ڕۆژنامەی تایمز: گرژیی نێوان توركیا و یۆنان شەڕێكی نوێ دەهێنێتە ئاراوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ڕۆژنامەی تایمز: گرژیی نێوان توركیا و یۆنان شەڕێكی نوێ دەهێنێتە ئاراوە

توركیا بەتەنیا ماوەتەوە و فەڕەنساش هێز لە قوبرس كۆ دەكاتەوە

توركیا هەموو هەوڵەكانی خۆی چڕ كردووەتەوە تا لە دەریای سپی بگاتە ئامانج و، نەوت و گازی سروشتی بدۆزێتەوە، لە بەرامبەردا یۆنان و فەڕەنسا و چەند وڵاتێكی تری عەرەبی رووبەڕووی توركیا بوونەتەوە و نایەڵن ئەو خەونەی توركیا بێتە دی.

رۆژنامەی (تایمز)ی بەریتانی (The Times) لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە شەڕی توركیا و یۆنان لەسەر گازی سروشتی دەریای سپی گەورە دەبێت.

ئیمارات بە فڕۆكەی F16 لە دەریای سپی چاودێری كەشتییەكانی توركیای كردووە، چەند هێزێكی گەورەی دەریایی فەڕەنسا و یۆنانیش بە هەمان شێوە چاودێریی كەشتییەكانی توركیا دەكەن و، مانۆڕی سەربازیشیان لە دەریای سپی دژی توركیا ئەنجام داوە، بەڵام توركیا گوێ بەو هەڕەشانە نادات و، بە چوار كەشتییەوە بە دوای گازی سروشتیدا دەگەڕێت.

(تایمز) لە راپۆرتێكدا لەبارەی گرژیی نێوان توركیا یۆیان لە دەریای سپی، ئاماژەی داوە كە گەورەبوونی ئەو گرژییە وای كردووە، كە وڵاتانی تری ناوچەكەش بێنە ناو یارییەكە و دژی یەكتری بوەستنەوە، ئەم ڕووداوانە دوای ئەوە هاتوونەتە ئاراوە کە بۆ گەڕان بە دوای گازی سروشتی لە دەریای سپی، توركیا رێككەوتنی لەگەڵ لیبیادا ئەنجام دا.

میدیاكانی توركیا پێیان وایە شەڕی نێوان یۆنان و توركیا روو نادات، چونكە بە هەموو پێوەرێك یۆنان ئەو هێزەی نییە بتوانێت رووبەڕووی توركیا ببێتەوە، لە بەرامبەردا میدیاكانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی توركیا پێیان وایە، فەڕەنسا و چەند وڵاتێكی تری وەكوو سعوودیە و میسر و ئیمارات، هاوكاریی سەربازیی یۆنان دەكەن لە ئەگەری شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی (تایمز)دا ئاماژە بەوەش کراوە فەڕەنسا هێزێكی زۆری لە دەورووبەری قوبرس كۆ كردووەتەوە، لە ماوەی یەك هەفتەشدا چەندین كەرەستەی سەربازیی رەوانەی یۆنان و قوبرس كردووە و چوار فڕۆكەی جەنگیشی هەر لەو ناوچەیە جێگیر كردووە.

یەكێك لەو هۆكارانەی وای كردووە فەڕەنسا پشتگیری لە یۆنان بكات دژی توركیا، ئەو دوو وڵاتە رێككەوتنیان كردووە، كە كۆمپانیاكانی فەڕەنسا بە دوای گازی سروشتیدا دەگەڕێن و ئەوانیش بەشیان لەو گازە دەبێت، بەڵام توركیا لەگەڵ هیچ وڵاتێك گرێبەست و رێككەوتنی نەكردووە، بەڵكوو دەڵێن ئێمە كۆمپانیای خۆمانمان هەیە و پێویستمان بە هیچ كۆمپانیایەك نییە تا گازی سروشتیمان لە دەریای سپی بۆ دەربهێنێت.

لە بەشێكی تری راپۆرتەكەی (تایمز)دا هاتووە، پێشتر توركیا و یۆنان لەسەر دەریای سپی لە شەڕ لەگەڵ یەكتری نزیك بوونەتەوە، بەڵام ئەمجارەیان شەڕەكەیان لەسەر بەرهەمی بنەوەی دەریای سپیە كە گازی سروشتی تێدایە، بۆیە ئەمە وای كردووە، چەندین هێزی تری دەرەوەی توركیا و یۆنان بێنە ناو یارییەكە و خۆیان بۆ شەڕ ئامادە بكەن.

لە ململانێی دەریای سپیدا توركیا بەتەنیا ماوەتەوە، چونكە هەموو ئەکتەرە سەرەكی و یەدەگەكانی دەریای سپی دژی توركیا یەكیان گرتووە، بۆ نموونە (فەڕەنسا، یۆنان، میسر، قوبرس و ئیمارات)، هەروەها رووسیاش بە نهێنی پشتگیری لە یۆنان دەكات، چونكە ئەگەر توركیا ببێتە خاوەن گازی سروشتی خۆی، ئیدی نابێتە كڕیاری گازی سروشتی رووسیا، ئەمەش زیان بە رووسیا دەدگەیەنێت، بۆیە رووسیا هەموو هەوڵێك دەدات تا توركیا نەبێتە خاوەن گازی سروشتیی خۆی.

بۆیە توركیا هیچ رێگەچارەیەكی نییە لە رێككەوتن زیاتر، بەڵام رەنگە رێككەوتنەكە بە دڵی توركیا نەبێت و ئەمەش ببێتە هۆكاری ئەوەی دەرگای شەڕێكی گەورە لەسەر گازی سروشتی دەریای سپی بكرێتەوە.