وردەكاریی قاچاخێتی و كارە نایاساییەكانی فڕۆكەخانە و مەرزەكانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە ئاشكرا كرا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وردەكاریی قاچاخێتی و كارە نایاساییەكانی فڕۆكەخانە و مەرزەكانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە ئاشكرا كرا

ئەندامێكی لێژنەی دارایی پەرلەمان: هەندێك بەرپرس دەستیان لە پشت قاچاخچێتییەكەوە هەیە

ئەندامێكی لێژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد كە بە پشتیوانیی هەندێك بەرپرس، لە فڕۆكەخانە و مەرزەكانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجەدا قاچاخچێتی و كاری نایاسایی دەكرێت و زیان لە داهاتەكانی هەرێمی كوردستان دەدرێت.

بەهجەت عەلی، ئەندامی لێژنەی دارایی و ئابووریی پەرلەمانی كوردستان، لە یاداشتێكدا كە ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستانی كردووە و وێنەیەكی دەست (باسنیوز) كەوتووە، ئاشكرای كردووە، پاش بەدواداچوونێكی ورد بۆ كاری بازرگانی و هاوردە و هەناردە لە فڕۆكەخانەی سلێمانی و دەروازە سنوورییەكانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، بۆیان دەركەوتووە كە باندێكی بازرگانی بە پاڵپشتیی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ژمارەیەك بەرپرسی دەڤەرەكە، پێشێلكاریی یاسا و ڕێنماییە گومرگی و تەندروستییەكانیان كردووە، بێ پشكنین و ڕێكاری یاسایی دروست، چەندین كەلوپەل و خۆراكی قەدەغەكراو هاوردەی نێو خاكی هەرێمی كوردستان كراوە.

ڕوونیشی كردۆتەوە كە هەندێك لە بەرپرسانی دەڤەرەكە بەرامبەر بە وەرگرتنی بڕێك پارە  لە بازرگان و كۆمپانیاكان ئەم كارە دەكەن و لە بەرامبەریشدا بازرگانەكان بۆ خۆدزینەوە لە باجدان و گومرگ، كەلوپەلی خۆیان لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و بە هاوكاریی بەرپرسانی باڵای دەڤەرەكە بۆ نێو هەرێمی كوردستان دەگوازنەوە، بە تایبەتیش كەلوپەلی خۆراكی قەدەغەكرا و داودەرمان و گۆشتی سوور و گۆشتی مریشك و پێداویستییەكانی نێرگەلە.

ئاماژەشی بەوە داوە كە جیاوازییەكی زۆر لە نێوان دەروازە سنوورییەكانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە لەگەڵ پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك هەیە. ئەمەش ڕێگەخۆشكەر بووە تاوەكوو لە ڕێگەی فڕۆكەخانە و دەروازەكانی سلێمانی و هەڵەبجەوە كاڵاكان هاوردە بكرێن بەبێ ئەوەی هیچ داهاتێك بخرێتە سەر وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

ئەو ئەندامەی لێژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، چەند نموونەیەكی لەبارەی سەرپێچی و جیاوازییەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی و دەروازەكانی سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی، بە بەراورد لەگەڵ دەروازەكانی سنووری هەولێر و دهۆك ئاماژە پێداوە كە ئەمانەن:

١- لە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل، تڕێلەیەكی ٣٧ تەن مریشك و ڕانی مریشك، پاش پشكنین و ڕێكاری یاسایی فەرمی، بڕی ١١ هەزار دۆلار باجی گومرگی لێوەردەگیرێت، بەڵام لە دەروازەی سنووریی باشماخ بێ پشكنین و وەرگرتنی ڕێكاری یاسایی و تەندروستی و بە نافەرمی تەنیا پێنج هەزار دۆلار وەردەگیرێت.

٢- لە دەروازەی سنووریی باشماخ، بەرامبەر هاوردەكردنی تڕێلەیەك هێلكە بە شێوەی نافەرمی و نایاسایی، بڕی ١١ هەزار دۆلار وەردەگیرێت، لە كاتێكدا هاوردەكردنی هێلكە بە بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان قەدەغەیە و لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران هاوردە ناكرێن.

٣- لە فڕۆكەخانەی سلێمانی و دەروازە سنوورییەكانی پارێزگای سلێمانی، بەرامبەر هاوردەكردنی یەك كارتۆن جگەرە ١٧ دۆلار وەردەگیرێت، بەڵام لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل ٤٨ دۆلار بە فەرمی بۆ هەر كارتۆنێك وەردەگیرێت.

٤- لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل تڕێلەی ٣٤ تا ٣٧ تەنیی توتنی نێرگەلە بە شێوەیەكی فەرمی ١٧ هەزار دۆلار باجی گومرگی لێ وەردەگیرێت، بەڵام لە دەروازەی باشماخ بە نافەرمی تەنیا شەش هەزار دۆلار وەردەگیرێت.

٥- لە دەروازەی سنووریی باشماخ بەرامبەر هاوردەكردنی یەك تڕێلەی شیشەی نێرگەلە بە شێوەیەكی فەرمی و نایاسایی پێنج هەزار دۆلار وەردەگرێت، لە كاتێكدا بە بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوردەكردنی شیشەی نێرگەلە قەدەغەیە.

٦- بەهۆی ئەو جیاوازییەی لە پێدانی باج هەیە، زۆر لە بازرگانان ڕوو لە دەروازە سنوورییەكانی باشماخ و پەروێزخان و خاڵە سنوورییە نافەرمییەكانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەكەن، بەم هۆیەشەوە داهاتەكانی دەروازەكانی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران كەم بۆتەوە.

٧- لە سلێمانی دیاردەیەكی ئاشكرا هەیە كە ئەویش نووسینگەی كارئاسانییە بۆ قاچاخچییان، لە بەرامبەر بڕێك پارە، كارئاسانی بۆ قاچاخچییان دەكرێت تاوەكوو كەلوپەلە بازرگانییەكانیان هاوردە بكەن.