە عێراقدا هەن کە هەموان خاڵی جیاوازیان زۆرە، تەنانەت مەترسی بەیەکدادانی چەکداریشیان لێ دەکرێ، بەڵام لە دۆخێکدا ئەگەر ئێران بیەوێت، دەتوانێت ئەو هێزانە لە نێو یەک ئاراستە و لیستی سیاسی بۆ هەڵبژاردن کۆبکاتەوە.

ڕوونیشی كردەوە كە مانەوەی توانای ئێران بۆ كۆكردنەوەی ئەو گرووپانە، ”پێمان دەڵێت کە لە هەڵبژاردنی داهاتووشدا ئێران لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا پاشەکشە ناکات“. گوتیشی: ”ئەگەر ئیدارەی ترەمپ بە ئابڵوقەی ئابووری سەرکەوتوو بووبێت لە لاوازکردنی ئێران لە نێو خۆیدا، بەڵام لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە کە هەژموونی ئێران لە عێراق کەمبکاتەوە، چونکە تاوەکوو ئێستاش تەواوی جومگە سەرەکییەکانی عێراق بەدەستی ئێرانەوەیە و تەنانەت ئێران رۆچووەتە نێو ژیانی کۆمەڵایەتیی عێراقییەكانیشەوە، بە تایبەتی عەرەبە شیعەکان و تەنانەت لە دوای ١٦ ئۆکتۆبەرەوە بە کردنەوەی حوسەینیە لە ناوچە كوردستانییەكانیش قەڵەمڕەوی خۆی درێژکردوەتەوە“.

ئەو چاودێر و شارەزا سیاسییە پێیوایە تەواوی سەرکردە باڵاکانی عەرەبی شیعە لە ژێر هەژموونی ئێراندان و دەڵێت: ”لە هەر دۆخێکی هەڵبژاردندا هەر ئەوانە دووبارە دێنەوە پێشەوە و دەسەڵات وەردەگرنەوە، کەوابێت، ئێران هەر لە عێراقدا بە باڵا دەستی دەمێنێتەوە“.

پێشتر بەها ئەعرەجی سەركردە لە ڕەوتی سەدر و جێگری پێشووتری سەرۆك وەزیرانی عێراق بە (باسنیوز)ی راگەیاندبوو، لەلایەن ئێرانەوە هەوڵێك هەیە تاوەكو هێز و لایەنە شیعییەكان لە چوارچێوەی یەك هاوپەیمانییەتی كۆبكاتەوە و پێكەوە بچنە نێو هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق.

ئەوەشی ئاشكرا كردبوو، هەندێك لە لایەنە عەرەبییە شیعییەكان ئەو پێشنیازەیان ڕەت كردووەتەوە، چونكە بارودۆخ لە عێراقدا گۆڕاوە و وەك پێشتر نەماوە. گوتیشی “یاسای هەڵبژاردن و بە دیاریكراوییش شێوازی دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن، شێوازی هاوپەیمانیەتییەكانی هەڵبژاردن دەستنیشان دەكەن”.

ئەعرەجی لە لێدوانەكەیدا بۆ (باسنیوز) جەختی كردەوە كە ئەگەر هەر پارێزگایەك وەك یەك بازنەی هەڵبژاردن دابنرێ، ئەوا دەكرێ هاوپەیمانییەتیی تەقلیدی وەك پێشتر هەبێت، بەڵام ئەگەر فرە بازنەیی هەبێت، ئەم جۆرە هاوپەیمانێتییە ناكرێت.