كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

دەستەى گەشتوگوزار: شوێنە گەشتیارییەکان بە پێى رێنماییەکانى خۆپارێزى کار دەکەن

گوتەبێژى دەستەى گەشتوگوزارى هەرێمی کوردستان رایگەیاند دواى بڕیارى ئاساییکردنەوەى هاتوچۆى نێوان پارێزگاکان، شوێنە گەشتیارییەکان بە پێى رێنماییەکانى خۆپارێزى پێشوازى لە گەشتیاران دەکەن کە زۆرینەیان لە پارێزگاکانى عێراقەوە هاتوون.
نادر رۆستى، گوتەبێژى دەستەى گەشتوگوزار بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "ژمارەیەکى زۆرى گەشتیار لە پارێزگاکانى ناوەڕست و خوارووى عێراقەوە روویان کردۆتە ناوچە گەشتیارییەکانى هەرێمى کوردستان، ئەمەش دواى بڕیارەکەى وەزارەتى ناوخۆى هەرێمی کوردسان، کە هاتوچۆى نێوان پارێزگاکانى هەرێم و عێراقى ئاساییکردەوە".

روونیشى کردەوە" بە هۆى رێککارەکانى خۆپارێزى لە پەتاى کۆڕۆنا ماوەی چەند مانگێکە ناوچە گەشتیارییەکانى هەرێمى کوردستان، لەسەرجەم پارێزگاکان داخرابوون،کە بەهۆیەوە چەندین هۆتێل و مۆتێل و خانووى گەشتیارى و شوێنى حەوانەوە، چێشتخانە و میوانخانەش داخرابوون، ئەمەش زیانێکى زۆرى بەر کەرتى گەشتوگوزار گەیاند".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد "بەهۆى لەباریى کەشوهەواى هەرێمى کوردستان گەشتیاران لە پارێزگاکانى عێراق روو لە ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن، بەمەش جگە لە ناوچە گەشتیارییەکان بازاڕیش جوڵەى کردووە و خەڵکێکى زۆر گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان، تیمەکانى چاودێریش بەردەوام چاودێرى ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن، بۆیە رێنوێنییەکانى خۆپارێزى بەتەواوى جێبەجێ کراون و هەوڵدراوە کەمترین بەرکەوتن دروست بێ".